"گیان له‌ده‌ستدانی‌ بریندارانی‌ چه‌كی‌ كیمیایی مایه‌ی‌ شه‌رمه‌"
نوخشه‌ ناسیح: پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كێشه‌ی‌ سیاسی و ئیداری هه‌یه‌

- 11/4/2017 2:58:00 PM 15112 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-خۆزگه‌ عه‌زیز

نوخشه‌ ناسیح قایمقامی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كێشه‌ی‌ سیاسی و ئیداری هه‌یه‌و ئه‌وه‌ی‌ پێویست بووه‌ بۆ پارێزگاكه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

نوخشه‌ له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ خه‌ندان باس له‌كێشه‌ی‌ پێكنه‌هێنانی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێیی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت "پێكنه‌هێنانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌م سیاسی و ئیداریشه‌ و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانیش به‌رپرسن له‌ دواكه‌وتنی‌".


خه‌ندان: بۆچی حكومه‌تی‌ ناوخۆیی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ تا ئێستا پێكنه‌هێنراوه‌ و لایه‌نه‌كان تاچه‌ند هۆكارن بۆ پێكنه‌هێنانی‌؟
نوخشه‌ ناسیح: پێكنه‌هێنانی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێیی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ سیاسیی و  ئیداریشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ سه‌رجه‌م  لایه‌نه‌كان به‌رپرسن له‌م كێشه‌یه‌، زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌میش خودی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كانن.

خه‌ندان: كێشه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان  بۆ پێكنه‌هێنانی‌ حكومه‌ت تاچه‌ند كاریگه‌ری كردووه‌ته‌  سه‌ر پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان؟
نوخشه‌ ناسیح: بێ‌ گومان حیزب به‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ند خوازانه‌ هه‌میشه‌ كاریگه‌ریی‌ نێگه‌تیڤی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر كۆی‌ پرۆسه‌كان به‌تایبه‌ت پرۆسه‌ی‌ ئاوه‌دانكاریی‌ و گه‌شه‌كردن،  بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ دووجار ڕاسته‌، هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌ر بچوكی‌ نه‌خشه‌ی‌ جوگرافی‌ و كه‌می‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوان و زۆریی‌ ڕێژه‌ی‌ حیزبه‌كان هه‌میشه‌ به‌ركه‌وته‌یه‌كی‌ خراپی‌ هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستێوه‌رانی‌ حیزبدا، حیزبیش هێنده‌ له‌ خه‌می‌ خۆیدا بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاگای‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خه‌ڵك نییه‌، بۆیه‌ ململانێی‌ حیزب له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌ر به‌ ته‌نیا كێشه‌ی‌ سیسته‌می‌ خۆجێیی‌ نه‌گرتووه‌ته‌وه‌ بگره‌ كاری‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر هه‌موو ژیانێكی‌ ئاسایی‌ و ئاسۆییش.

خه‌ندان: هه‌وڵتان نه‌داوه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌نده‌وه‌ بكه‌ن بۆ دابینكردنی‌ بودجه‌ بۆ پارێزگاكه‌؟
نوخشه‌ ناسیح: هه‌وڵه‌كانی‌ ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ڕێكاره‌ ئیدارییه‌كانی‌ خۆماندایه‌، ئه‌وه‌ ئیشی‌ ئێمه‌ نییه‌ باز بده‌ین به‌سه‌ر هه‌ندێك میكانیزمدا كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆماندا نییه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌وڵ هه‌بێت بۆ بڕینه‌وه‌ی‌ بودجه‌ و په‌یوه‌ندیی‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌ندا به‌ڵام ئه‌وه‌ لایه‌نی‌ تر هه‌یه‌ بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌.

خه‌ندان: دۆخی ئابوری كوردستان  كاریگه‌ری‌  كردووه‌ته‌ سه‌ر هاوڵاتیان و پێشتریش لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕایانگه‌یاند  ئاماژه‌ی‌ مه‌ترسیدار  له‌سه‌ر هاولاَتیانی‌  پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌  ده‌ركه‌وتووه‌ ئێوه‌ چیتان كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆخی هاوڵاتیان ؟
نوخشه‌ ناسیح: له‌به‌ر ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ كه‌ ڕووی‌ كردووه‌ته‌ هه‌رێم هه‌ڵه‌بجه‌ش پشكی‌ به‌ركه‌وتووه‌ له‌و قه‌یرانه‌  بگره‌ به‌ هۆی‌ زۆری‌ چینی‌ هه‌ژار و بێكار و كه‌مده‌رامه‌ت و بنه‌ماڵه‌ی‌ شه‌هید له‌م شاره‌دا دۆخی‌ قه‌یران لێره‌ به‌رفراوانتر و كاریگه‌رتره‌، ئێمه‌ زۆر كه‌ناڵمان گرتووه‌ته‌به‌ر تا لانی‌ كه‌م نه‌هامه‌تیی‌ و قه‌یرانه‌كان له‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆماندا كاڵ بكه‌ینه‌وه‌، به‌ دروستكردنی‌ ڕایه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و ده‌زگا خێرخوازییه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ حكومه‌ت و ئاگاداركردنه‌وه‌ به‌ یاداشت و نوسراو، ته‌نانه‌ت هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ و كارئاسانی ڕێكخراوی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ و خێرایی‌ تا هاوكار بن بۆ خانه‌واده‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌.

خه‌ندان: ئه‌وكه‌سانه‌ی تائێستا برینداری چه‌كی‌ كیمیایین چه‌ندن و چ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان و ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی‌ ده‌كرێته‌وه‌ ده‌توانێت چاره‌سه‌ری ئه‌وان  بكات؟
نوخشه‌ ناسیح: بریندارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ كاره‌ساته‌كه‌ هێشتا ڕێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاون، به‌ پێی‌ ئاماره‌كان  نزیكه‌ی په‌نجا هاوڵاتی ده‌بن، به‌ڵام باری‌ ته‌ندروستی‌ چه‌ند هاوڵاتییه‌كیان خراپه‌، به‌داخه‌وه‌ ساڵانه‌ جاربه‌جار ئه‌م هاوڵاتییه‌ بریندارانه‌ گیان ده‌سپێرن، كه‌ ئه‌مه‌ مایه‌ی‌ شه‌رمه‌ به‌ڕاستی‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ زۆربه‌یانین و هاوكاریانین و په‌رۆشیانین بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، به‌ڵام به‌شێك له‌و بریندارانه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم هه‌یه‌. بابه‌تی‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ش تا ئێستا نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێمان وایه‌ ده‌بێته‌ پاڵپشت و ناوه‌ندێكی‌ باش بۆ برینداران و ته‌واوی‌ هاوڵاتیانی‌ شاره‌كه‌.

خه‌ندان: له‌ سه‌ره‌تای‌ به‌ پارێزگابوونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ هاوڵاتیانی‌ سنووره‌كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ گه‌شه‌و ئاوه‌دانی‌ زیاتر بوون، و ئه‌و پرۆژانه‌ چین كه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ كراون له‌ ماوه‌ی‌ ده‌ست به‌كاربوونی‌ تۆوه‌ تا ئێستا؟
نوخشه‌ ناسیح: پاش بڕیاری‌ به‌ پارێزگابوونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاسته‌ هاوڵاتیان تموحیان زیاتر بوو به‌ هۆی‌ ئه‌و بڕیاره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ پێویست بوو بۆ پارێزگایه‌ك نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ش دیاره‌ فاكته‌ری‌ خۆی‌ هه‌یه‌ له‌وانه‌ نه‌بڕینه‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ تایبه‌ت،  پێكنه‌هێنانی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگا، پلانی‌ ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌بووه‌ بۆ ئاوه‌دانكاریی‌ و ده‌ربازكردنی‌ ئه‌م شاره‌ له‌چه‌قبه‌ستوویی‌، به‌ هه‌ماهه‌نگ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ نێوخۆیی و په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌ كارده‌كه‌ین له‌سه‌ر زۆر پرسی‌ خزمه‌تگوزاریی‌، كه‌ به‌شێكیان چوونه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردن و  ته‌واویش بوون و تائێستاش هه‌ندێك پرۆژه‌ به‌رده‌وامن.

خه‌ندان: له‌كاتی‌ بۆنه‌كاندا گه‌شتیاری زۆر ڕووده‌كه‌نه‌ هه‌ڵه‌بجه‌، به‌لام به‌هۆی نه‌بوونی‌ شوێنی‌  مانه‌وه‌یان ناتوانن بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر بمێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ داهات بۆ پارێزگاكه‌ چیتان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ توانیوتانه‌ ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن ؟
نوخشه‌ ناسیح: به‌داخه‌وه‌ ڕێژه‌ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌مه‌، مه‌سه‌له‌ی‌ بازاڕكردن و جموجوڵی‌ بازرگانی‌ لاوازه‌، ئه‌و كاتانه‌شی‌ كه‌ گه‌شتیار ڕوو ده‌كه‌نه‌ شاره‌كه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی‌ پلان و شوێنی‌ مانه‌وه‌ نامێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ زیاتر په‌یوه‌ندیی‌ به‌ تاكی‌ شاره‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ناتوانن ده‌ست بده‌نه‌ كارێك كه‌سودی‌ نه‌بێت، ئه‌و گه‌شتیارانه‌ به‌رده‌وام نییه‌، بۆیه‌ كردنه‌وه‌ی‌ بازاڕ و مۆڵ و مۆتێل پێویستی‌ به‌ قه‌ره‌باڵغیی‌ هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ كارئاسانیمان كردووه‌ بۆ هه‌ر لایه‌ن و كۆمپانیا و كه‌سێك كه‌ بیه‌وێت پڕۆژه‌ی‌ له‌م بابه‌ته‌ جێبه‌جێ‌ بكات، به‌ڵام كه‌مترین هه‌وڵ سه‌ری‌ گرتووه‌. به‌ڵام خوا یار بێت به‌رده‌وامیین له‌سه‌ر ڕاكێشان و هاندانی‌ كه‌رته‌ ئه‌هلیی‌ و تایبه‌ته‌كان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ ئه‌و بواره‌ له‌ پێناو فراوانكردنی‌ داهاتی‌ نێو خۆیی‌ و گه‌رمكردنی‌ جموجوڵی‌ بازرگانی‌ له‌ پێناو خه‌ڵك و ئاینده‌ی‌ شاره‌كه‌دا.

خه‌ندان: وه‌ك ژنێك ئه‌وبه‌ربه‌ستانه‌ چین كه‌ له‌به‌رده‌م كاره‌كانتدا دروست بوون؟
نوخشه‌ ناسیح: ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ باس بێت به‌ربه‌سته‌كان ئه‌وه‌ نه‌بوون كه‌ ئێمه‌ ڕابگرن له‌سه‌ر به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌جێندای‌ كارو پڕۆژه‌مان، ڕاسته‌ به‌هۆی‌ ژنبوونمانه‌وه‌ پێده‌چێت هه‌ندێك عه‌قڵ و لایه‌ن سه‌رئێشه‌ی‌ درووست كردبێت یان چاوی‌ عورف له‌سه‌رمان هه‌بێت، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا و پاشان به‌پاڵپشتی‌ ڕۆڵه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و خه‌ڵكه‌ باشه‌كه‌ی‌ توانیومانه‌ ڕۆڵی‌ كارا ببینین له‌ به‌ره‌وپێشبردنی‌ ئه‌م شاره‌. 

نوخشه‌ ناسیح ئه‌حمه‌د له‌ ساڵی‌ 1978 له‌دایك بووه‌و ده‌رچووی‌  كولێژی یاسای زانكۆی سلێمانیه‌ و بۆماوه‌ی‌  7 ساڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی‌ بیاره‌ بووه‌و له‌ ئێستاشدا  قائیمقامی‌  ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP