بەپەلە

شرۆڤەكارێكی بیانی: كاتی ئەوە هاتووە عەبادی ناچاربكرێت دیالۆگی ڕاستەقینە لەگەڵ هەرێمدا دەستپێبكات

- 12/28/2017 8:15:00 PM 10009 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

شرۆڤەكارێكی بیانی ڕایدەگەیەنێت، كاتی ئەوەیە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ناچاربكرێت "بەو شێوەیەی شایستەن، مامەڵە لەگەڵ برا كوردەكانیاندا بكات و ڕێزیان لێبگرێت."

ڕاچێل ئەڤراهام، شرۆڤەكاری باڵا لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك لە میانی شرۆڤەیەكدا لەماڵپەڕی واشنتۆن تایمز-دا ڕایگەیاندووە، "كاتی ئەوە هاتووە عەبادی ناچاربكرێت دیالۆگی ڕاستەقینە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەستپێبكات."

ئەو شرۆڤەكارە بەئاماژەدان بەچەند ماددەیەكی دەستووری عێراق ڕونیكردووەتەوە، "حكومەتی ناوەندی پێشێلكاریی كردووە سەبارەت بە مافەكانی هەرێم لە دەستووردا، لەوانەش پشكی بودجەی لەسەدا 17 و بودجەی هێزەكانی پێشمەرگە، خاڵە سنورییەكان و فڕۆخانەكان".

حكومەتی‌ هەرێم تائێستا چەند جارێك داوای‌ لەبەغدا كردووە پێكەوە بەرێگەی‌ گفتوگۆ كێشەكانی‌ نێوانیان بەتایبەتی‌ كێشەكانیان لەسەر بودجە چارەسەر بكەن، بەڵام تا ئێستا بەغدا ئامادەیی نیشان نەداوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق مەرجی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.

" ئەگەر عەبادی بەردەوامبێت لە شكستهێنان بە هەوڵەكانی ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ڕەتیبكاتەوە پابەندبێت بە دەستووری عێراقەوە، ئەوا هەر داواكارییەك بۆ جێبەجێكردنی ریفراندۆمەكەی سەربەخۆیی كوردستان  زۆر ڕاست و دروستە"، ڕاچێل ئەڤراهام وای نووسیوە.

ئاستی گرژییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان زیاتربوو، ئەوەش لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا ھەڵوێست و كاردانەوەی لێكەوتەوە، هەرچەندە چەند دەستپێشخەرییەكیش خرانەڕوو، بەڵام تائێستا گفتوگۆكان دەستپێنەكراونەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP