داواكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی لەفراوانبوندان
ئەو لایەنانەی داوای دەكەن رازین بەمانەوەی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی؟

- 11/21/2017 2:40:00 PM 11053 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان

خەندان- كوردستان جەلال

ئەو قەوارەو لایەنانەی داوای حكومەتی ئینتیقالی دەكەن بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا جەخت لەداواكەیان دەكەنەوە، هەروەها دەڵێن مانەوەی سەرۆكی حكومەتی ئێستاو جێگرەكەی دەبێت بەپێی رێككەوتن و مەرجی پابەندبونیان بێت بەبەرنامەی حكومەتەكەوە.

 لەدوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری رابردوو، قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی پێكەوە داوای پێكهێنانی حكومەتی ئینتیقالیان كرد بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا، وێڕای رەتكردنەوەی ئەو داوایە لەلایەن پارتی و یەكێتی-یەوە، بەرپرسانی یەكگرتووی ئیسلامیش پشتیوانیان لەحكومەتی ئێستا كرد.

بەڵام 18 ئەم مانگە، یەكگرتووی ئیسلامیش پشتیوانی خۆی بۆ پێكهێنانی ئەو جۆرە حكومەتە دەربڕی، بۆ ئەنجامدانی چاكسازی خێراو بەدیهێنانی یەكڕیزی.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، دوێنێ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، كە زۆر لە داوای پێكهێنانی حكومەتی كاتی تێناگات، بەتایبەت ئەوانەی داوای دەكەن وەزیریان لەحكومەت هەیەو حكومەتی ئێستاش كاتی-یە.

لەگەڵ فراوانبوونی داواكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی، وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم كە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی-یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، سەردانی لایەنەكانیان دەستپێكردووە، كە یەكێك لەتەوەری سەردانەكان تاوتوێكردنی پرسی حكومەتی كاتی-یە لەگەڵ ئەو لایەنانەی داوای دەكەن.

سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی بەخەندانی وت "ئەم حكومەتە فەشەلی هێناوە دەبێت حكومەتێكی كاتی دروستببێت كە لایەنەكان لەسەری ڕێكبكەون، ئەگەر دوابكەوێت لەبەرژەوەندی هەرێم نییە".

وتیشی "ئەوەی كەدەڵێن ئەم حكومەتەی ئێستا كاتییە، لەلایەن وڵاتانیشەوە بووەتە كاتی، بەڵام ئەوان كردوویانە بەتەمەنی حەزرەتی نوح هەر درێژی دەكەنەوە".

مانگی رابردوو پەرلەمانی كوردستان خولی یاسادانانی خۆی و حكومەتی بۆ ماوەی هەشت مانگ درێژكردەوە، سەرەڕای داواو هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.

سەبارەت بەوەی كێ سەرۆكایەتی ئەو حكومەتە كاتییە بكات كە داوای دەكەن، سەلیم كۆیی وتی، "دەبێت ئەوە بەڕێككەوتن بێت كێ‌ سەرۆكی ئەو حكومەتە دەبێت، ئەگەر بیانەوێت‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت دەبێت لەهەموو لایەنەكان پێك بێت و ڕێككەوتنی لەسەر بێت و دەبێت دەسەڵاتەكان دابەشبكرێت بەسەر لایەنەكانداو هەنگاوبنێت گفتوگۆ دەكرێت لەگەڵ بەغدا، ناكرێت وەك ڕابردوو گفتوگۆ بكرێت".

باسی لەوەشكرد، یەكێتی و پارتی داوای هاوكاریان لێیان كردووە، كە چۆن ئەو حكومەتە دروستبكرێت "بەڵام ئێمە دەمانەوێت هەنگاو بنرێت و دڵی خەڵك خۆش بكرێت، دەبێت حكومەت بكرێتە قوربانی خەڵك، نەك خەڵك بكرێتە قوربانی حكومەت".

یەكەم داوای هاوبەش بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی لە 24ی مانگی رابردوودا بوو، كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، لەهەوڵەكانیان بەردەوامدەبن بۆ پێكهێنانی‌ حكومەتێكی كاتی كە چارەسەری‌ بژێوی‌ خەڵك بكات.

هەریەكە لەكۆمەڵ و یەكگرتوو كە لەناو ئەو لایەنانەدان كە داوای پێكهێنانی حكومەتی ئینتیقالی دەكەن، لەكابینەی ئێستای حكومەتدا بەشدارن، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر لە دوو ساڵە بەبڕیاری پارتی وەزیرەكانی نێردراونەتەوە ماڵەوە.

ئیسماعیل نامیق ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان،  بەخەندان-ی ڕاگەیاند، بەگۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری  یەكگرتووی ئیسلامی بەرەكە فراوانتردەبێت هەوڵەكە بەرهەمی دەبێت، "ئەگەر لەگەڵ یەكێتی و خەڵكانێكی دیكە قسە بكەین، ھەوڵەكە زیاتر دەچێتە پێشەوەو دەتواندرێت پڕۆسەكە باشتر بێت".

وتیشی، "ئێمە پەیوەندیمان بە باڵەجیاوازەكانی یەكێتی نیشتمانی-یەوە كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوبارەی كە یەكێتی تێدایە لەئێستادا ئەوان بڕیاردانیان لاوازە، بەڵام ھەرباڵەو لە ئاستی خۆیەوە پشتگیری ئەو بیرۆكەیە بكەن، بۆدروستكردنی حكومەتی ڕزگاری نیشتمانی".  

ئەوەشی خستەڕوو، "یەكێتیش نەزەری باشە بۆ پێكھێنانی حكومەتی ڕزگاری نیشتمانی  بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، بەڵام كە دێتە سەر ڕوونكردنەوە ڕەنگە ئەوانیش تێبینی خۆیان ھەبێت و ڕای خۆیان بڵێن". 

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە ئێستا هەڵوێستی لەپشتیوانی كابینەی ئێستاوە بۆ پشتیوانی حكومەتی كاتی گۆڕیوە جەختدەكاتەوە، ئەگەر سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بشمێننەوە، دەبێت پابەندبن بەبەرنامەی كاری حكومەتی كاتی یەوە

شێركۆ جەودەت، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو بەخەندانی راگەیاند "ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو داوای حكومەتێكی یەكڕیزی نیشتیمانی دەكات بەبەرنامەیەكی ڕاگوزەری، بەو واتایەی ئەمڕۆ یەكڕیزی نیشتیمانی لەهەموو شتێك گرنگترە بۆ ئەوەی بتوانین دانوستانێكی سەركەوتوو بكەین لەگەڵ بەغداد وە مووچەو بژێوی و دۆخی هەرێمی كوردستان بچێتەوە باری ئاسایی خۆی". 

جەختیشیكردەوە، دەبێت ڕێككەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەكاندا ئەنجام بدرێت و ڕێككەوتنی پەرلەمانیش هەبێت بۆ ئەوەی حكومەتەكە پێویستی بەهەر یاساو  بڕیارێك هەبووو پەرلەمان بۆیدەربكات و حكومەتیش پابەند بێت بەبەرنامەی ڕاگوزەری و لەبواری نەوت و سامانی سروشتی و سیستەمی موچەو چاكسازی بكرێت.

شێركۆ جەودەت وتیشی "لەگەڵ ئەوەداین كە سەرۆك و جێگری حكومەتی ئێستا ئەگەر بشمێننەوە پێویستە پابەند بن بە بەرنامەی ڕاگوزەری كە وەك و بەرنامەیەكی ئیمێرجنسی بێت بۆ فریاكەوتنی دۆخی هەرێمی كوردستان".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP