وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ عێراق بۆ خه‌ندان: ژماره‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم هه‌ڕه‌مه‌كییه‌

- 11/1/2017 8:58:00 PM 31332 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- خۆشناو حسێن

سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، پێویسته‌ چه‌ند رێوشوێنێك بگیرێته‌ به‌ر له‌باره‌ی‌ لیستی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ پێدانی‌ موچه‌كانیان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌و ئه‌وان پێیان وایه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ی‌ ئێستا "هه‌ڕه‌مه‌كییه‌و زۆر زۆره‌".

حه‌دیسی‌ له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ خه‌ندان له‌باره‌ی‌ میكانیزمی‌ پێدانی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم باس له‌وه‌ده‌كات، پێویسته‌ ئەو تۆمارانه‌ بخرێنه‌ ژێر وردبینی و پشتڕاستكردنه‌وه‌و گره‌نتی ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ ناوی وه‌همی و دووباره‌ نییه‌و گه‌نده‌ڵی تێدا نییه‌.

خه‌ندان: حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاند موچه‌ی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌نێرێت، كه‌ی ده‌ینێرێت؟
سه‌عد حه‌دیسی: له‌راستیدا هه‌وڵ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵییه‌وه‌ بۆ پێدانی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، هه‌فته‌ی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران رووناكی خسته‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ دیراسه‌كردنی میكانزمی ناردنی موچه‌كه‌، ته‌ئكیدی له‌سه‌ر گرنگی دانانی میكانزمێكی ورد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و پشتڕاستكردنه‌وه‌و وردبینی دارایی و چاودێری كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ وه‌كو نه‌ریتێك له‌هه‌موو ده‌زگاكانی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت جێبه‌جێ ده‌كرێت له‌ هه‌موو عێراقدا.
پێویسته‌ ئه‌و تۆمارانه‌ بخرێنه‌ ژێر وردبینی و پشتڕاستكردنه‌وه‌و گره‌نتی ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ ناوی وه‌همی و دووباره‌ نییه‌و گه‌نده‌ڵی تێدا نییه‌، ئه‌و ئیجرائاته‌ له‌گشت وه‌زاره‌ته‌كانی عێراق كراوه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ش به‌وه‌وه‌ گرێدراوه‌ دۆسیه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بخرێنه‌ژێر كۆنتڕۆڵی حكومه‌تی فیدڕاڵی و به‌دڵنیایی حكومه‌تی فیدڕاڵی هه‌وڵده‌دات بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرسه‌ و ئه‌وه‌ش پێویستی به‌یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ هه‌یه‌و حكومه‌ت ناردنی موچه‌ جێبه‌جێ بكات.

خه‌ندان: ئێستا نزیكه‌ی‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌، ئێوه‌ به‌پێی كام خشته‌یه‌ موچه‌ ده‌نێرن؟
سه‌عد حه‌دیسی: دوای ئه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی بووه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق هه‌موو تۆماری موچه‌خۆران له‌ وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌ت و فیدڕاڵی خرایه‌ ژێر وردبینی و چاودێرێی و پشكنینه‌وه‌، دیاربوو كه‌ كه‌سانێك هه‌ن له‌ چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌ك موچه‌ وه‌رده‌گرن و ناوی وه‌همیش هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ جیاكرانه‌وه‌، ئه‌مڕۆ ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشیان كه‌ موچه‌ له‌حكومه‌تی فیدڕاڵی وه‌رده‌گرن و ژماره‌یه‌كی دیاریكراوه‌و جێگیره‌، ده‌بێت هه‌مان ئه‌م رێنمایییانه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت.
ژماره‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڕه‌مه‌كییه‌و ده‌بێت حكومه‌تی فیدڕاڵی دڵنیا بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و موچه‌یه‌ به‌راستی ده‌گاته‌ فه‌رمانبه‌رانی راسته‌قینه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی یه‌و و ناچێته‌ گیرفانی فڵان و فیسار.
ملیۆنێك و 500 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌هه‌رێمی كوردستاندا ژماره‌یه‌كی زۆر زۆر گه‌وره‌یه‌ به‌به‌راورد به‌ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق به‌راورد به‌ ژماره‌ی دانیشتوانانی هه‌رێم، هه‌روه‌ها به‌به‌راود به‌دانیشتوانان له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقی رێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم زۆر زۆرن، بۆیه‌ ئامانج له‌ وردبینی و چاودێری تۆماری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ی ناوی دووباره‌و وه‌همی چاره‌سه‌ربكرێت و ناوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی تۆماربكرێن و هه‌روه‌ها پڕۆسه‌یه‌كی به‌دواداچوون بۆ تۆماری موچه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی به‌ڕێوه‌بچێت ئه‌وكات ئێمه‌ ده‌توانین باس له‌ژماره‌ی كۆتایی فه‌رمانبه‌ران بكه‌ین و ئێستا من ناتوانم دیاری بكه‌م كه‌ ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌بێت چه‌ند بێت.
ده‌بێت پڕۆسه‌ی چاودێری له‌لایه‌ن لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند له‌وبواره‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی راسته‌قینه‌ جێگیربكرێن و چونكه‌ هه‌ندێك ناو هه‌ن ته‌نها له‌سه‌ر كاغه‌زه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌چێته‌ خانه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌.

خه‌ندان: ئایا موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ راده‌ستی حكومه‌تی خۆجێیی پارێزگاكان ده‌كرێت یاخود حكومه‌تی هه‌رێم؟
سه‌عد حه‌دیسی: چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌ كه‌مێك ماوه‌ی ده‌وێت تاوه‌كو حكومه‌تی فیدڕاڵی ئه‌و رێكارانه‌ ئه‌نجامده‌دات، هه‌نگاو و ئاڕاسته‌یه‌كی جدی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئه‌نجامبده‌ین، ئێمه‌ پێداگیری ده‌كه‌ین كه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم موچه‌ی خۆیان وه‌ربگرن وه‌كو هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی دیكه‌ی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی به‌بێ پاشه‌كه‌وت و له‌كاتی خۆیدا به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و عادیلانه‌ی وه‌كو هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی پارێزگاكانی دیكه‌. 
ئێمه‌ هیوادارین به‌شێوه‌یه‌كی خێرا رێكاره‌كان به‌ڕێوه‌بچن له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكانی هه‌رێم موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین.
له‌باره‌ی چۆنییه‌تی ناردنی ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌رێم ئه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌كاره‌كانی تیمی هونه‌ری و ئابورییه‌وه‌ كه‌ شاره‌زان له‌و بواره‌دا، كه‌ ده‌بێت ئه‌وان هه‌موو تێبیینیه‌كانی خۆیان له‌باره‌ی پڕۆسه‌كه‌وه‌ بخه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری له‌باره‌وه‌ بدات و جێبه‌جێی بكات.

خه‌ندان: دانوستانی سیاسی له‌نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵی و هه‌رێمی كوردستان كه‌ی ده‌ستپێده‌كات؟
سه‌عد حه‌دیسی: دیالۆگی نێوانمان ده‌ستپێده‌كات دوای یه‌كلایكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140، هه‌روه‌ها كۆنتڕۆڵكردنی‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق و كێڵگه‌كانی‌ نه‌وت، ئه‌وكاته‌ ده‌توانین باسی دیالۆگی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP