هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات: 11 وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی بەشداری ئاوەدانکردنەوەی رەققە دەکەن

- 10/25/2017 9:26:00 PM 9926 جار خوێندراوەتەوە
ریاز دەرار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات

خەندان- خۆشناو حسێن

ریاز دەرار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی خەندان رایدەگەیەنێت كە 11 وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی بەشدار دەبن لە ئاوادانكردنی شاری رەققە و شارەكە لە لایەن رۆڵەکانی خۆیەوە بەڕێوەدەبرێت.

خەندان: دوای رزگاركردنی رەققە شارەكە تا تاڕادەیەک وێران بووە. ئایادەستکراوە بەکارکردن بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی شارەکە بۆ ماڵەکانی خۆیان؟

ریاز دەرار: ئەنجومەنی مەدەنی شاری رەققە چەند مانگێكە دەستی بە ئەركەكانی كردوە و خزمەتگوزاریی بۆ گوندە رزگاركراوەكان پێشكەشكردوە. هەروەها پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەکان هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەڕاندنەوەی ژیان بۆ شارەکە. لە دیداری رۆما لێكتێگەیشتن ئەنجامدراوە بۆیە لەو باوەڕەداین دوای پاكکردنەوەی رەققە لە پاشماوەكانی شەڕ، هەڵمەتێكی گەورە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ژێرخان و گەڕانەوەی خەڵك دەبێت، هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاسایشی شارەكە دەپارێزن و رێگریی لە گەڕانەوەی چەكدارانی داعش دەکەن .

خەندان: لە دیداری رۆما لێكتێگەیشتن لەسەر چی كراوە و لایەنی ئامادەبوان كێ بوون؟ 

ریاز دەرار: لە كوتایی مانگی رابردوو لە دیداری رۆما، ئەندامانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە لەگەڵ 11 نوێنەری وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی (ئیمارات و کوەیت) کۆبوونەوەو تێیدا باس لە دەستكەوتەكانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە و ئەنجومەنی سوریای دیموكرات كرا. ئەنجومەنی مەدەنی رەققە بەڵێنی هاوكاری بۆ ماوەی سێ ساڵی بەردەوام لەو وڵاتانە وەرگرت و دواتر بە پێی بەدواداچوونی پێشكەوتنەكان هاوكارییەكانیان زیاد دەكەن.

خەندان: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوكاریی مرۆیی پێشكەشدەكەن بە ئاوارەكان و پێداویستییەكانیان دابین دەکەن لە رەققە؟

ریاز دەرار: گرنگیپێدانی نێودەوڵەتی هەیە و بە شێوەیەكی رێكخراو بە تایبەت لە دوای دیداری رۆما و هەروەها بوونی هاوپەیمانان بەردەوامی هەیە لە ناوچەكە و خزمەتگوزارییەكان پێشكەشدەكەن، هەروەها (فەرەنسا و بەریتانیا) هاوكاریی دارایی خێرا دوای رزگاركردنی رەققە پێشکەش دەکەن، هاوكاریی ئەمەریكیش تا ئێستا نەوەستاوە لە كاتی رووبەرووبونەوەی لەگەڵ داعش و چاوەرێی بەردەوامبونی هاوكاریەكانیانن لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەو و گەڕانەوەی ژیان بۆ رەققە.

خەندان: شاندی عەرەبی و نێودەوڵەتی سەردانی باكوری سوریا و رۆژئاوای كوردستان دەكەن، ئایا هاوكاریان هێندەی بەڵێنەكانیانە؟

ریاز دەرار: هەموو شت بە پێوەرە، هیواداری هاوكاری زیاترین چونكە پێداویستی گەرانەوەی ژیان زۆر گرانە و برا عەرەبەكانمان (سعودیە و ئیمارات) بەشداردەبن لە ئاوەدانكردنەوەی رەققە.

خەندان: دوای رزگاركردنی، كێ رەققە بەڕێوە دەبات؟ ئایا رەققە وەكو هەرێمێك یان كانتۆنێك دەچێتە ناو سیستمی فیدراڵی باكوری سوریا؟

ریاز دەرار: رەققە لەلایەن رۆڵەکانیەوە بەرێوەدەبرێت، ئێمە دەزانین کە گۆڕانکاریە سەرەتاییەکان سەختن، بەڵام ھیوادارن بنەمایەک ھەبێت کە خەڵکی رەققە بتوانن بریاری گونجاوی خۆیان بدەن و ھیوادارن چارەسەری فیدراڵی نمونەبێت چونکە ئەوەنەبێت، واتای گەرانەوەیە بۆ باوەشی رژێم و لەو باوەردا نیم ئەوە گونجاو بێت، چونکە رژێمی سوریا ھیچ سیاسەتێکی خۆی نەگۆریوە و بەھەمان عەقڵیەت بیردەکاتەوە پێش شۆڕشی ئازادیی و کەرامەت. رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رژێمی سوریا لەبواری سیاسیدا بەردەوامە و پێویستە ناوچە رزگارکراوەکان وەکو کارتی فشار لە دەستی ئێمەدابن بۆ گۆڕینی سیاسەتی ستەمکاری و گەندەڵی و دزی رژێمەکەو چارەسەری دیموکراتی فیدراڵی تاکە چارەسەرە.

خەندان: رەققە چۆن دەپارێزرێت لە لایەن هیزەكانی سوریای یموكرات و ئەگەر رژێمی سوریا پێشڕەوی بكات چۆن شارەكە دەپارێزن؟

ریاز دەرار: هاوبەشیمان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوامە و بەو شێوەیە دەمێنێتەوە بۆ پێشخستنەوەی ناوچە رزگاركراوەكان و پاراستنیان لە گەڕانەوەی چەكدارانی توندرەو یان هێرشەكانی رژێمی سوریا یاخود هەڕەشەكانی وڵاتانی دراوسێ.

خەندان: روداوەكانی ئەم دوایەی هەرێمی كوردستان و عیراق کاریگەرییان لە سەر باكوری سوریا و رۆژئاوای كوردستان چۆن دەبێت؟ ئێوە چ چارەسەرێكی گونجاو دەبینن؟

ریاز دەرار: هیچ دژایەتیەكمان لەگەڵ حكومەتی عیراق نیە و ئەوەی لە عیراق دەگوزرێت كاروباری ناوخۆیە و ئێمە رێگەمان نەدا دەستوەردەنە كاروبارمان و رێگا بەخۆشمان نادەین دەستوەردان بکەین. هیوادارن لێكتێگەیشتن بكرێت و بگەرێنەوە بۆ دەستور و نەگەڕێنەوە بۆ رووبەرووبونەوە، چونكە زیان بە هەموو لایەنەكان دەگەیەنێت و دەبێتە دووبەرەکی کە تەنیا دوژمنەكان سوودی لێوەردەگرن. بە بۆچوونی من، دەبێ برایانمان لە هەرێمی كوردستانی عیراق سەرەتا لەناوخۆیاندا بگەنە تێگەیشتن و هەڵوێستێكی هاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکان پێشكەش بە حكومەتی عیراقی بکەن و رێگا بە لێکترازان نەدەن كە لاوازیان بكات و هەموو دەستکەوتەکانیان لەدەستبدەن. دوای ئەوەی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهان پشتیان تێكردن، دەبێ پشت بە لێكتێگەیشتنی ناوخۆیی ببەستن.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP