بەپەلە

زلھێزەکان فشاردەخەنە سەر ئێران و سعودیە بۆ راگرتنیان لەلوبنان

- 12/8/2017 3:53:00 PM 4807 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-خۆشناو حسێن

زلھێزەکانی جیھان، ئەمڕۆ ھەینی ھەوڵدەدەن بۆ بەھێزکردنی سەقامگیری لوبنان بە فشارخستنە سەر سعودیەو ئێران، بۆئەوەی واز لەدەستێوەردانیان بھێنن لەسیاسەتی ئەو وڵاتەو داوا لەحیزبوڵای لوبنانیش دەکەن کە چالاکییەکانی لەناوچەکە رابگرێت.

 گروپی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لوبنان کە پێنج وڵاتی ئەندامی ھەمیشەیین لەئەنجومەنی ئاسایش (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فەرەنسا، روسیا، بەریتانیا و چین) پێکدێت ئەمڕۆ ھەینی لە پاریس کۆدەبنەوە وەکو ھەوڵێک بۆ پشتیوانی سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی لوبنان.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لەگەڵ حەریری و ریکس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی"بۆ پاراستنی لوبنان، لە قەیرانە ناوچەییەکان، پێویستە ھەموو لایەنەکانی لوبنان رێز لە سەروەری ئەو وڵاتە بگرن ودەستیتێوەرنەدەن".

لای خۆیەوە، سەعد حەریری رایگەیاند" حکومەتی من سیاسەتی خۆدورخستنەوە لەکێشەکانی داناوەو ھەموو پێکھاتە سیاسییەکانی لەخۆگرتووەو رێگامان پێدەدات یەکێتی نەتەوەیی خۆمان بپارێزین".

چاوەڕێدەکرێت، بەشداربووانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ھەینی، پشتگیری ھەوڵی بەھێزکردنی سوپای لوبنان و پشتیوانی چاکسازی ئابوری ئەو وڵاتە بکەن.

نیشانەکردن :

#ئێران #سعودیە #لوبنان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP