كەجەكە: خۆپیشاندانی جەماوەری لە باشوری كوردستان رەوا و مافدارە، بەڵام دەبێت خەڵك بە رێبازی رەوا داوای مافەكانییان بكەن

- 12/21/2017 8:29:00 PM 32703 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- خۆشناو حسێن

كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، خۆپیشاندانی جەماوەری لە باشووری كوردستان "رەوا و مافدارە" و داوا لە هێزە سیاسییەكان دەكات بە بەرپرسیارێتی-یەوە بەدەم داواكانی خەڵكەوە بچن.

هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە بەیاننامەیەكدا هەڵوێستی خۆی لە بارەی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو رایگەیاند، "خۆپیشاندانی جەماوەری لە باشوری كوردستان رەوا و مافدارە، بەڵام دەبێت خەڵك بە رێبازی رەوا داوای مافەكانییان بكەن".

كەجەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، "پێویستە ئەو هێزە سیاسییانەی كە چەندین ساڵە سیاسەت دەكەن بۆ ئازادی گەلی كورد و دروستكردنی پێگەیەكی سیاسی بۆ كوردستان، بە شێوەیەكی راست لە خۆپیشاندانەكانی خەڵك تێبگەن و چارەسەر بۆ كێشەكانییان بدۆزنەوە، ناكرێت هێزە سیاسییە كوردییەكان وەكو هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵسوكەوت بكەن و دەبێت خۆیان بە سەر خەڵكەوە نە سەپێنن".
 
18ی ئەم مانگە، خۆپیشاندان لە بەشێك لەشار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، بەهۆی "گولەی هێزە ئەمنییەكانەوە" ژمارەیەك شەهید و برینداری لێكەوتەوە.

كەجەكە رونیشیكردووەتەوە، "كێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە باشوری كوردستان تەنها بە یەك حیزب و دوو حیزب چارەسەرناكرێت، بۆیە تاكە رێگای چارەسەری بۆ دەرچوون لەو دۆخە چارەسەركردنی كێشەكانە بەرێگای دیموكراسی".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP