"دوای‌ دیاریكردنی‌ ده‌سته‌كه‌ سه‌ره‌كیترین پرس واده‌ی‌ كۆنگره‌یه‌"
ئه‌سه‌سه‌رد: ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌كته‌بی سیاسی ده‌بێت

- 11/10/2017 4:00:00 PM 8126 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌كێتی‌ هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌كته‌بی سیاسی ده‌بێت، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ خه‌ندان باس له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌كێتی‌ و پرسی كۆنگره‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان.

شه‌ممه‌ی‌ رابردوو ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا مه‌كته‌بی‌ سیاسی حزبه‌كه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و بڕیاریدا له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ نوێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌كێتی‌.


هه‌ڵبژاردنی‌ ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌كێتی‌

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو دوو رۆژ دوای‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی‌ تێیدا مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كۆبێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌و دیار نییه‌ كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان رایگه‌یاند، ده‌بێت كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بكرێت، جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ كات و شوێنه‌كه‌ی‌ دیاریده‌كات، ئه‌وكاته‌ هه‌موو ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ لێره‌ ئاماده‌ده‌بن.

وتیشی‌ "یه‌كێك له‌ئه‌ركه‌كانی‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مه‌كته‌بی سیاسی نوێیه‌، پێم وایه‌ كۆبوونه‌كه‌ به‌م نزیكانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و كاته‌كه‌ش خه‌ریكه‌ نزیكده‌بێته‌وه‌".

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان بڕیاریانداوه‌ مه‌كته‌بی سیاسی نوێ هه‌ڵبژێرن یان ده‌سته‌یه‌كی‌ كاتی‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌كێتی‌، ئه‌سه‌سه‌رد وتی‌ "ئه‌وه‌ هه‌ریه‌ك شته‌، له‌راپۆرته‌كه‌دا به‌ناوی‌ ده‌سته‌ هاتووه‌، به‌پێی په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ ناوی‌ مه‌كته‌بی سیاسییه‌".

رونیشیكرده‌وه‌ "11 كه‌س هه‌ڵده‌بژێردرێن كه‌ هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌كته‌بی سیاسیان هه‌یه‌و هه‌مان رۆڵ ده‌بینن".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ تاچه‌ند ئه‌گه‌ری‌ گۆڕانكاری‌ زۆر هه‌یه‌ له‌پێكهێنانی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌داو ئایا ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی سیاسی پێشوو زۆربه‌یان هه‌ڵده‌بژێردرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ یان نا، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد باسی‌ له‌وه‌كرد، هێشتا ئه‌وه‌ دیار نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌و كه‌سانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خۆیان كاندیدده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندی‌ به‌هاوپه‌یمانییه‌كانی‌ نێوان گروپه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌ده‌نگده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، تائێستا ئه‌وه‌ دیار نییه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو، مه‌كته‌بی سیاسی كۆن هه‌ر به‌پێی ناوچه‌كان دیاریكراوه‌، له‌بنه‌مادا هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه‌، دوو ئه‌ندامی‌ هه‌ولێر، دوو ئه‌ندامی‌ سلێمانی‌، دوو كه‌ركوك، دوو گه‌رمیان، سێ كه‌سی دیكه‌ش له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كان.

به‌وته‌ی‌ ئه‌سه‌سه‌رد، مه‌رج نییه‌ دیاریكردنی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌پێی ناوچه‌كان بێت، چونكه‌ له‌په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ باس له‌ هه‌ڵبژاردن به‌پێی ناوچه‌كان نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتی‌ كۆبونه‌وه‌دا ده‌كرێت له‌به‌رچاو بگیرێت، هه‌ردوو شێوازه‌كه‌ش گونجاوه‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ


كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی‌

ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوودا بڕیاریدا له‌سه‌ر به‌ستنی‌ كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی‌، به‌ڵام تائێستا كاته‌كه‌ی‌ دیارینه‌كراوه‌.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی‌ "دوای‌ دیاریكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ یه‌كێتی‌، سه‌ره‌كیترین پرس كه‌ ده‌بێت یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ به‌ستنی‌ كۆنگره‌یه‌".

وتیشی‌ "له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ پێشوو ئه‌وه‌ یه‌كلایی كرایه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كۆنگره‌ ببه‌سترێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌یه‌ كاته‌كه‌ی‌ دیاریبكرێت و لیژنه‌یه‌كی‌ باڵا بۆ كاركردن و ئاماده‌كاریی پێكبهێنرێت".

په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ره‌تیده‌كاته‌وه‌، یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بڕیاری‌ دابێت له‌سه‌ر هه‌ڵپه‌ساردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌، وه‌ك هه‌ندێك ده‌زگای‌ راگه‌یاندن بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌سه‌سه‌رد وتی‌ "شتی‌ وا به‌فه‌رمی‌ نییه‌، یه‌ك كه‌س به‌ته‌نها ناتوانێت بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بدات، سیاسه‌تی‌ ئێمه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ گۆڕانی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌".

رونیشیكرده‌وه‌ "ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ی‌ وتووه‌، گوزارشت له‌راوبۆچونی‌ خۆی‌ ده‌كات، گوزارشت له‌بۆچون و سیاسه‌تی‌ فه‌رمی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ ده‌بێت له‌ناو ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ تاوتوێ بكرێت و بڕیاری‌ له‌سه‌ر بدرێت ناكات".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌سه‌سه‌رد نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ سیاسه‌تی‌ یه‌كێتی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ گۆڕانی‌ به‌سه‌ردا بێت، ره‌نگه‌ وه‌كو خۆشی‌ بمێنێته‌وه‌، "به‌ڵام ئه‌وه‌ پێویستی‌ به‌بڕیارێكه‌ له‌ناو كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ بدرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP