بەپەلە

وتەبێژی یەكگرتوو: دەبوو گۆڕان‌و كۆمەڵ لەمێژە ببوونایە بەئۆپۆزسیۆن

- 12/18/2017 11:17:00 AM 11465 جار خوێندراوەتەوە
هادی عەلی

خەندان-

هادی عەلی، وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، جیاوازی داواكاری ئەوان بۆ پێكهێننانی حكومەتی كاتی لەگەڵ داواكارییەكەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەیە ئەوان "قسەی ڕۆشنیان نەكردووە، ئەوەی ئێمە وتومانە ئەم سەرۆكایەتییەی ئێستای حكومەت وەك خۆی بمێنێتەوە و  دەبوو گۆڕان و كۆمەڵ لەمێژە ببونایە بە ئۆپۆزسیۆن بەوپێیەی ئەوان وتارییان ئۆپۆزسیۆنە كەچی هێشتا بەڕەسمی لەحكمەت نەكشاونەتەوە."

هادی عەلی بۆ دەنگی ئەمەریكا باسی لەدواین كۆبونەوەكانی نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ لای حیزبەكەی و وتی، "ئێمە هاتینە سەر دوو خاڵ كە كابینەیەكی نیشتمانی پێكبێت و هەموو حیزبەكان تێیدا بەشداربن بۆ ئەو مەبەسەتە لەگەڵ پێنج لایەنەكە كۆبونەوە ئەنجام بدرێت، دووەم خاڵیش ئەوەبوو كە هەموو ئەو پڕۆژانەی كە لەلایەن لایەنەكانەوە هەیە بكرێنە یەك پڕۆژە و لەسەر مێزی گفتوگۆ بكرێتە نەخشە ڕێگایەك بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەی كە ئێستا هەیە."

ئاماژەی بەوەشكرد، "گۆڕان و كۆمەڵ قسەی ڕۆشنیان نەكردووە لەوبارەیەوە ئەوەی ئێمە وتومانە ئەم سەرۆكایەتیەی ئێستای حكومەت وەك خۆی بمێنێتەوە بەهۆی ئەوەی پشتگیرییەكی نێودەوڵەتیان هەیە، كابینیەكی بچوكراوە بەبەشداری هەموو لایەنەكان پێكبێت، چونكە ئەگەر بتەوێت حكومەتێك لەبنەماوە دروستبكرێت دەبێت هەڵبژاردن بكرێت، دوای هەڵبژاردن حكومەتێك سەر لەنوێ پێكبهێنرێتەوە، ئەوەش ڕێگایەكە بۆ چارەسەركردن خۆ ڕێگای تر نیە."

لەبارەی وەڵامی شاندەكەی حكومەت بۆ یەكگرتووی ئیسلامی، هادی عەلی وتویەتی، "ئەوان پێیان باش نەبوو پێكهێنانی حكومەتی كاتی، چونكە وتیان بەم ماوە كەمە پێكهێنانی حكومەت زۆری پێدەچێت بۆیە هەر لایەنێك وەزیرەكانی لەدەرەوەن ئەوا با بگەڕێنەوە، ئەو لایەنانەشی دەیانەوێت وەزیرەكانیان بگۆڕن با بیگۆڕن، لەبری پێكهێنانی حكومەتی كاتی با هەموو لایەك كار بۆ هەڵبژاردن بكرێت، هەرچەندە هێشتا وەڵامی كۆتاییان بە ئێمە نەداوەتەوە".

هادی عەلی ئەوەشی وت، "بەبۆچونی ئێمە دەبوو برادەرانی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لەمێژبوو ببنە ئۆپۆزسیۆن چونكە ئەوان خیتابیان ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام بەفەرمی لەحكومەت پاشەكشەیان نەكردووە ئەوەش جۆرێك لە ناكۆكی لەنێوان خیتابیان و واقیعی سیاسیاندا هەیە".

لەبارەی بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆن بوونی یەكگرتوو هادی عەلی زیاتر وتی، "ئەوەش ئەگەرێكە ئەگەر بزانین ڕێگاچارەیەكە و هاوكاری دەكات هەرێم لەم قەیرانە دەربكات زۆر ئاساییە ئێمەش بڕیار لەوبارەیەوە دەدەین."

رونیشیكردەوە، "پێمان باشە لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ بگەینە پڕۆژەی هاوبەش، ئەوەی كە پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت هەوڵدەدەین لەڕۆژانی داهاتوودا كاری جدی بۆ بكەین."


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP