"روسیا رێگا نادات هێرشبكرێتەسەر عەفرین"
سكرتێری پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لەسوریا: رژێمی سوریا نایەوێت دوژمنایەتی كورد بكات

- 11/19/2017 2:08:00 PM 10365 جار خوێندراوەتەوە
محێدین شێخ ئالی

خەندان-خۆشناو حسێن

محێدین شێخ ئالی، سكرتێری پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لە سوریا رایدەگەیەنێت، رژێمی سوریا نایەوێت دوژمنایەتی لەگەڵ كوردی سوریا بكات لە رێگای كردنەوەی بەرەكانی پێكدادان لەگەڵ یەپەگە و یەپەژە، كە بەشێكن لە هێزەكانی سوریای دیموكرات.

لەم چاوپێكەوتنەی خەندان-دا محێدین شێخ ئالی، سكرتێری پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لە سوریا دەڵێت، "لەسەرەتای تەقینەوەی قەیرانی سوریا و لەماوەی 7 ساڵی رابردوودا ناوچە كوردییەكان لە باكوری سوریا بوونەتە شوێنێكی ئارام بۆ هەزاران ئاوارەی سوریا، هەڵوێست و هەوڵمان بەردەوامبوو بۆ پاراستنی دامودەزگاكانی گشتی و رەتكردنەوەی وتاری قین و دژایەتی لە ژێر ناوی جیهاد و شۆڕش".

خەندان: دوای لێدوانەكانی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا لەبارەی كونتڕۆڵكردنی هەموو ناوچەكانی ئەو وڵاتە، كە لە ژێركۆنتڕۆڵی یەپەگە و هێزەكانی سوریای دیموكرات-دان هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت، ئەگەر هێرشبكرێتەسەریان؟

محێدین شێخ ئالی: یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە دەرفەتی كەمەوە رۆڵی سەرەكییان بینی لە شكستپێهێنانی هێرشی دوژمنكارانەی گروپە چەكدارەكان و لەسەر رۆڵی بونیاتنەر-ی  پاراستنی ناوچە كوردییەكان و گشت باكوری سوریا، بەڕێوەبەری خۆسەری دروستبوون و بۆ هەموو چاودێرانی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەركەوت كە حزووری كورد و رۆڵی ئەرێنیان لە دیمەنی سوریادا راستیەكی گەورەیە و ئەوەش بووەتە جێگای توڕەبوونی شۆڤێنییەكانی دژبەرانی دۆزی كورد، چ لە چوارچێوەری رژێمی سوریادا یان ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی سیاسی، كە ئەمڕۆ زۆر هەوڵی ئەوەدەدەن و رژێمی سوریا هاندەدەن بۆ هێرشكردنەسەر یەپەگە و یەپەژە و دەستێكەڵبوون لەگەڵ توركیا بۆ گەمارۆدانی ناوچە كوردییەكان و بەتایبەت ئەمڕۆ لە ناوچەی عەفرین كە دراوسێی پارێزگای ئیدلیب و حەلەب-ە كە لە لای ئێمە نا پەسەندە و ئیدانەی دەكەین و خزمەت بەئاشتی و یەكگرتووی سوریا ناكات، هەروەها بەربەستی مەترسیدار و نوێ لەبەردەم هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی ئاشتیانە بۆ قەیرانی سوریا دەخوڵقێنێت.

خەندان: رێگای دیپلۆماسی هەیە بۆ دووركەوتنەوە لە پێكدانی سەربازی لەگەڵ هێزەكانی رژێمی سوریا؟

محێدین شێخ ئالی: ئەوەی من دەیبینم رژێمی سوریا نایەوێت دوژمنایەتی لەگەڵ كوردی سوریا بكات لە رێگای كردنەوەی بەرەكانی پێكدادان لەگەڵ یەپەگە و یەپەژە، كە بەشێكن لە هێزەكانی سوریای دیموكرات و هەوڵی توركیا كە هاوبەشە لەگەڵ لێدوانەكانی لایەنی ئێرانی بەرەو هاندانی رژێم بۆ لێدانی كورد بژاردەیەكی هەڵخەڵەتاندنە و باشتروایە سەركردایەتی سوریا رای قاهیرە و مۆسكو و یەكێتی ئەوروپا رەچاوبكات، پێش ئەوەی هەوڵی سەركێشی هێرشەكە ئەنجامبدات، قەیرانی سوریا بە گشتی بووەتە پرسێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی و پێویستە هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی چڕبكرێتەوە بۆ لێكتێگەیشتنێكی مێژویی كە ئاشتی و پێكەوە ژیانی ئارام بۆ هەموو سورییەكان دابینبكات.

خەندان: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاندووە بابەتی عەفرین لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا تاوتوێ دەكات، ئەوەی ئێوە بزانن پلانی توركیا لە سەر عەفرین چییە؟

محێدین شێخ ئالی: توركیا بە سەرۆكایەتی حیزبی ئاكەپە و بە هاوبەشی مەهەپە سیاسەتی گەمارۆدان و لەباربردنی كورد بەرپادەكات لە باكوری سوریا، لەوبارەوە بابەتی عەفرین بووەتە جێگای گرنگی ئەردۆغان، لە گفتوگۆكانی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتانی جیهان و بە تایبەتی كۆبوونەوەكانی ئاستانە دەرفەتێك بۆ توركیا رەخساوە بۆ ئەوەی مانۆڕی سەربازی ئەنجامبدات و ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت و یەكینەكانی سەربازی بەچەكی قورسەوە لە ریفی ئیدلیب لە سنوری عەفرین، هەروەها شارۆچكەی جندێرس و شێراوا جێگیربكات، بە هاوكاری گروپە چەكدارەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا و سوپای ئازاد، كە زۆربەیان توندڕەو و جیهادی سەلەفین و لە نێوانیشیاندا رێكخراوی قاعیدە.

خەندان: زیاد سبسبی جێگری سەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیرانی روسیا رایگەیاند، كە لەكاتی روودانی پێكدادان لە نێوان یەپەگە و رژێمی سوریا هێزەكانی روسیا بێلایەن دەبن و هەوڵدەدەن رۆڵی ئاشتەوایی ببینن لە نێوان هێزەكاندا، ئێوە چۆن هەڵوێستی روسیا دەخوێننەوە؟

محێدین شێخ ئالی: روسەكان باش دەزانن كە یەپەگە و هەسەدە ئەزموونی درێژیان هەیە لە دوورخستنەوەی مەترسی ئیسلامی سیاسی و شكستپێهێنانی داعش لە گشت باكوری سوریا، بە گشتی كێشەی روسیا لەگەڵ كوردی سوریا نییە و بە ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ كورد دەكەن و جەخت لە سەر پشتگوێنەخستنی كورد دەكات.
پێویستە رێز لە مافی كورد بگیردرێت بەپێی دەستوری نوێ، كە یەكگرتووی و ئاشتی سوریا بە خاك و خەڵكەكەی بپارێزێت، بۆیە روسیا لەگەڵ ئاڕاستەی رژێمی سوریا و هاوپەیمانە ئێرانییەكان نیە بۆ دروستكردنی پێكدادانی سەربازی لەگەڵ یەپەگە و تێكدانی پەیوەندی لەگەڵ كورد. 

خەندان: پێتوایە رووداوەكانی كەركوك و باشوری كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان دووبارە ببنەوە؟

محێدین شێخ ئالی: دۆخی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا لەگەڵ رووداوەكانی كەركوك و باشوری كوردستان بەراورد ناكرێت، لەو باوەڕدا نین رووداوەكانی كەركوك و هەرێمی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان دووبارەببنەوە، ئێمە سیاسەتی خۆمان دادەڕێژین و ئاڕاستەكانمان بەپێی راستییەكانی دۆخی سوریایە نەك بەپێی دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق، چ لە پێش پڕۆسەی ریفراندۆم و چ لە دوای ئەنجامە خەمبارەكەی كە كاریگەری لە سەر خەڵكی كوردستان كرد، حزب و هێزە شۆڤێنییەكان بەبوونی كورد دڵخۆش نابن لەهەرشوێنێك بێت.

نیشانەکردن :

#سوریا #تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP