بەپەلە

فازڵ میرانی: ڕازین بەھاوبەشی لەگەڵ عێراق خاڵە سنوورییەکان بەڕێوەبەرین

- 11/3/2017 9:00:00 AM 15699 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، لێکترازانی لایەنەکان لەھەرێم و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ھێرشی ھێزە عێراقییەکان دوو مەترسی گەورەن و دەڵێـت رازین سنورەکان بەھاوبەشی بەڕێوەبەرن.

فازڵ میرانی، لەمیانی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەتیکردووەتەوە، کە حکوومەتی عێراق دەستی بەسەر خاڵە سنوورییەکانی ئیبراھیم خەلیل و فیشخاپووردا گرتبێت و دەڵێت''تا ئەم ساتەی من قسە دەکەم، حکوومەتی ھەرێم خاڵە سنوورییەکانی ئیبراھیم خەلیل و فیشخاپور بەڕێوەدەبات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو،''بەپێی دەستووری عێراق خاڵە سنوورییەکان لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ناوەندیی عێراق، بە ھاوبەشی بەڕێوەدەبرێن و دەستووری عێراق نەیوتوە ئەو خاڵە سنوورییانە بەتەنھا عێراق، یان ھەرێم بەڕێوەیان دەبات، ھەردوولا بەھاوبەشی بەڕێوەی دەبەن و ئێمە کە دەڵێین، با بەپێی دەستووری عێراق کێشەکان چارەسەربکرێن، کەواتە بێگومان ڕازین بەھاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی عێراق خاڵە سنوورییەکان بەڕێوە ببەین.''

 ئاماژەی بەوەشکردووە''ئێستا دوو مەترسیی ھەن لەسەر کوردستان یەکەم، لێکترازانی ھێزە ناوخۆییەکانی کوردستان، دووەمیش بێدەنگیی ئێستای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو کارانەی عێراق دەیکات بەرامبەر ھەرێمی کوردستان.''

سەبارەت بەھەڵوێستی پارتی لەسەر داواکاری بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم و پێکھێنانی حکوومەتی ڕزگاریی نیشتيمانی، میرانی دەڵێت''حکوومەتی ڕزگاریی نیشتيمانی بەھۆکاری یاسایی دەکرێت و ئێستا ھیچ ھۆکارێکی یاسایی نییە،‌ مەگەر ئەوەی لە ڕێگای کودەتاوە ئەو حکوومەتە پێک بھێنن، بزووتنەوەی گۆڕان، خۆی کەمینەیە،‌ لەگەڵ ڕێزمدا بۆیان، بەڵام لە دنیادا نەبووە کەمینە خۆی بسەپنێت، بەسەر زۆرینەداو بیەوێت داواکارییەکانی بە ‌زۆرینە بچەسپێنێت.''

لە وەڵامی ئەوەی گرەنتی چییە بۆ ھاتنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ ناو حکوومەت، جارێکی تر دەرنەکرێنەوە، وتوویەتی''گرەنتی ھەیە لە چەند مانگی پێشوو ئێمە داوامان لە بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ناو حکوومەت و پەرلەمان، ھەموو مەرجەکانیان ھاتنە دی بۆ گەڕانەوەی پەرلەمان، بەس نەگەڕانەوە ناو حکوومەت.''

نیشانەکردن :

#ھەولێر و بەغدا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP