سەعد حەدیسی: بەردەوامین لە چاودێری و لێكۆڵینەوەی تۆماری فەرمانبەرانی هەرێم بۆ دابینکردنی موچەکانیان

- 11/28/2017 8:31:00 PM 38732 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

سەعد حەدیسی، وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق لە میانی ئەم چاوپێكەوتنە تایبەتەدا لەگەڵ خەندان، جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی هێشتا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچەند بوارێكی وەكو ئەمنی و ئاسایشی سنوورەكان و نەوت و بەڕوونی ڕاگەیاندنی ڕێز گرتن لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراقدا هاوكاری حكومەتی ناوەندی نەكردووە، بۆیە ئەوان ئێستا چاوەڕوانی هەرێم دەكەن و ڕەنگە دەستپێكردنی دیالۆگ هەندێ كاتی دیكەی پێویست بێت.

خەندان: حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە ئامادەیە بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ بەغدا، ئێوەش ئامادەیی خۆتان دەربریوە، ئایا لەتوانادایە لەماوەیەكی نزیكدا دانوستان لەنێوان هەرێم و بەغدا دەستپێبكات؟

 سەعد حەدیسی: لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دانانی وادەیەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان، هیچ رێكکەوتنێك نەكراوە، ئێمە پێمان وایە گرنگە هەڵوێستێك لەلایەن هەرێمەوە هەبێت بۆ رێزگرتن لە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، وەكو پێشەكییەكی پێویست بۆ دەستپێكردنەوەی بارودۆخی متمانە و ڕەواندنەوەی ئەو بارودۆخەی لەئەنجامی ریفراندۆمەکە هاتەكایەوە. بەڕای من لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە كاركردن لەڕێگای لیژنە هاوبەشە هونەرییەكان و مەیدانییەكانەوە لەبوارەكانی ئەمنی و سەربازی و نەوت و جێبەجێكردنی دەقەكانی دەستوور، بەتایبەتی مادەی 110ی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكان كۆنترۆڵكردنیان و كۆنترۆڵكردنی هەناردەكردنی نەوت و سەرپەرشتیكردنی كێڵگە نەوتییەكانی ناو هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە، كارێكی پێویستە بۆ ڕەخساندنی زەمینە بۆئەوەی لەكاتێكی دواتردا باس لە دیالۆگی سیاسی بكەین.

خەندان: واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەتا ئێستا ئەم ڕێوشوێنانەی جێبەجێ نەكردوون؟

سەعد حەدیسی: بۆ نموونە ئەوەی پەیوەستە بە ناوچە كێشەلەسەرەكان، لەزۆربەی ئەو ناوچانە هێزەكانی حكومەتی ناوەندی بڵاوەیان پێكراوە ، بەڵام هەتا ئێستا چەند ناوچەیەك هەن كە هێزەكانی حكومەتی ناوەندی هەوڵدەدات تیایاندا بڵاوەبكات و ئێمە دەڵێین هێزەكانی پێشمەرگە وەكو بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق، دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ و گاریگەر ببینێت، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ئەم ناوچانە لەڕێگای چەندین مەفرەزەی پێشمەرگەوە كەلەژێر سەرپەرشتی حكومەتی ناوەندیدا بێت، ئەوەش بۆ ناردنی پەیامی دڵنیایی بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە لەهەموو پێكهاتەكان. 

هەروەها سەبارەت بە پاراستنی ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان، هەتا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری تەواوی ئێمەی نەكردووە، هێشتا ئەم دۆسیەیە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، ئێمە جەختدەکەینەوە كە بوونی كارمەندانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەروازە سنوورییەكان شتێكی ئاساییە، بەڵام دەبێت بڕیارەكان لەسەر ئاستی ئیداریی ئەمنی و لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی ناوەندیدا بێت، هەروەكو لە دەستووردا هاتووە و ئێمە چاوەڕوانی چەند ڕێوشوێنێكین لەم ڕووەوە، كاری مەیدانی و هونەریی لەم ڕووە دەتوانێت یاریدەدەربێت، بۆ ڕەخساندنی زەمینە بۆ ئەوەی دیالۆگی لەسەر ئاستی سیاسی بكەین، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا بەهۆی ریفراندۆمەوە ئاڵۆزی تێكەوت ئێمە هەوڵدەدەین پەیوەندییەكان ئاسایی بكەینەوە، ئەمەش پێویستی بە چەند ڕێوشوێنێكی جدییە بۆ سەلماندنی نیازپاكی بەو ئاراستەدا.
 
خەندان: سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم، ئێوە دەتانەوێ حكومەتی هەرێم بە ڕوونی ڕایبگەیەنێت كە رێز لەبریارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرێت و ئەنجامی ریفراندۆمەكە هەڵبوەشێنێتەوە؟

سەعد حەدیسی: ئێمە چاوەڕوانی هەڵوێستێكین لە هەرێم تایبەت بە رێزگرتن لە بەدەستوور و پابەندبوون بە بریارەكانی دادگای فیدراڵی، ئێمە گوێمان لەچەند سەركردەیەكی هەرێم بوو كە دەیانووت ئێمە ئامادەین دەستبكەین بە دیالۆگ لەژێر چەتری دەستووردا، دەستوور دەسەڵاتی داوە بە دادگای فیدراڵی بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكان لەنێوان دەسەڵاتەكان و خوێندنەوە بۆ دەقەكانی دەستوور كە ناكۆكی لەسەرە، بەوەش بڕیارێكی یاسایی دەرچووە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەسەروو هەموو دەسەڵاتەكانەوە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانی هەڵوێستی هەرێم دەكەین لەم بارەیەوە.

خەندان: سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئایا هیچ شتێكی نوێ هەیە؟

سەعد حەدیسی: ئێستا لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە كاردەكرێت بۆ وردبینی و چاودێری و لێكۆڵینەوە لە تۆماری فەرمانبەرانی هەرێم، دڵنیابوونەوە لە ژمارەی فەرمانبەران و نەبوونی ناوی وەهمی و ئەوانەی زیاتر لەمووچەیەك وەردەگرن و ئەم رێوشوێنە لە ناوچەكانی دیكەی عێراقیش پەیڕەو دەكرێت. ئەمە بەشێكە لە هەڵمەتی حكومەتی ناوەندی بۆ چاكسازی ئیداریی و دارایی و نەهێشتنی گەندەڵی و ئەمە ڕێوشوێنێكی ڕۆتینییە. بەدڵنییاییەوە دوای تەواوبوونی ئەم ڕێوشوێنانە و دواتر بواری گفتوگۆكردنی تەرخانكردنی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێتەكایەوە. 

خەندان: ئایا ئێوە داندەنێن بە تۆماری بایۆمەتری حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم؟

سەعد حەدیسی: من دەڵێم چەند لایەنێكی پسپۆڕهەن كە چاودێری و لێكۆڵینەوە لەم بابەتە دەكەن و كاردەكەن بۆ پێداچوونەوەی تۆماری ناوی فەرمانبەرانی هەرێم و دوای تەواوبوونی كارەكانیان ئەنجامەكانی ڕادەگەیەنن، لە هەموو حاڵەتێكدا بەپێی ئەو تۆمارانەی لای ئێمەیە و و ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لای حكومەتی هەرێم تۆماركراون، ژمارەكە زۆر گەورەترە بەبەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراقدا.

خەندان: چەند دەنگۆیەك هەن بەوەی حكومەتی ناوەندی بەنیازە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەلێبڕینەوە بدات، ئایا ئەو دەنگۆیانە تا چەند ڕاستن؟

سەعد حەدیسی: نەخێر، نەخێر، دوای تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی و لێكۆڵینەوە فەرمانبەرانی هەرێم هەمان ئەو مووچانە وەردەگرن كە فەرمانبەران لەناوچەكانی دیكەی عێراق وەریدەگرن، تەنانەت لە پلەی وەزیفیشدا، هەر فەرمانبەرێك لەهەر وەزارەتێكی حكومەتی ناوەندی چەندە وەردەگرێت، فەرمانبەرانی هەرێم هەمان مووچە وەردەگرن ئەگەر لە هەمان پلەی وەزیفیدا بن، بەدڵنیاییەوە مەسەلەی دادپەروەریی و یەكسانی لە مووچەی شتێكی زۆر گرنگە لای ئێمە. 

خەندان: ئایا بەمزووانە بودجەی ساڵی 2018 دەنێرن بۆ پەرلەمان عێراق؟

سەعد حەدیسی: بودجە لە قۆناغی پێداچوونەوەی كۆتاییدایە لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، بەدڵنییایەوە لە نزیكترین كاتی گونجاودا دەینێرین بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی تێپەڕێنرێت و ببێت بە یاسا و ئامادەبێت بۆ ساڵی داهاتوو.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP