بەپەلە

"بۆ چارەسەركردنی كێشەكان"
لایەنەكان جەخت لەكۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دەكەنەوە

- 11/27/2017 2:42:00 PM 7425 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی پێنج حزبە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان

خەندان- كوردستان جەلال

پێنج لایەنە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان جەخت لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دەكەنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی هەرێم.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر رەوشێكی نوێ رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، سەرباری ناكۆكییە ناوخۆییەكان كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا قوڵتربوونەتەوە.

بۆ چارەسەری دۆخەكە جموجۆڵی لایەنە سیاسیەكان دەستیپێكردووە بەئاڕاستەی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لەنێوان (پارتی و گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ)، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە دیارینەكراوە.
 
ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، "دەبێت كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بۆئەوە بێت  ئەو  حكومەتە كاتییە دروستبكرێت، كە ئێمە داوای دەكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، هەروەها بتوانرێت لەگەڵ عێراق ڕێكبكەوین، چونكە ئەم حكومەتە كۆمەڵێك شكستی هێناوەو كارتی فشاری بەهێزی پێ نییە".

ڕێبوار ئەحمەد بەخەندان-ی وت، "ئێمە پێمان باشە كۆبوونەوە بكرێت  بۆ ئەوەی ئەو حكومەتە دروستبكرێت، نەك وەك ساڵی 2015 كە هیچ ئەنجامێكی نەبوو، كە بینیمان لە ڕابردوودا بۆ چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم و هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی نۆ كۆبوونەوە كراو هیچ ئەنجامێكیشی نەبوو".

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی پێی وایە، "ئەو بابەتانەی لە دەرەوەی كۆبوونەوەكان حیزبەكان لەسەری ڕێكنەكەوتوون، ڕەنگە لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكەش ڕێكنەكەون لەسەری هەر وەك خۆی بمێنێتەوە".

فەرید ئەسەسەرد، بەخەندان-ی راگەیاند، "تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی و ئەو بابەتانەی ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەگەر كۆبوونەوەكە بكرێت كێشەكان تاوتوێدەكرێت و دەبێت لایەنەكان یەك بۆچوونیان هەبێت، سەبارەت بە میكانیزم و شێوەی چارەسەركردنیان، لەكۆبوونەوەكە بڕیار دەدرێت و هەر بڕیارێك بدرێت هەموو لایەنەكان لێی بەرپرسیار دەبن".

ئەسەسەرد دەشڵێت، ئەگەر هەیە كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت، "من خۆم لەگەڵ ئەوەدام ئەو كۆبوونەوەیە بكرێت بۆ ئەوەی لایەنەكان زیاتر لێك نزیك ببنەوەو ئەجێندایەكی هاوبەشیان هەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".

پارتی دەڵێت ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی هەر كۆبوونەوەیەكن كە ئامانج تیایدا "ڕێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد و دروستكردنی وتاری هاوبەش بێت".

عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە بەخەندان-ی راگەیاند، "ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو كۆبوونەوانەداین كە ئامانج تیایدا ڕێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردو دروستكردنی وتاری هاوبەش و بەرپرسیارێتی هاوبەش بێت بۆ ئەم دۆخەی كە ئێستا هەرێمی پێدا تێپەڕدەبێت".

ئەوەشی وت، "مەرج نییە كۆبوونەوە چارەسەری كێشەكان بكات، بەڵكو نییەتی هێزە سیاسییەكان دەتوانێت عاملی چارەسەربێت".

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی وتیشی، "پێویستە هەمووان خۆیان بە بەرپرسیار بزانین و شان بدەینەبەر ئەم بارودۆخە، پارتی دیموكرات سەردانی لایەنەكانی كردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم تا كاتی هەڵبژاردنەكان و شاندی حكومەتیش بەهەمان شێوە هەوڵیداوە".

كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، ئەوان لەگەڵ كۆبوونەوەیەكدان كە "چارەسەری كێشەكان بكات نەك كۆبوونەوە لەپێناو كۆبوونەوەدا بكرێت".

مەڕوان گەڵاڵی بەخەندان-ی وت، "ئێمە لەگەڵ هەموو كۆبوونەوەیەكداین كە چارەسەری كێشەكان بكات، بەڵام ئەگەر كۆبوونەوە لەپێناوی كۆبوونەوە بێت و بۆ كات كوشتن بێت باوەڕم وایە خەڵك زیاتر بێئومێد دەكات".

گەڵاڵی ئەوەشی وت، "باشترین شت دانیشتنی پێنج قۆڵیەو ئەگەر نیەت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و چارەسەربێت، دەبێت هەر لایەنەو وەك خۆی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و سەیری پێگەكەی بكرێت و مافی هیچ لایەنێك پێشێل نەكرێت، ئێستا كە دەوترێت با كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بكرێت وەك بازاڕی شێخەڵای لێهاتووە و بڕیاری تێدا نادرێت".

گەڵاڵی پێیوایە، "پەرلەمانی كوردستان بەحیزبی كراوەو كاتێك هەر پڕۆژەیەك دەبرێتە پەرلەمان ئەگەر لەلایەن حزبەكانەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەكرێت ئەو پڕۆژەیە بەمردوویی لەدایك دەبێت".

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە پێشتر پڕۆژەی "یەكڕیزی نیشتیمانی" راگەیاندبوو دەڵێت، "دەبێت بە زووترین كات ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامبدرێت".

شێركۆ جەودەت بەخەندان-ی راگەیاند، "هۆكاری ئەنجامنەدانی ئەو كۆبوونەوەیە لای  لایەنەكانە بەتایبەتی حكومەت چونكە ئەوان دەیانەوێت كۆبوونەوە بكەن لەگەڵ لایەنەكاندا، بەڵام ئێمە وەك و یەكگرتوو ئامادەین بەشداری هەر كۆبوونەوەیەك بكەین كە چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد،"یەكڕیزی نیشتیمانی پڕۆژەی ئێمەیەو وەك سەركردایەتی ڕامانگەیاندووە، كە یەكڕیزی لە پێش هەموو شتێكەوەیەو دەبێت بە زووترین كات ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامبدرێت".

جەودەت وتیشی، "هەردەبێت كۆبوونەوە ئەنجامبدرێت، چونكە دۆخەكە هەستیارەو بەرگەی قەیرانی زیاتر ناگرێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP