ڕزگار عەلی: لە كەركوك هەڕەشە لە هیچ بەرپرسێكی كورد نەكراوە و مەترسی لەسەر ژیانی كەس نییە

- 12/6/2017 8:25:00 AM 7069 جار خوێندراوەتەوە
ڕزگار عەلی

خەندان-

ڕزگار عەلی، كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك هۆكاری وەرنەگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن كوردەوە دەگێڕێتەوە بۆ دەوامنەكردنی بەشێك لە ئەندامانی لیستی برایەتی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هەروەها رەتیدەكاتەوە ئەندامانی ئەنجومەن مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت.

دوای رووداوەكانی 16ی مانگی (ئۆكتۆبەر/10)ی كەركوك، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رزگار عەلی بۆ پۆستی پارێزگاری ئەو شارە كاندید كرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیكەی دوو مانگ هێشتا ئەو پۆستە لەلایەن جێگری پارێزگاری پێشوەوە كە سەر بەنەتەوەی عەرەبە بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێت.

ڕزگار عەلی بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، "هۆكاری وەرنەگرتنی ئەو پۆستە لیستەكانە كە بوونەتە بەربەست بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و متمانە نەدان بە پارێزگار، بۆنموونە لیستی برایەتی كە لیستی كوردەكانە نیوەی دەوام ناكات، لیستی توركمانەكانیش ناكۆكی لەنێوان خۆیاندا هەیە، لیستی عەرەبەكانیش ئێستا پۆستی پارێزگار بەوەكالەت بەڕێوەدەبەن نایانەوێت ئەم كێشەیە زووچارەسەر ببێت."

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەوام ناكەن بە پاساوی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، كە ئەوە جگە لە پاساو هیچی تر نیە، ئەگەرنا بۆ لە موسڵ و بەغدا دەوام دەكەن بەس لەكەركوك دەوام ناكەن خۆ لەموسڵ و بەغداش حەشدی شەعبی لێییە."

ڕزگار عەلی ئەوەشی خستەڕوو، "لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی ڕێككەوتنمان كردووە كە كاك ڕێبوار تاڵەبانی ئیقالە بكەن و لەشوێنی ئەو خاتوو جوان دابنێن".

رونیشیكردەوە، "خەڵكی كەركوك كێشەیان ئەوە نیە كێ دەبێتە پارێزگار، بەڵكو ئەوان وەك بابەتێكی نەتەوەیی لەو بابەتە دەڕوانن، لای ئەوان گرنگ ئەوەیە پارێزگارەكە كورد بێت و ئامانجەكانین بەدیبهێنێت".

نیشانەکردن :

#یەکێتی #کەرکوک

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP