پاش نۆ مانگ هاوسه‌رگیری‌، بۆمبێكی‌ داعش سامانی‌ له‌هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ كرد

- 10/9/2017 1:37:00 PM 41429 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-فه‌ریق حه‌بیب

سامان ئیبراهیم (31 ساڵ) به‌سه‌ركه‌وتویی بۆمبێكی‌ داعشی‌ پوچه‌ڵكرده‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ ئاگاداری‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ بۆمبێكی‌ دیكه‌ له‌ژێریدا شاردراوه‌ته‌وه‌و به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌وه‌ بۆ دواجار چاوه‌كانی‌ لێكنا.

دوای‌ چه‌ند رۆژێك له‌رزگاركردنی‌ گونده‌كانی‌ عه‌تاشه‌و عوزێرییه‌وه‌ وه‌حده‌ له‌سنوری‌ داقوق، سامان و هاوسه‌نگه‌ره‌كانی‌ له‌گوندی‌ وه‌حده‌ جێگیربوون. به‌ڵام چه‌كدارانی‌ داعش ناوبه‌ناو له‌دوره‌وه‌ به‌قه‌ناس ته‌قه‌یان لێده‌كردن. 

كرمانج محه‌مه‌د له‌دایكبووی‌ (1991) هاوڕێ‌‌و هاوسه‌نگه‌ری‌ شه‌هید سامان، بۆ خه‌ندان باسی‌ له‌وه‌كرد، شه‌هید سامان‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك چووبوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانن له‌كوێوه‌ ته‌قه‌كان ده‌كرێن، له‌ ته‌نیشت دیوارێك سه‌یریان كردبوو بۆمبێكی‌ داعش دیاره‌، ئه‌وان دركیان به‌وه‌نه‌كردبوو ئه‌وه‌ ته‌ڵه‌یه‌و بۆمبێكی‌ تر له‌ژێر ئه‌و بۆمبه‌دایه‌.

وتیشی‌ "هاوڕێكانی‌ وتبوویان ده‌ستی‌ لێ‌ مه‌ده‌ن، به‌ڵام شه‌هید سامان وتبووی‌ ئێستا پووچه‌ڵی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ نه‌وه‌ك بته‌قێته‌وه‌ به‌فه‌قیرێكدا، كه‌ بۆمبه‌كه‌ی‌ پووچه‌ڵكردبووه‌وه‌ بۆمبه‌كه‌ی‌ ژێره‌وه‌ پێیاندا ته‌قیبووه‌وه‌، جگه‌ له‌و دوو شه‌هیده‌، كاك عه‌لی‌‌و رێبواریش برینداربوون".

كرمانج ده‌ڵێت شه‌هید سامان پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ زۆر ئازابوو، له‌چاونه‌ترسیدا بێ‌ وێنه‌بوو، كه‌سێك بووه‌ هه‌میشه‌ حه‌زی‌ له‌ڕاستی‌ بووه‌، "قسه‌ی‌ رووبه‌ڕوو بوو، ئه‌و له‌هه‌ر شوێنێك بووایه‌ كه‌ ئیشت پێی بوایه‌‌و ته‌له‌فۆنت بۆ بكردایه‌ یه‌كسه‌ر ئه‌گه‌یشته‌ لات‌و به‌هاناته‌وه‌ ئه‌هات، بۆیه‌ شه‌هیدبوونی‌ ئه‌و كه‌لێنێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ناوماندا درووست كرد، حه‌زم ئه‌كرد خۆم شه‌هیدبوومایه‌ نه‌ك ئه‌و" .

شه‌هید سامان ئیبراهیم حه‌سه‌ن له‌ساڵی‌ 1985 له‌شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایكبووه‌، تا پۆلی‌ شه‌شه‌می‌ سه‌ره‌تایی‌ خوێندووه‌، له‌ساڵی‌ 2004 بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، دوا شوێنی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ پاسه‌وانی‌ سنووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. له‌ رۆژی‌ 21/3/2015 له‌گوندی‌ وه‌حده‌ی‌ سنوری‌ داقوق، به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبێكی‌ داعش، له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رێكی‌ تری‌ به‌ناوی‌ ئه‌یوب شه‌هیدبوون.

باوك‌و دایكی‌ شه‌هید له‌ژیاندا ماون‌و له‌شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ژین، شه‌هید سێ خوشك‌و چواری‌ برای‌ هه‌یه‌، پێشتریش خوشكێكی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردبوو. شه‌هید سامان چواره‌م منداڵی‌ خێزانه‌كه‌یه‌تی‌. 

سامان له‌ 20/6/2014 نۆ مانگ پێش شه‌هیدبوونی‌، هاوسه‌رگیریی‌ له‌گه‌ڵ چرۆ نه‌سره‌دین (22 ساڵ) كردبوو.

چرۆ بۆ خه‌ندانی‌ گێرایه‌وه‌ كه‌ بۆ دواجار هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ دوو رۆژ به‌ر له‌شه‌هیدبوونی‌ بینیووه‌، هه‌روه‌ها نیو كاتژمێر به‌ر له‌شه‌هیدبوونی‌ به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵی‌ كردووه‌، "چای‌ ده‌خوارده‌وه‌، ته‌نانه‌ت وتی‌ ئه‌م نیوه‌ڕۆیه‌ شله‌ی‌ په‌تاته‌مان خواردووه‌ من حه‌زم لێ نه‌بوو نانم كه‌م خواردووه‌، به‌ڵكو ئێواره‌ چێشتێكی‌ خۆشمان بۆ لێبنین، به‌داخه‌وه‌ زۆری‌ نه‌برد هه‌واڵی‌ شه‌هیدبوونیان پێدام".

چرۆ به‌و پێیه‌ی‌ خوێندكاری‌ قۆناغی‌ سێهه‌می‌ زانكۆ بوو له‌سلێمانی‌‌و ماڵیان له‌هه‌ڵه‌بجه‌ بوو، كه‌متر له‌گه‌ڵ سامان به‌یه‌كه‌وبوون، "ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێكه‌وه‌بووین ژیانێكی‌ ئاسایی‌‌و خۆشمان هه‌بوو".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌و تابڵێی‌ كه‌سێكی‌ باش‌و رووخۆش بوو، حه‌زی‌ له‌یارمه‌تیدانی‌ كه‌سانی‌ تر بوو، خۆشه‌ویست بوو لای‌ هاوڕێكانی‌، پشتیوانم بوو بۆ ته‌واوكردنی‌ زانكۆ، نێوانمان زۆر خۆش بوو".

سامان دوو مۆبایلی‌ پێبوو، وشه‌ی‌ نهێنی‌ هه‌ردوكیانی‌ كردبوو به‌ناوی‌ چرۆوه‌، "ته‌نانه‌ت كه‌ شه‌هیدبوو هه‌ر من توانیم مۆبایله‌كانی‌ بكه‌مه‌وه‌، ئه‌و هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ی‌ شه‌هیدبێت وتی‌ چرۆ ناوی‌ تۆم كردووه‌ته‌ ره‌مزی هه‌ردوو مۆبایله‌كه‌م، ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ شتێك بوو ته‌نها تۆ ده‌توانی‌ بیانكه‌یته‌وه‌".

"منداڵی‌ زۆر خۆشه‌ویست، به‌ڵام خۆمان به‌حوكمی‌ ده‌وامه‌كه‌ی‌ من كاتی‌ ئه‌وه‌مان نه‌بوو باسی‌ منداڵی‌ خۆمان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر حه‌زیشی‌ له‌منداڵ بووبێت ره‌نگه‌ له‌به‌ر من دڵی‌ نه‌هاتبێت پێم بڵێت. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی‌ بۆمان كرابێت له‌و ماوه‌ كورته‌دا هه‌وڵمان ئه‌دا به‌خۆشی‌ به‌سه‌ری‌ به‌رین‌و زۆرجار پێكه‌وه‌و هه‌ندێجاریش له‌گه‌ڵ كه‌سوكاردا ده‌چوین بۆ سه‌یران‌و گه‌شت" چرۆ واده‌ڵێت.

چرۆ، ماوه‌ی‌ دوو ساڵه‌ خوێندنی‌ ته‌واوكردووه‌و تائێستاش دانه‌مه‌زراوه‌، ئێستاش تاكه‌ شت هاوڕێ‌‌و هاوده‌مێتی‌ ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی‌ نۆ مانگی‌ ژیان له‌گه‌ڵ سامان بۆی‌ درووستكردووه‌.

ئێستا هاوسه‌ری‌ شه‌هید له‌ماڵی‌ باوكی‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ سه‌رای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ژێت، گۆڕی‌ شه‌هیدیش له‌گۆرستانی‌ گوڵان-ی‌ هه‌مان شاره‌.

سه‌ردار (30 ساڵ) برای‌ شه‌هید، دوا جار دوو رۆژ به‌ر له‌شه‌هیدبوونی‌، سامانی‌ برای‌ بینیووه‌، كاتێك چوبوون بۆ سه‌یران دوو شه‌ویان پێچوو "كه‌ هاتینه‌وه‌ بۆ ماڵ، شه‌وی‌ 19 له‌سه‌ر 20ی‌ مانگ بۆ دواجار بینیم، رۆژی‌ 20ی‌ مانگ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ‌و 21ی‌ مانگ شه‌هید بووه‌".

ئه‌و رۆژه‌ی‌ رۆیشته‌وه‌ بۆ ده‌وام تا سه‌مان گه‌یشته‌ به‌ره‌ی‌ شه‌ڕ، سێ‌ جار ته‌له‌فۆنی‌ بۆكرد، "پێموت برا زۆر ئاگات له‌خۆت بێت، تیرۆریستانی‌ داعش ته‌نانه‌ت قورئانیش بۆمبڕێژ ده‌كه‌ن، ده‌ستكاریی‌ هیچ شتێك نه‌كه‌یت، وتی‌ به‌سه‌رچاو خه‌مت نه‌بێت، به‌ڵام هه‌ر دڵم لای‌ بوو ئه‌و كه‌سێكی‌ نه‌ترس‌و به‌غیره‌ت بوو، ئیتر ئه‌وه‌ بوو له‌دوای‌ سه‌عات سێی‌ پاشنیوه‌ڕۆ به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبێكه‌وه‌ شه‌هیدبوو".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "برایه‌تیمان زۆر خۆش بوو، تا بڵێی‌ یه‌كترمان خۆشده‌ویست. شه‌هیدبوونی‌ سامان كه‌لێنێكی‌ زۆری‌ خستووه‌ته‌ ناو ژیانمان. به‌رده‌وام خه‌وی‌ پێوه‌ ده‌بینم".

سامان ئێستاش ماڵ‌و دوكانه‌كه‌ی‌ هه‌مووی‌ وێنه‌ی‌ شه‌هیده‌، سێ‌ رۆژ دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ ئۆقره‌ی‌ نه‌ما‌و چوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ی‌ لێی‌ شه‌هیدبوو، مۆڵه‌تی‌ شۆفێرییه‌كه‌ی دۆزییه‌وه‌، شه‌ش هه‌زار دیناری دۆزییه‌وه‌ كه‌ هی‌ شه‌هید ئه‌یوب-ی‌ هاوڕێی‌ بوو، "شه‌هید ئه‌یوب 20 هه‌زاری‌ پێبووه‌ كه‌ رۆیشتووه‌ته‌وه‌، 10 هه‌زاری‌ دابوو به‌كرێی‌ ئۆتۆمبێل‌و له‌ڕێی‌ چوار هه‌زاری‌ بۆ نانخواردن خه‌رجكردبوو شه‌ش هه‌زاری‌ پێ مابوو، بردمانه‌وه‌ بۆ خێزانه‌كه‌ی‌".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP