"رازینەكرێن شەڕ بەردەوام دەبێت"
ئەندامێكی ئەنجومەنی هەسەدە: زۆرینەی عەشایەرەكانی ئەلبوكەمال لایەنگرانی داعشن

- 11/14/2017 4:54:00 PM 10713 جار خوێندراوەتەوە
عەمید حوسام ئەلعەواك

خەندان- خۆشناو حسێن

عەمید حوسام ئەلعەواك، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، ئەلبوكەمال پێگەیەكی ستراتیجی گرنگە لە پارێزگای دێرەزوور، "زۆرینەی عەشایەرەكانی ئەلبوكەمال لایەنگرانی داعشن و ئەگەر رازینەكرێن شەڕ و پێكدادان بەردەوام دەبێت".

عەمید حوسام ئەلعەواك،ئەندامی دەستەی سیاسی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات (هەسەدە) پێشتر بەڕێوەبەری هەواڵگری هێزە ئاسمانییەكان بووە لە سوپای سوریا، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی خەندان-دا ئاماژە بەوەدەكات، "زۆرینەی عەشایەرەكانی ئەلبوكەمال لایەنگرانی داعشن و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت پڕۆسەی شەڕی لێیدە و ڕاكەیە، چی لە لایەن داعش یان لە لایەن هێزەكانی رژێمی سوریا".

خەندان: لە ئەلبوكەمال چی روودەوودات؟

عەمید حوسام ئەلعەواك: ئەوەی لە ئەلبوكەمال دەگوزەرێت پڕۆسەی شەڕی لێیدە و ڕاكەیە، چی لە لایەن داعش یان لە لایەن هێزەكانی رژێمی سوریا، چونكە زۆرینەی عەشایەرەكانی ئەلبوكەمال لایەنگرانی داعشن، داعش گەورەترین پێگەی هەیە لە ناو جەماوەری ئەو ناوچەیەدا و ئەگەر ئەو جەماوەرە رازینەكرێت كە واز لە داعش بهێنن، ئەوا ئەو شەڕ و پێكدادانانە بەردەوام دەبن.

خەندان: گرنگی ئەلبوكەمال بۆ هاوپەیمانان و رژێمی سوریا و چەكدارانی داعش لەچیدایە؟

عەمید حوسام ئەلعەواك: هێزەكانی سوریای دیموكرات لە خەڵكی ناوچەكە و رۆڵەی عەشایەرەكانی ئەو ناوچەیە پێكدێن، لە ماوەیەكی نزیكدا ئۆپەراسیۆنەكان دەستپێدەكەن لە ئەلبوكەمال، چونكە ناوچەیەكی ستراتیجی زۆر گرنگە بەهۆی بوونی كێڵگەكانی نەوت و غاز، هەروەها ڕاڕەوێكی ستراتیجییە لە نێوان عێراق و سوریادا و فڕۆكەخانەی حەمدان، كە پێدەچێت لە داهاتوودا ببێتە بنكەیەكی ئەمەریكی لە سێگۆشەی عێراق و سوریا و ئەردەن و هێزەكانی هاوپەیمانان بە تایبەت ئەمەریكا.
ئەمەریكا زۆر گرنگی بە ئەلبوكەمال دەدات و دەیەوێت بە هاوكاری شەڕڤانانی سوریای دیموكرات كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بكات، لە رۆژانی داهاتوودا ئاڵای هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ئەلبوكەمال بەرزدەكرێتەوە، دوای دەركردنی داعش و هەمو گروپەكانی رژێمی سوریا و حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە.

خەندان: ئامانج لەكۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەلبوكەمال چیە؟

عەمید حوسام ئەلعەواك: بۆ رێگریكردنە لە هەندێك میلیشیا كە ویستوویانە لە عێراقەوە بێنە ناو خاكی سوریا كە ئامانجیانە ڕاڕەوێكی ئارام لە تاران و بەغدا بۆ دیمەشق بكەنەوە .
ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەردەن (سوپای سوریای نوێی) دروستكرد و كاری ئەوان ئەوەبووە لە ناوچەی تەنەف بەرەو شارۆچكەی ئەلبوكەمال كە هاوسنورە لەگەڵ ئەردەن و عێراق پێشڕەوی بكەن، بۆ ئەوەی رێگای نێوان سوریا و عێراق دابخەن، رێگا بە هاتنەوەی میلیشیا تائیفیە عێراقیەكان نەدەن.

خەندان: هاوڵاتیانی دێرەزوور بە دەسەڵاتی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات رازین؟

عەمید حوسام ئەلعەواك: من یەكێكم لە رۆڵەكانی دێرەزوور، خەڵكی دێرزوور ئازاری زۆری  لەسەر دەستی رژێمی سوریا و گروپەكانی حیزبوڵا و گروپە تائیفییەكانی دیكە بینیووە، كە لە عێراقەوە هاتوون، دوای دروستكردنی ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور و ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور خەڵكی ئەو شارە رازییە لەو ئەنجومەنانە و لە ئێستادا قبوڵكردنێكی جەماوەری بەهێزمان هەیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP