بەپەلە

ناوەرۆکی پرۆژەکەی شیوعی بۆحکومەت
کاوە مەحمود: ئەوشاندەی دەچێتە بەغدا نابێت ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم قبوڵ بکات

- 11/28/2017 3:09:00 PM 14620 جار خوێندراوەتەوە


خەندان–شەوکەت قادر 

سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، رایدەگەیەنێت پرۆژەیەکیان لەسەر دۆخی ھەرێم و پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغداو مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دونیا پێشکەشی حکومەت کردوەو دەشڵێت، ئەوشاندەی دەچێتە بەغدا، نابێت ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم قبوڵ بکات.

کاوە مەحمود، بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەت، لەسەر سێ تەوەر گفتوگۆیان کرد"ئەوانیش پەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغدا، بارودۆخی ناوخۆی ھەرێم، چۆنێتی مامەڵکردن لەگەڵ وڵاتانی دونیا، لەسەر ئەو تەوەرانەش پرۆژەیەکمان بەنوسراو پێشکەشی حکومەت کرد".

سەبارەت بەناوەرۆکی پرۆژەکەیان باسیلەوەکرد، پرۆژەکەیان چەند خاڵێکە، لەوانە  پاراستنی سەروەری و یەکڕیزی خاکی کوردستان، گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵک،"دەبێت ھەڵبژاردن بکرێت لە زووترین کات نابێت چاوەڕوان بکەین تا ئەوخولەی پەرلەمان تەواودەبێت ، پێویستیشە کۆدەنگییەکی واقیعی دروستبکرێت و پێداچوونەوە بەمووچەو بواری نەوت و بەشە بودجەی ھەرێم بکرێت".

سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە دانوستان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستور بێت،"لەگەڵ ئەوەنین حکومەت ھەموو رۆژێک بڵێت ئامادەی گفتوگۆین و بەغدا ئامادەنیە، چونکە ئەمە وانیشان دەدات ھەڵوێستی کوردستان لاوازە لەگەڵ بەغدا، دەبێـت گیانی بەرگریمان ھەبێت".

"ئەوەی پەیوەندی بە ریفراندۆم ھەیە، ھیچ لایەن و دامەزراوەیەک ناتوانێت ریفراندۆم ھەڵبوەشێنێتەوە بۆیە ئەو وەفدەی دەچێتە بەغدا، نابێت ھیچ مەرجێک قبوڵ بکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم و نابێت ھیچ لایەنێکی نێودەوڵەتیش ئەو داوایە لە ھەرێمی کوردستان بکات"کاوە مەحمود وای وت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP