ماجد بازرگان: گفتوگۆکانی ھەولێرو بەغدا تا زوبکرێت باشترە

- 11/2/2017 12:14:00 PM 6468 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-کوردستان جەلال

ماجد بازرگان، ئەندامی لیژنەی باڵای پارتە سیاسیەکانی کوردستان بەخەندان-ی ڕاگەیاند، سەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا، تا زووبکرێت باشترەو ئاگادارنییە کەی سەردانەکە ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بازرگان بۆ خەندان وتی، پێویستە شاندی ھەرێم بۆ بەغدا، "لەکەسانی شارەزاو پسپۆڕ لەحکومەت پێکبێت و شارەزابن لەچۆنێتی چارەسەرکردنی ئەوکێشانەی لەنێوان ھەرێم و بەغداد ھەیەو دەبێت یاسایی  و پسپۆڕبن لەبابەتەکاندا".

وتیشی، ئاگاداری ئەوەنین کە سبەینێ ئەوسەردانە ئەنجامبدرێت "ڕەنگە لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، باسی لێوەکرابێت بەڵام ئێمە ئاگادار نین، کێشەکان بەگفتوگۆ نەبێت چارەسەر نابن، ئەگەر ھەردوولا نیەتی ڕێککەوتنیان ھەبێت دەتوانن کێشەکان چارەسەربکەن، بەڵام ئەگەر نیەتی تریان ھەبێت ناتوانن".

بەوتەی ئەو، گفتوگۆ سەربازییەکان بەچاودێری ئەمەریکا ھەنگاوی باشیان بڕیوە، بەڵام ناکرێ گفتوگۆکان ھەر لەئاستی سەربازیدابن بەڵکو کێشەی ترمان زۆرەو تایبەتە بەحکومەت.
 
"ئەگەر گفتوگۆکان دەستپێبکات کاتی زۆری دەوێت، ھەندێک بابەت ھەیە ڕەنگە بگاتە ساڵێک یان زیاتریش، بەڵام پێویستە گرژیەکانی ئێستا کەم بکرێنەوەو متمانە لەنێوان ھەردوولادا دروست ببێت" ماجد بازرگان وای وت.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆگفتوگۆ لەگەڵ بەغداو حکومەتی عێراقیش داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەکات، ئەمەریکاو ئەوروپاش پشتیوانی دانوستانەکان دەکەن.

نیشانەکردن :

#ھەولێر و بەغدا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP