فریای شەڕی کەرکوک نەکەوت
شێروان لەگەڵ مامی و ئامۆزایەکی شەھیدبوو

- 11/21/2017 3:17:00 PM 37762 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نیوەرۆیەکی ساردی زستانی ٢٠١٥بوو، شێروان لەگەڵ ھاورێکانی بە ئۆتۆمبێلێکەوە لەناحیەی گوڵاڵەوە، دەرۆیشتن بۆ ھاوکاری ھاورێکانیان، لەخوارووی کەرکوک، کە ھێرشێکی سەختی داعش-یان لەسەر بوو، بەڵام بۆمبێک بۆ ھەمیشە بە مەرگی سپاردن.

شەوی ٢٩ی١ی ٢٠١٥ شەھید لیوا شێرکۆ شوانی، پەیوەندی بە فەرماندەی فەوجەکەی شێروان-ەوە دەکات و داوا دەکات ھێزێکیان بۆبنێرن بۆ خوارووی کەرکوک چوونکە ھێرشێکی چڕیان لەسەرە، ئیدی فەوجەکەی شێروان خۆیان کۆدەکەنەوە.

ھێزەکەی شێروان بۆئەوەی بە سەلامەتی بگەنە شوێنی شەڕەکە، ناوچەکە دەپشکنن چونکە گومان دەکەن، ھێزێکی داعش لە بۆسەدا بن بۆیان، دوای ئەوەی گروپێکیان ناوچەکە دەپشکنن، دەیانەوێت بەرێبکەون بەماوەیەکی کەم لەسەر پردێک بۆمبی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکیان دەتەقێتەوەو شەش کەس شەھید دەبن.

شەھید شێروان ئیبراھیم ئەحمەد، لەساڵی ١٩٩١ لەشارۆچکەی حاجیاوای سەر بەقەزای رانیە لەدایکبووە، لەقۆناغی سەرەتایی وازی لە خوێندن ھێناوەو، لەساڵی ٢٠٠٨بووەتە پێشمەرگە، دوا شوێنی پێشمەرگایەتی یەکەی ١٢٠ی سەر بەیەکەکانی حەفتا بوو، ٣٠ی١ی ٢٠١٥ لەگەڵ پێنج ھاوسەنگەریدا شەھیدبوو.

شەھید شێروان، لەگەڵ شەھیدان ھێرش و رێباز

رێباز عەبدوڵا، تەمەن ٢٧ ساڵ، کە ئامۆزاو ھاوسەنگەری شەھید شێروانە، ساتی شەھیدبوونی لەگەڵیشی بووەو لەناو یەک ئۆتۆمبێل بوون.

رێباز و شێروان، ئەرکی سەربازییان لەنزیک گووندی بایزە بوو کەنزیکەی دوو کیلۆمەتر لەناحیەی گوڵاڵەوە دوورەو لەسەر ئاوی حەمرین بوون، ھێزەکەیان بەنیازبوون لەوێوە بچن بۆ خوارووی کەرکوک.

رێباز وتی،"چونکە شەوەکەی شەھید لیوا شێرکۆ، پەیوەندی بە شەھید عەقید حاجی ئەحمەد فەرماندەی فەوجەکەمانەوە کرد کە ئامۆزاشمە، پێی وتبوو ھێرشێکی سەختی تیرۆریستانی داعش-مان لەسەرەو ھەوڵدەن ھێزێکمان بۆ بنێرن، ئێمەش لەئامادەباشیدابووین بۆ ئەوەی بچین بۆ کەرکوک"، 

دواتر ھەواڵیان بۆ ھاتووە، کە گوومان ھەیە کۆمەڵێک چەکداری داعش لەسەر ئاوەکە بن،"وتمان نەوەک زیانمان پێبگەیەنن پێویستە بچین، کێوماڵێکی ناوچەکە بکەین، رۆیشتین، شوێنەکە قامیشەڵان و چڕوپڕ بوو، ھەندێکی کیسە خەو و کەلوپەلی داعش-ەکانی لێبوو، دوای ئەوەی کەسمان نەدۆزییەوە گەڕاینەوە نانی نیوەڕۆ بخۆین و بەرەو کەرکوک بەڕێبکەوین".

زیاتر وتی"لەسەر پردی سەر ئاوەکە بۆمبێک بەئۆتۆمبێلەکەی ئێمەدا تەقییەوە، ھەشت کەسی تێدا بوو لەوانەش فەرماندەی فەوجەکەمان، شەھید شیروان و شەھید ھێرشی ئامۆزام و پێنج پێشمەرگەی تریش شەھیدبوون، واتە لەکۆی ٨کەس شەش کەسمان شەھیدبوون، منیش زۆر بەسەختی برینداربووم، ھەر ئاگام لەخۆم نەمابوو، کەچاوم کردەوە لەنەخۆشخانەی سلێمانیم، ئەوانی تر لەھەمان شوێندا شەھیدبوون".

رێباز، بۆ خەندان، باسی لە کەسایەتی شێروانی ھاوڕێی کرد"شەھیدەکان ھەموویان قارەمان و چاونەترس بوون، شەھید شێروان، ئەوە ھەرباس ناکرێت لە دیسپلینی سەربازی ئازایەتیدا، کەسێکی زۆر باش و بەکەڵک بوو، من ئامۆزامەو رەنگە گونجاو نەبێت زۆر وەسفی بکەم، بەڵام ھەڵگری ھەموو سیفەتێکی باش بوو".

شەھید شێروان

دایک و باوکی شەھید لەژیاندا ماون. شەھید دووبراو چوارخوشکی ھەیە، شێروان لەساڵێک بەر لەشەھیدبوونی ھاوسەرگیریی کردوو کوڕێکی ھەیەو ناوی (محەمەد)ە ئێستا تەمەنی سێ ساڵە.

ئیبراھیم، ٤٥ ساڵ،  باوکی شەھید، باس لەوەدەکات کە نزیکەی پێنج رۆژ بەر لەشەھیدبوونی کوڕەکەی بینیووە"من خۆشم لەدەوام بووم لەمەڵبەندی ٢٤ی راپەڕین، زۆر حەزمکرد بەرلەوەی بچێتەوە بۆ دەوام بیبینم بەڵام بەداخەوە نەمبینی".

لەو شەش کەسەی کە شەھیدبوون، زۆربەیان کەسوکاری یەکتر بوون، عەقید حاجی فەرماندەی فەوجەکە کە لەھەمان رووداودا شەھیدبوو، مامی شەھید شیروان بوو، ھاوکات ئامۆزایەکیشی شەھیدبوو.

ئیبراھیم وتی، بۆدواجار ٢٠خولەک، پێش شەھیدبوونیان قسەم لەگەڵ کردن، ھەواڵم پرسین باسیان لەوەکرد، کە لەمیحوەری باشووری کەرکوک شەڕێکی سەختەو بەنیازن بەھانای شەھید لیوا شێرکۆو ئەوانەوە بچن، "رۆژی ھەینی بوو، چووم بۆ مزگەوت لەناو مزگەوتدا تەلەفۆنیان بۆکردم کە شیروان وحاجی برام و برازایەکی تریشم شەھیدبوون".

"شێروان کوڕێکی باش و بێ کێشە بوو، نێوانمان زۆر خوش بوو. لەڕاستیدا شەھیدبوونی کوڕو براو برازیەکم بەیەکەوە کارەساتێکی گەورەبوو بۆ بنەماڵەکەمان، بەڵام لەڕێی سەربەرزی و خاک و وڵاتدا شەھیدبوون، بۆیە شانازییان پێوەدەکەین"،باوکی شێروان وای وت.

شێرکۆ(٢٩ ساڵ)، برای شێروانەو پێشمەرگەیە، ئەوکاتەی براکەی شەھیدبووە، شێرکۆش لە بەرەکانی شەڕ بووە لەتەلوەرد. بۆ خەندان، باسی لەوەکرد، کاتژمێر ٠٤:٠٠ی بەرەبەیانی رۆژی رووداوەکە لەگەڵ شەھید قسەی کردووە"بەو پێیەی من ناوم شێرکۆ بوو، کاتێک لیوا شێرکۆ شەھید بوو، وتبوویان شێرکۆ شەھیدبووە، شەھید شێروان و ئەوان وایانزانیبوو من شەھیدبووم، تەلەفۆنی بۆکردم و وتی زۆر نیگەران بووم، دڵم لات بووە، ھەر دەیوت ئاگاداری خۆت بە، ئیتر ئەوە دوا پەیوەندیم بوو لەگەڵیدا". 

ھاوسەری شەھید و محەمەدی کوڕی، لەگەڵ ماڵی باوکی شێروان دەژین، محەممەد ئەگەرچی لەکاتی شەھیدبوونی باوکیدا منداڵ بووەو کەسی نەناسیوە، بەڵام ئێستا زۆرجار باسی باوکی دەکات، شێرکۆ دەڵێت،"بەتایبەتی کاتێک بەدەربەندی رانیەدا تێدەپەڕین وێنەکەی باوکی دەبینێت یەکسەر دەڵێت ئەوە باوکمە".

"ئێمە ھەوڵمانداوە نەھێڵین خێزانی شەھید، کاریگەریی شەھیدیان پێوەدیاربێت، دایکیشم زۆر کاریگەرە بەشەھیدبوونی براکەم، شەھید شێروان کەسێکی ژیاندۆست بوو، ئۆتۆمبێلی ھەبوو زۆر جار پێکەوە لەگەڵ خێزانی خۆمان و دۆست و برادەر دەچووین بۆسەیران و گەڕان، بەڵام لەوەتەی ئەو شەھیدبووە، نەچووین بۆسەیران. ئەو زۆر کۆمەڵایەتی بوو زۆر حەزی لەسەردانی خزم وبرادەران بوو". شێرکۆ وادەڵێت.  

ئێستا ماڵی شەھید لەناحیەی سەنگەسەرە، گۆڕەکەشی لەگۆڕستانی ھەمان شارۆچکەیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP