بەپەلە

فایەق ئاواتی بوو منداڵەکانی خوێندن تەواوبکەن
کەگەڕایەوە بۆسەنگەرەکان دوایین ئاوڕی لەماڵەکەی دایەوە

- 10/3/2017 2:22:00 PM 17306 جار خوێندراوەتەوە
شەھید فایەق عەبدوڵا ساڵح

خەندان-

بەرەبەیانی زوو، سێیەم رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠١٤بوو،  فایەق نانی بەیانی لەگەڵ سەعدییەی ھاوسەری خواردوو، بێ ئەوەی منداڵەکانی خەبەربکاتەوە، ماڵەوەی جێھێشت، بەرەوە سەنگەرەکانی شەڕ لە قەرتەپە، پێش ئەوە سواری ئۆتۆمبێلەکە بێت بۆ دواجار ئاوڕی بەرەو ماڵەکەی دایەوە، ئەوە دوایین ئاوڕدانەوەی بوو، ئیدی نەگەڕایەوە.

سپێدەی، ٦-١٠-٢٠١٤ لەگەڕەکی کانی سپیکەی شاری سلێمانییە،وە فایەق بەرەو قەرەتەپە بەڕێکەوت، تاگەیشتە شوێنی ئەرکەکەی سێ جار بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەعدییەی ھاوسەری کرد شەش رۆژ دواتر خۆکوژێکی داعش خۆیکرد بەسەنگەرەکەیدا، و فایەق و نۆ ھاوڕێی دیکەی شەھیدکرد.

شەھید فایەق عەبدوڵا ساڵح، لەساڵی١٩٧٢لەگووندی یاخسەمەری سەر بەناحیەی سورداش لەدایکبووە، تاقۆناغی شەشەمی سەرەتایی خوێندووە، لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە بووەتە پێشمەرگە، لەژیانی پێشمەرگایەتیدا جارێکی تریش بەسەختی برینداربووە، دوا شوێنی پێشمەرگایەتی لقی شارباژێڕی کۆمەڵەی کەمئەندامانی سەنگەربووە، لەڕۆژی١٢-١٠-٢٠١٤ لەگەڵ کۆمەڵێک لەھاوسەنگەرانی لەقەرەتەپە بەھۆی پەلامارێکی خۆکوژیی داعش-ەوە بەسەختی برینداربووە، شەوی ١٦ لەسەر ١٧ی١٠ی٢٠١٤ شەھیدبووە.

سەعدیە محەممەد ٤٥ساڵ، لەساڵی ١٩٩٣ھاوسەرگیریی کردووە لەگەڵ شەھید فایەق، ئەوان دایک و باوکی، سێ کوڕ و دوو کچن، ھۆگر٢١ساڵ، منداڵی گەورەیان بوو، محەممەد ٥ساڵ منداڵی بچوکیان بوو.

شەھید فایەق

دواجار کەسەعدییە ھاوسەرەکەی بینیووە، سێھەم رۆژی جەژنی قوربان، ٦-١٠-٢٠١٤ بوو،  کاتژمێر ٠٦:٣٠ خولەکی بەیانی"نانو چام بۆ ئامادەکردنو نانی خواردو رۆیشت، تا گەیشتە قەرەتەپە سێ جار تەلەفۆنم بۆ کردو ھەواڵم پرسی، ئەوە دواجار بوو کە بیبینم".

رۆژێک دواتر، فایەق دیسان تەلەفۆن دەکاتەوە بۆ سەعدییە"تەلەفۆنی کردو پاش ھەواڵپرسینی ھەموو منداڵەکان، بەتایبەتی ھەواڵی محەممەدی پرسی زۆری خۆشدەویست دڵی لای بوو، محەممەد خەوتبوو، وتی خۆ نەخۆش نییە، وتم نەخێر وتی زۆر باشە، ئێمە لەقەرەتەپەین و ھیچ کێشەیەکمان نییەو دڵتان لام نەبێت، وتیشی ئەگەر لەکاتی نوێژەکاندا تەلەفۆنتان کرد و وەڵامم نەدانەوە دڵتان لام نەبێت".

تارۆژی ١٢/١٠واتە رۆژی رووداوەکە، ھەموو رۆژێک، سەعدییەوە فایەق، بەتەلەفۆن قسەیان کردووە، "ئەگەر ئەو رۆژە تەقینەوەکە نەبووایە سێ رۆژ دواتر دەھاتنەوە بۆماڵەوە، چونکە ئەرکەکەیان تەواو دەبوو".

بەوتەی سەعدییە کە لەھاورێکانی فایەق-ەوە زانیاری  وەرگرتووە، تەواوی ھاوسەنگەرانی شەھید فایەق کە لەگەڵیدابوون لەو سەنگەرەدا، شەھیدبوون، پێشمەرگەکان لەناو بارەگاکەی خۆیاندا بوون لەقەرەتەپە، خۆکوژێکی داعش بەئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە خۆیکردووە بەبارەگاکەیانداو خۆی تەقاندووەتەوە، بەھۆیەوە فایەق ‌و نۆ کەس لەھاوسەنگەرانی شەھیدبوون.

دوای تەقینەوەکە، فایەق بەبرینداریی دەھێندرێتە نەخۆشخانەی کەلار، دوای ئەوەی کەسوکارو خزمەکانی بەڕووداوەکە دەزانن دەچن بۆ کەلار و دەیھێننەوە، بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش، دواتریش بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، سەعیدیە دەڵێت،"ئەو تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو، یەکجار دەرفەتیاندا من بچم بۆ لای، لەڕێی ئامێرەوە ھەناسەی دەدا، ئاگای لەخۆی نەبوو".

شەھید فایەق

خێزانەکەی فایەق، پێشنیاردەکەن بیگوازنەوە بۆ دەرەوەی وڵات، بۆئەوەی چارەسەری بۆبکرێت،" بەڵام پزیشکەکان وتیان، بێ سوودە، ناکرێت بجوڵێنرێت و زۆر ئەستەمە بمێنێت، سەرەنجام شەوی ١٦لەسەر ١٧/١٠گیانی لەدەستدا" ھاوسەری شەھید بەدەنگێکی خەمناکەوە وایوت.

سەبارەت بە ژیانی خێزانییان، سەعدییە دەڵێت" بەر لەشەڕی داعش ژیانێکی خۆش و ئاساییمان ھەبوو، نەھەژاربووین و نەدەوڵەمەند، مامناوەند بووین، کێشەیەکی ئەوتۆمان نەبوو، بەڵام ھاتنی تیرۆریستانی داعش سەراپای ژیانی خێزانەکەمانی گۆڕی".

باسیلەوەشکرد، گەورەترین ئاواتی شەھید ئەوەبووە منداڵەکانی خوێندن تەواوبکەن،"ھەمیشە ئەیوت ئەبێت منداڵەکان خوێندن تەواوبکەن، بەھەر شێوەیەک بێت، بۆیە ئێستاش من بەوپەڕی توانامەوە کار بۆ ئەوەدەکەم ئاواتەکەی بەدیبھێنم و ھەموویان خوێندن تەواوبکەن، ئێستا کوڕە گەورەکەم سێیەم ساڵی زانکۆیەتی و پشت بەخوا ئەوانی تریش خوێندن تەواو دەکەن".

ھۆگر، کوڕە گەورەی شەھید فایەق، ئێستا کەخوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی عەرەبییە لەزانکۆی چەرموو لەچەمچەماڵ، باسلەوەدەکات بۆدواجار باوکی شەوێک بەرلەوەی بڕواتەوە بۆ ئەرکی پێشمەرگایەتی بینیووە.

ھۆگر بۆخەندان، قسەیکردو وتی، شەوەکەی نزیکەی کاتژمێر٠١:٠٠بوو، سەرقاڵی ئامادەکردنی تفەنگ و فیشەک و پێداویستییەکانی تری بەرەی شەڕ بوو، من و ھۆشەنگ و دایکم بەخەبەر بووین خوشکەکانم خەوتبوون، ئەو دڵێکی نەرمی ھەبوو و کەسێکی بەسۆز بوو.

بەوتەی ھۆگر، کە باسی رۆیشتنەوەکەییان کردووە پێی وتوون بچن بخەون باشترە، "دیارە پێی خۆش نەبوو لەسەر ئەو مەسەلانە قسەبکەین، ئەوە دواجار بوو کە بیبینم، کە بەیانییەکەشی رۆیشتبوو ئێمەی لەخەو ھەڵنەساندبوو دایکم دەڵێت بەر لەوەی بچێتە ناو تاکسیەکەوە بۆ دواجار ئاوڕێکی لەماڵ داوەتەوە".

شەھید فایەق لەگەڵ ھاوسەر و منداڵەکانی

"راستە من کوڕە گەورە بووم، بەڵام باوکم ھیچ جیاوازییەکی نەدەکرد لەنێوانماندا، ھەموومانی خۆشدەویست، زۆر حەزی لەوەرزی بەھار بوو، بۆئەوەی بچین سەیران، و ئەوەندەی بواری ھەبووایە دەچووینە دەرەوەی شار و ماوەیەک لەسرووشت، رادەماو پاشان دەگەڕاینەوە، وەسیەتی باوکمان ئەوەبوو کە خوێندن تەواو بکەین، بۆیە ھەموومان بەنیازین وەسیەتەکەی بەجێبھێنین، من خۆم بەنیازم لەدوای بەکالۆریۆس خوێندنی باڵاش تەواوبکەم"، ھۆگر وای وت.

وتیشی" لەدەستدانی باوکمان کاریگەریی قووڵی لەسەر ھەمومان جێھێشتووە، بەڵام شانازی پێوەدەکەین کە لەپێناو خاکی کوردستاندا شەھیدبووە". 

ماڵی شەھید لەگەڕەکی کانی سپیکەی شاری سلێمانییە، و گۆڕەکەشی لەگۆڕستانی کەڵەکنی ھەمان شارە، شەھید چوار خوشک و یەک برای ھەیە و برا گەورەی خێزانەکەیان بووە.


نیشانەکردن :

#پێشمەرگە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP