بەپەلە

سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا بۆ نێچیرڤان بارزانی:
بەبایەخەوە لە دۆخی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانین

- 12/29/2017 3:07:00 PM 12280 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاولۆ جێنتیلۆنی، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا نامەیەكی ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد،و رایگەیاند، "پێكەوە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیوادارین بەپەلە دیالۆگی نێوان بەغدا و هەولێر دەستپێبكاتەوە بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو، فیدڕاڵ و دیموكراتدا و لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی 2005".

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم پاولۆ جێنتیلۆنی، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەكردووە، "هەموو لایەنە سیاسییەكان هان دەدەین دیالۆگ بكەن و لەنێو خۆیاندا هاوكار بن".

راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە،  نامەكەی سەرۆك وەیزرانی ئیتاڵیا رۆژی 27-12-2017  ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە.

سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا نوسیویەتی، "ئیتاڵیا بە بایەخەوە لە دۆخی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت".

ئەوەشی وتووە، "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر وەك خاڵی هاوبەشمان دەمێنێتەوە و زۆر ڕازین بەو هەنگاوانەی لە ڕووی سەربازییەوە نراون بۆ ڕزگاركردنی دوایین ئەو شارەی لەلایەن داعشەوە داگیركرابوو".

سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا ئەوەشی وتووە، "سەقامگیریی ناوچە ئازادكراوەكان فاكتەرێكی بنەڕەتییە بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان و پێشگیری لە گەڕانەوەی هەڕەشەی تیرۆر، ئیتاڵیا كە ڕاهێنان بە هێزە چەكدارەكان و پۆلیسی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات، لەڕیزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەمێنتەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP