هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

دلێر ماوەتی: شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

- 12/29/2017 5:44:00 PM 5163 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- خۆزگە عزیز

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای سەری ساڵ  شاندێكی پەرلەمان سەردانی بەغدا دەكەن.

دلێر ماوەتی، بەخەندان-ی راگەیاند، "دوای سەری ساڵ ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەكانی یاسایی و دارایی و سامانە سروشتییەكان سەردانی بەغدا دەكەن، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و دروستكردنی زەمینەسازی بۆ دانیشتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەو شاندە سەرەتا لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرۆك كۆمار كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی دۆخێكی لێكتێگەیشتن دروست ببێت لە نێوان حكومەتی بەغداو هەرێمدا".

حكومەتی‌ هەرێم تائێستا چەند جارێك داوای‌ لەبەغدا كردووە پێكەوە بەرێگەی‌ گفتوگۆ كێشەكانی‌ نێوانیان بەتایبەتی‌ كێشەكانیان لەسەر بودجە چارەسەر بكەن، بەڵام تا ئێستا بەغدا ئامادەیی نیشان نەداوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق مەرجی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.

دلێر ماوەتی ئەوەشی وت، ئامانجی شاندەكە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا.

ئاستی گرژییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان زیاتربوو، ئەوەش لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا ھەڵوێست و كاردانەوەی لێكەوتەوە، هەرچەندە چەند دەستپێشخەرییەكیش خرانەڕوو، بەڵام تائێستا گفتوگۆكان دەستپێنەكراونەتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP