ھێمن بۆ کەرکوک شەھیدبوو
دوا وێنەی لەگەڵ دایکی گرتو وتی"نەوەک شەھیدبم"

- 11/23/2017 3:40:00 PM 75885 جار خوێندراوەتەوە
دوا وێنەی شەھید کە لەگەڵ دایکی گرتی

خەندان-

بەرەبەیانێکی ساردی ناوەراستی زستانی ٢٠١٥ھێشتا زەوی بە تەواوی روون نەبووبووەوە، داعش پەلامارێکی گەورەی کەرکوک-یدا، لەناو قوڕو تەمومژ و سەرمادا شەڕێکی گەرم لەنێوان پێشمەرگەو چەکدارەکان دەستیپێکرد، ھێمن-یش بەدڵێکی گەرمەوە بۆ وەستاندنی داعش بەرگریدەکرد.

٣١-١-٢٠١٥، ئەو رۆژەی لەخوارووی کەرکوک، پێشمەرگە بۆ پارێزگاری لە شارەکە دەیان شەھیدی دا ھێمن-یش گولەیەک بەر سەری کەوت و دوای سێ رۆژ، بۆ ھەمیشە ماڵئاوایی کرد.

شەھید ھێمن حەوێز حەمەئەمین، لەساڵی ١٩٨٢لەشاری کۆیە لەدایک بووە، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. لەساڵی ١٩٩٧بووەتە پێشمەرگە، دوا شوێنی پێشمەرگایەتی لیوای یەکی سکرتاریەتی مام جەلال بووە. رۆژی ٣١-١-٢٠١٥ لەشەڕێکی سەختدا لەناوچەی مەلا عەبدوڵای خوارووی کەرکوک برینداربوو، ٣-٢-٢٠١٥شەھیدبوو.

شەھید ھێمن حەوێز

ھێمن، لەساڵی ٢٠٠٤ھاوسەرگیریی کردبوو،  ٣منداڵ، دوو کوڕو کچێک بەرھەمی ھاوسەرگیرییەکەی بوو، رێکار (١١ ساڵ)، ھەکار (٩ساڵ)، سەنا(٥ ساڵ).

دابان- ی تەمەن٣٣ساڵ، برای شەھید باس لەوەدەکات، کە لەساتەوەختی برینداربوونی براکەیدا لەگەڵی قسەی کردووە"بەرەبەیانی ئەو تەلەفۆنی کرد، پێموت مۆبایلەکەت دابخە شەوقەکەی شوێنەکەت ئاشکرادەکات، وتی تەمومژێکی ئەوتۆیە کەس کەس نابینێت".

ھێمن، ھەر لەوێدا ئەوە بە دابان-ی برای دەڵێت، بریندار بووەو رەنگە شەھیدبێت، دابان دەڵێت،" وتم مۆبایلەکەت بدەمە دەست یەکێک لە ھاوڕێکانت، لەو کاتەدا گوێم لەھاواری بریندارێکی تریش بوو، شەھید بانگی ھاوڕێکەی کرد، کە بەدرووستی نازانم کام ھاوڕێی بوو وتی پارچەیەکی بچووک بەر سەری کەوتووە، ئەوەی ئێستا سەیارە دەھێنێت و بەپەلە دەیبەین بۆ کەرکوک".

کە ئەو ھەواڵە دەبیستن خانەوادەکەی شەھیدو ژمارەیەک لە خزمەکانیان، لەناحیەی خدران-ەوە بەرەو کەرکوک بەڕێدەکەون، دەگەنە نەخۆشخانەی ئازادی، دابان لەوێ بێھۆش دەبێـت، دواتر دەیھێننەوە بۆ سلێمانی.

ھێمن، لەسلێمانی-ش ھۆش ناکاتەوە،"ھەرگیز چاوی نەکردەوە، لەڕێی ئامێرەوە ھەناسەی دەدا، تەنھا ئەوەبوو گیانی تێدابوو. بەداخەوە دوای سێ شەو لە کاتژمێر ٢ی شەوی ٣-٢-٢٠١٥ گیانی لەدەستدا".

شەھید ھێمن حەوێز

بەوتەی ئەو برایەی، ھێمن نزیکەی ١٥رۆژ بەر لە شەھیدبوونی باسی لەوەکردووە کە ناخۆشترین شت ئەوەیە پێشمەرگە بەدیلی بکەوێتە دەستی داعش، وتوویەتی "ھەرگیز ناھێڵم بە زیندوویی بکەومە دەستیان". 

دابان، بۆ خەندان، باسی لەکەسایەتی براکەی کرد"کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی و قسەخۆش بوو، شەھیدبوونی کاریگەریی زۆرقورسی ھەیە بۆسەر خێزانەکەم، بەڵام شانازی بەشەھید بوونەکەیەوە دەکەین".

سەبارەت بەدۆخی ژیانی خێزانی شەھید باسیلەوەکرد،  ئەوان ئێستا لە کۆیە دەژین لەنزیک کەسوکاری ھاوسەری شەھید،"وەزعیان بەگشتی باشەو پێویستیان بەھیچ نییە. ناو بەناو سەردانیان دەکەین، بەردەوامیش بەتەلەفۆن ئاگامان لێیانە، سەرەتا کوڕە گەورەکەیان تووشی جۆرێک لە مات بوون ھاتبوو، بەڵام ئێستا باش بووە، سەنای کچیشی ناوبەناو باسی باوکی دەکرد".

دابان ئاماژەی بەوەکرد، شەھید، ماوەیەک بەر لە شەھیدبوونی وێنەی لەگەڵ دایکی گرتبوو وتبووی "دایکە وەرە ئەم وێنەیە پێکەوەبگرین نەوەک شەھیدبم".

شەھید ھێمن حەوێز

ئیسماعیل عەبدوڵا(٣٧ساڵ) وەک خۆی دەڵێت، ھاوڕێیەکی نزیکی شەھید ھێمن بووەو چەند ساڵێک، زۆر تێکەڵ بووە لەگەڵ شەھید ھێمن و خێزانەکەی" بەردەوام یان ئەو لای ماڵی ئێمە بوو یان من لای ئەوان بووم، بەرە لەوەی بچێتەوە بۆ دەوام دواجار بینیم، سەعات نزیکەی ١١ی شەوی ئەو شەوەی بۆ بەیانییەکەشی شەھید بوو نزیکەی ٤٥دەقە پێکەوە قسەمانکرد، وتی بەیانی ئیشەڵا بۆ ئێوارەکەی دێمەوە".

ئیسماعیل وتی،"شەھید کەسێکی زۆر بەڕێزو رەوشتبەرزوکراوەو سوعبەتچی بوو، لە خدران ھەموو کەسی خۆشیدەویست، چەندە وەسفی بکەم ناگات بەو خەسڵەتانەی لەودابوو، زۆر دەستکراوەبوو جاری واھەبووە پارەی پێ نەبووە، بەڵام میوانی بانگ دەکرد بۆ ماڵی خۆیان دەچوو بەقەرز شتی دەکڕی و میوانەکەی بەڕێدەکرد".

وەک ئیسماعیل دەڵێـت، ھێمن زۆر حەزی لەکاری خێرخوازیی بوو،"لەبیرمە جارێکیان لەیەکێک لە تەلەفزیۆنەکانەوە خێزانێکی ھەژار دەرکەوتن کە پێوێستیان بەھاوکاریی بوو، بڕوا بکە، شەھید ھێمن لەو کاتەدا پارەی پێ نەبوو، چوو قەرزی کردو موبەڕیدەیەکی کڕیو سەیارەیەکی گرتو گەیاندییە ماڵە کەمدەرامەتەکە لە ناحیەی سەنگەسەر".

شەھید یەکێک بووە لەوانەی بەردەوام خوێنی بەخشیوەتە ئەو کەسانەی پێویستیان پێی بووە"جۆری خوێنەکەی o- بوو کە جۆرێکی دەگمەنە، ھەر کاتێک بیزانیبایە لەھەر شوێنێک کەسێک پێویستی بەخوێنە بەپەلە دەچوو بەھانایەوە، ئەوەندەی من ئاگام لێبێت زیاد لە ٣٥ بوتڵی خوێنی بەخشیووە" 

گۆڕی شەھید ھێمن

"شەھیدبوونی ھێمن یەکێک بوو لەو رۆژە ناخۆشانەی ھەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، بڕوا بکە ھێندەی شەھیدبوونی برایەکی خۆم کاری تێکردووم، نەک ھەر خۆم بەڵکو منداڵەکانیشم زۆر بیتاقەت بوون، چەندین جار بۆی دەگرین، چونکە زۆریان خۆشدەویست"ئیسماعیل وای وت.

لەئێستادا بنەماڵەی شەھید لە ناحیەی خدران دەژین، ھاوسەرەکە و منداڵەکانیشی لە شاری کۆیەن و لەوێ لەنزیک کەسوکاری ھاوسەری شەھید دەژین، شەھید ٢براو ٤خوشکی ھەیە، بنەماڵەی شەھید خەڵکی ناحیەی خدران-ی بناری کۆسرەتن کە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای دوکانە.


نیشانەکردن :

#پێشمەرگە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP