"شەش ھەزار کەمئەندام لەپارێزگاکە ھەن"
سەرۆکی کۆمەڵەی ژین: کەمئەندامانی دھۆک بارودۆخیان خراپەو پێویستیان بەھاوکارییە

- 11/26/2017 8:52:00 PM 8134 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بەیار ئامێدی 

نەسرەدین محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی ژین-ی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەسنوری پارێزگای دھۆک لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ خەندان، دەڵێت، ٦ھەزار کەس، وەک خاوەن پێداویستی تایبەت، لەھەردوو رەگەز تۆمارکراون و باس لەوەدەکات، رەوشی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خراپەو داوای ھاوکاری حکومەت و خەڵک دەکات.

خەندان: لای ئێوە چ کەسێک، بە خاوەن پێداویستی تایبەت، ھەژماردەکرێت و مەرجی ئێوەچین بۆ وەرگرتنیان؟

نەسرەدین محەمەد: بێگومان چەندین جۆری کەمئەندام ھەن، بەڵام کۆمەڵەی ژین، تایبەتە بەوکەسانەی کە لەرووی جەستەییەوە کەم ئەندامن، ئێمە لەم کۆمەڵەوە چەند مەرجێکمان داناوە، بۆ وەرگرتنی کەمئەندامان، لەھەردوو رەگەز دەبێت، رێژەی کەم ئەندامبوون بەرێژەی ٥٠ لەسەد بێت و یەکێک لە ئەندامەکانی جەستە یان لەدەستدا بێت، بەھەر ھۆکارێک بێت.
 
خەندان: ژماری ئەندامانی ئێوە لەسنوری پارێزگای دھۆک چەند کەسن و ئێوە چ کارێکیان بۆ دەکەن؟

نەسرەدین محەمەد: لەم وڵاتە بەردەوام شەڕو کوشتن و تەقینەوە ھەیەو رۆژ بەدوای رۆژ ژمارەی کەسانی کەمئەندام زیاد دەبن، ئێستا لەسنوری پارێزگای دھۆک، ئێمە ٦ھەزار ئەنداممان ھەیە، کە لەکۆمەڵەکە تۆمارکراون، لەھەردوو رەگەز، بەڵام لەو باوەڕەدام کەژمارەی کەمئەندامان لەم ژمارە زیاتربن.

خەندان: زۆرترین کێشەی کەمئەندامان چییەو حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار تا چ ئاستێک پشتیوانی لەئێوە دەکەن؟

نەسرەدین محەمەد: ئێمە چەندین کێشەمان ھەیە کە چەندیان سەرەکین، لەوانە کێشەی تەندروستی و ئابوری وکۆمەڵایەتی و پەروەردەو ژینگە، کەمئەندامان بەردەوام، پێویستیان بەھاوکارییە، زۆرێک لەئەندامانی ئێمە لەرووی ئابوورییەوە لاوازن و بەردەوام پێویستیان بە پارەیە.

سەبارەت بە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار، بەداخەوە ھیچ پشتیوانی و ھاوکارییەکی باش ناکەن پێش قەیرانی دارایی، ھەر کەمئەندامێک مانگانە ١٥٠ھەزار دیناری پێدەدرا، بەڵام ئێستا ئەو ١٥٠ھەزار دینارە بووەتە ٩٠ھەزار دینارو ھەر چەند مانگ جارێک بەکەمئەندامان دەدرێت،  بەداخەوە لە دەستپێک حکومەت بەڵێنی بەئێمە دا کە ١٥٠ھەزار دینارەکە بکرێتە ٢٥٠ھەزار، بەڵام بە ناوی چاکسازی دارایی ١٥٠ھەزار دیناری کەمئەندامان بووەتە ٩٠ھەزار دینار و چەند مانگ جارێک، لێرەوە ئەڵێم چاکسازی دارایی بە موچەی کەم ئەندامان ناکرێت. 

خەندان: ئێستا ئێوە چەند پێویستتان بەجێبەجێکردنی یاسایەو داوای چیدەکەن؟ 

نەسرەدین محەمەد: لەبەردەوامی فشارخستنە، سەر پەڕلەمان و حکومەت لەساڵی ٢٠١١ یاسای ژمارە (٢٢)ی تایبەت بە ناوی ماف و ئیمتیازەکانی کەمئەندام وخاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەرچوو، لەم یاسایەدا ھەموو ماف و ئەرکەکانی توێژی کەمئەندامان دیاریکرابوون، بۆ ئێمە دەستکەوتێکی گەورەبوو بەڵام بەداخەوە ئەم یاسایە، پشتگوێخراوە.

بەبۆچوونی من یان پەرلەمان ھیچ یاسایەک دەرنەکات، یان کاتی دەرکردنی یاسا بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بکات، ئێمە داوادەکەین کەشکۆی ئێمە  نەشکێندرێت و ھەموو ماف وئیمتیازاتی ئێمە وەک کەمئەندام بپارێزرێت. 

خەندان: کۆمەڵەی ژین، کەی دامەزراوەو ئیشی ئەم کۆمەڵەیە چیە؟ 

نەسرەدین محەمەد: لەپاش سەرھەڵدانی ساڵی ١٩٩١ ژمارەی کەسانی کەمئەندام، بەرەو زیادبوون دەرۆیشت، لەئەنجامی شەڕو کوشتن تەقینەوەی مین و تەقەمەنی، لەوکاتەوە ئێمە بیرمان لەوەکردەوە، کە رێکخراوێک دابمەزرێنین، کە خزمەتی ئەم توێژە بکات و بەدواداچون بۆ ئەرک ومافەکانی ئەم توێژەبکات.

لەساڵی ١٩٩٥ لەسەر دەستی ژمارەیەک لەکەسانی پسپۆر وچالاکوانی مەدەنی، دەست بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژین کراو بۆ  خزمەتکردنی ھەموو ئەوکەسانەی لەرووی جەستەییەوە کەمئەندام بوون تا ئێستا کاری ئەم کۆمەڵەیە بەردەوامە. 


نیشانەکردن :

#دهۆك

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP