چیرۆکی ئەو مامۆستایەی لەخۆپیشاندانەکاندا شەهید بوو
مامۆستا هێرش بەئومێدی باشکردنی گوزەرانی مامۆستایانەوە گیانی لەدەست دا

- 12/29/2017 10:55:00 PM 55952 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- خۆزگە عەزیز

مامۆستا هێرش بە ئومێدی باشترکردنی گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران چووە سەرشەقام، بەڵام فیشەکێک نرا بەبڕبڕەی ملیەوەو دوای نۆ ڕۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە، بەو ئومێدەوە کۆچی دوایی کرد.

"مامۆستا هێرش کەسێکی لەسەرخۆ و هێمن بوو. ژیانێکی سادەی هەبوو و خەڵک زۆریان خۆشدەویست،" سۆران ئەبوبەکر ئامۆزای ئەو مامۆستایە، بەو شێوەیە باسی دەکات کە دوایین نۆ رۆژ لەخۆشخانە بەدیارییەوە مابوویەوە.

هێرش عومەر، تەمەن 29 ساڵ، لەخۆپیشاندانەکانی ناوەڕاستی ئەم مانگە لەشاری کۆیە لەبەردەم مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەختی برینداربوو، دوای نۆ ڕۆژ لەمانەوەی لە نەخۆشخانە لەهەولێر، دوێنی گیانی لەدەست دا و لەشارەکەی خۆی لەگۆڕستانی شەهیدان بەخاک سپێردرا.

 ئامۆزاکەی ئەو مامۆستایە باس لەساتی برینداربوونی مامۆستا هێرش دەکات و دەڵێت "لەکاتی برینداربوونیدا دوو کەس ویستوویانە بچن هەڵیبگرنەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لێیان داون و نەیانهێشتووە هەڵیبگرنەوە."


مامۆستا هێرش لەنەخۆشخانە


مامۆستا هێرش دەرچووی کۆلێژی زمان بەشی عەرەبی زانکۆی کۆیەیە و چوار ساڵە ئەو بەشەی تەواو کردووە و ماوەی دوو ساڵە بەشێوەی گرێبەست لەخوێندنگایەک دامەزرابوو، هاوکات رۆژانە لەدوکانێکی ئامێری کارەباییدا لەگەڵ هاوڕێیەکیدا کاری کردووە.

"لەکاتی برینداربوونیدا فیشەکەکە بەر بڕبڕەی شەش و حەوتی ملی کەوتبوو، پزیشکەکان لەو ماوەیەدا کە لەنەخۆشخانە بوو پێیان وتین تووشی شەلەل بووە ناتوانین هیچی بۆ بکەین، ئەگەر گوللـەکەش دەربهێنین سوودی نییە".


شوێنەواری ئەو فیشەکەی نرابوو بەملی مامۆستا هێرشەوە 


ئامۆزاکەی باس لەوەش دەکات کە دوای ئەوەی پزیشکەکانی هەولێر وتویانە ناتوانن هیچی بۆ بکەن، ئەوان بڕیاریانداوە بیبەن بۆ شاری پزیشکی فاروق لەسلێمانی بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی دەرهێنانی ئەو گوللـەیەی چەکی M4ی بۆ بکەن کە لەنێوان بڕبڕەی شەش و حەوتی ملیدا جێگیربووبوو، "دوای ئەوەی ئامادەمان کرد بۆ گواستنەوە، فریا نەکەوتین بیگوازینەوە بۆ سلێمانی و بۆ ئێوارەکەی کۆچی دوایی کرد".

مامۆستا هێرش دوو ساڵە هاوسەرگیریی کردووەو منداڵی نەبووە، لەخێزانەکەی خۆشیدا خاوەنی سێ خوشک و دوو برایە.



رۆژی 18ی ئەم مانگە زنجیرەیەک خۆپیشاندان ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوەو بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام بوو، بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دوو هاوڵاتی لەشاری رانییە شەهیدبوون و دوێنێش مامۆستا هێرش بووە سێیەم شەهیدی خۆپیشاندانەکان، هاوکات چەندین هاوڵاتیی دیکەش برینداربوون.   



نیشانەکردن :

#خۆپیشاندان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP