ئەمەریكا: لە نزیكەوە چاودێری ڕەوشی كەركوك دەكەین و هیوادارین توندوتیژی ڕوونەدات

- 10/13/2017 11:09:00 AM 15808 جار خوێندراوەتەوە
هێزەر ناوێرت

خەندان- دانا تەیب مەنمی 

هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەبارەی ڕەوشی كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەرییەوە رایگەیاند، ئەوان  بەدڵنیاییەوە  لە نزیكەوە چاودێری ڕەوشە دەكەن و هیوادارن توندوتیژی ڕوونەدات. 
 
هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لەمیانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی وەزارەتەكەیدا ڕایگەیاند، " ئێمە ئەو ڕاپۆرتانەمان بینیوە، ئێمە بەدڵنیاییەوە لە نزیكەوە چاودێری ئەو ڕەوشە دەكەین، ئێمە بەبەردەوامی پەیوەندیمان كردووە بە لایەنە جیاوازەكانەوە كە خۆیان بەدووربگرن لە هەموو جۆرە توندوتیژییەك."

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان نایانەوێت هیچ جموجوڵێكی دیكە كە سەرنج لەسەر شەڕی دژی داعش دووربخاتەوە ڕووبدات.

ناوێرت ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان تێبینی لێدوانەكانی وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراقیان كردووە، كە هێزەكانیان لەشوێنەكانی خۆیاندان، سەرنجیان لەسەر شەڕی دژی داعشە و ئەمەریكا وتەكەی ئەوان وەردەگرێت، "هیوادارین هیچ توندوتیژییەك بەدەر لە شەڕی دژی داعش لەو ناوچانە ڕوونەدات". 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP