عەلی ئەدیب: پشكی كورد لەبودجە نابێتەوە بە لەسەدا 17

- 12/12/2017 8:02:00 PM 22264 جار خوێندراوەتەوە
عەلی ئەدیب

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

عەلی ئەدیب، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمیانی ئەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ خەندان جەختدەكاتەوە ئەوەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتەكەیدا بەبۆنەی كۆتایهاتنی شەڕی داعشەوە ئاماژەی نەكرد بە ناوی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان " بەمەبەست نەبووە" .

ئاماژەشیكرد بەوەی پرنسیپی دیالۆگ لەئارادایە، بەڵام هەندێك دۆسیەی هەڵواسراو هەن، كەپێویستە حكومەتی هەرێم جێبەجێی بكات، پێش ئەوەی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەستپێبكاتەوە، و  هۆكارێكی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، و نەكردنەوەی فرۆكەخانەكانی هەرێم دەخاتەڕوو. 

خەندان:  دەوترێت بەم زووانە گفتوگۆكانی نێوان هەرێمەو بەغدا دەستپێدەكاتەوە، ئایا دەتوانیت ئەوە بۆ ئێمە پشتڕاستبكرێتەوە؟ یان هەوڵەكان چین بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ لەنێوان هەردوولادا؟ 

 
عەلی ئەدیب:  من ئەوەم نەبیستووە كە شاندێك بێتە بەغدا بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ، بەڵام ئەزانم پرنسیپی دیالۆگ لەلایەن حكومەتی بەغدا و هەولێریشەوە پەسەندكراوە، بەڵام ئەوەی من بیستوومە كە چەند دۆسییەكەی هەڵواسراو هەن كە پێویستە حكومەتی هەرێم وەڵامدانەوەی بۆ هەبێت ئەوانیش بریتین لە بابەتی ڕادەستكردنەوەی دەروازە سنوورییەكان، بەتایبەت ئیبراهیم خەلیل، و فرۆكەخانەكان بە دەسەڵاتی ناوەندی، هەتا ئێستا ئەمانە جێبەجێ نەكراون، ئەگەر ئەمانە جێبەجێ بكرێن ئەوا ڕەنگە دیالۆگ دەستپێبكات و من ئەمەم بیستووە و هیچ شتێكی نوێ لەئارادا نییە.

خەندان: سەبارەت بە وتەكەی حەیدەر عەبادی بەبۆنەی كۆتایهاتنی شەڕی داعشەوە كە ئاماژەی نەكرد بە رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە و دواتر ئاماژەی پێكرد، هۆكاری ئەوەچییە؟

 
عەلی ئەدیب: ئەوە بە مەبەست نەبوو، چونكە وتەكە دەستبەجێ بوو، و حەتمەن هەندێك لەبیرچوونەوە ڕوودەدات لەلای ئەو كەسەی بەوشێوەیە وتە پێشكەش دەكات، لەراستیدا بابەتی رۆڵی پێشمەرگە باس كراوە لە ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش، و ئەوەی عەبادی بە مەبەست نەبووە.

خەندان: پێشتر وابڕیاربوو كە لەكۆتایی ئەم مانگەدا فرۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا بكرێنەوە، ئایا دەكرێت بەمزووانە فرۆكەخانەكانی هەرێم بكرێنەوە؟

 
عەلی ئەدیب:  دەكرێت لەحاڵەتی ئەوەی دەسەڵاتی ناوەندی سەرپەرشتی فرۆكەخانەكان بكات، بۆچی ناكرێت..

خەندان: واتا هەتا ئێستا حكومەتی هەرێم ڕەتیدەكاتەوە فرۆكەخانەكان ڕادەست بكاتەوە؟

عەلی ئەدیب:  ئەگەر ڕەتیبكاتەوە ئەوا فرۆكەخانەكان بە داخراوی دەمێننەوە.

خەندان: سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئایا حكومەتی ناوەندی جدییە لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم؟

 عەلی ئەدیب: حكومەتی ناوەندی جدییە لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە زیادەڕەوییەك هەیە لە لیستی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم، و بۆیە جۆرێك لە ووردبینی كردن هەیە لەسەر ئەم لیستانە، ئەمە هۆكارێكە. " حكومەتی عێراق تائێستا پەشیمان نەبووەتەوە لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام هەوڵدەدات ئەو پارانەی لەنەوتەوە دەستدەكەوێت ، لەگەڵ كۆكردنەوەی ئەو بڕە پارانەی كە لە ئەكاونتەكانی بەرپرسانی كورددا لەو ماوەیەدا  لەئەنجامی هەناردەكردنی نەوت لە ڕابردوودا كەڵەكەكراوە، كۆی بكاتەوە. هۆكاری دووەم بریتیە لە بابەتی  نەوت و هەناردەكردنی، پێویستە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك هەركاتێك هەناردەكردنی دەستپێبكاتەوە لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەتی ناوەندی، تا حكومەت بتوانێت  لەسەر ئەو داهاتانە مووچەی فەرمانبەرانی ناوچەكە بدات.

خەندان: ئایا پێشبینی دەكەیت هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت؟

 عەلی ئەدیب: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە رۆژی 15ی ئایار هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێت، بەڵام ئەگەر ڕەوشی دیكە بێتەپێشەوە لەڕووی دەستووریەوە دواخستنی هەڵبژاردنەكان رێگاپێدراو نییە، و  بەتایبەتی  ئەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە، دەكرێت هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوابخرێت چونكە پەیوەستە بە یاساوە و ئەنجومەنی نوێنەران ڕەنگە پەسەندی بكات، بەڵام هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان پەیوەستە بە دەستوورەوە.

خەندان: سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی  عێراق، پێشبینی دەكەیت عێراق بۆ ساڵی داهاتوو یاسای بودجەی گشتی هەبێت؟

عەلی ئەدیب:  دەكرێت هەندێك لەكێشەكان چارەسەربكرێت وەكو ئەوەی لە یاداشتی فراكسیۆنەدا هاتووە سەبارەت بەم بودجەیە، و پێموایە دەكرێت بخرێتە دەنگدانەوە.

خەندان: ئێوە وەكو كوتلەی دەوڵەتی یاسا بۆچوونتان چییە سەبارەت بەم پرۆژە یاسایە، و چۆن دەكرێت ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن؟

عەلی ئەدیب: تۆ دەزانی ناڕەزایی زۆر هەیە سەبارەت بەم پرۆژە یاسایە، بە تایبەتی ناڕەزایەتییەكانی ئەو پارێزگایانەی نەوت بەرهەمدەهێننن، حكومەت ناتوانێت ئەم داواكارییە جێبەجێ بكات، بەڵكو دەكرێت بیگۆڕین بۆ قەرز لەسەر خەزێنەی دەوڵەت، ئەوەش ئەوپەڕی توانای حكومەتە كە جێبەجێی بكات،  سەبارەت بەو پارێزگایانەی لەژێر دەستی داعش رزگار كراون، ئەو پارێزگایانە هەندێك داواكارییان هەیە لەوانەش دەیانەوێت مەسەلەی ئاوەدانكردنەوە لەناو بودجەدا بچەسپێنن،  لەڕاستیدا ئاوەدانكردەوەی ناوچە خاپووركراوەكان دەكرێت لەلایەن رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكانەوە جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئەم بودجەیەی ئێستا خۆی لەخۆیدا هەژارە و ناكرێت هەندێك بڕە پارەی لێ كەمبكرێتەوە بۆ مەسەلەی ئاوەدانكردنەوە، و دەكرێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا گفتوكۆی لەسەر بكرێت و ئەم كێشەیە  چارەسەر بكرێت.
سەبارەت بە ناڕەزایی سێیەم كە هی كوردە، سەبارەت بە بابەتی پشكی كورد لە بودجە، پشكی ئێستای دانپێدانراو لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگاكان دانراوە كە بریتیە لە 12.67  لەسەدا. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP