بەپەلە

بەڤیدیۆ..بەرھەم ساڵح پەیامی دەستپێک و دامەزراندنی ھاوپەیمانێتییەکەی بڵاوکردەوە

- 10/2/2017 6:50:00 PM 78823 جار خوێندراوەتەوە
بەرھەم ساڵح


خەندان-

بەرھەم ساڵح، لەپەیامێکدا، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری راگەیاندوو، دەڵێت، بۆیە تەکبیری ئێمە ھاوپەیمانی بوو، چونکە بڕوامان وایە چارەسەری ئەم بارە ناھەموارە، ڕووبەڕووبونەوەی ئەم زوڵم وستەمکاریە، بە تاکە کەس و بەتاکە حزب و بە ناوچەیەک ناکرێ.

بەرھەم ساڵح، لە دەستپێکی پەیامەکەیدا، کە لەھەولێرەوە، ئاراستەی کوردستانیان، و عێراق، و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، ئەوەی خستووەتەڕوو"ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، وەکو قەوارەیەکی سیاسی و خزمەتگوزار، بۆبەشداری ھەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان، بەئێوەی ئازیز ڕادەگەیەنین".

لە وەڵامی پرسیاری، ھاوپەیمانی بۆچی؟، بەرھەم ساڵح، رونیکردووەتەوە، ئەم قەیرانە سەختەی ئەمڕۆ بەرۆکی کوردەواریی گرتووە ئەنجامی کاری کۆمەڵێ ناوەندی بەرژەوندیخوازە، کە سەرەڕای جیاوازیان لەڕووی حیزبی، سەرەڕای ناوی جیا، زاراوە و دەربڕین ودروشمی جیاجیا، پێکەوە لەسەر برابەشکردن و کۆمپانیای ھاوبەش و پاوانکردنی دەسەڵات و درێژەدان بە مەینەتی ئەم گەلە ھاوکار و ھاوئاوازن.

"بۆیە تەکبیری ئێمە ھاوپەیمانی بوو، چونکە بڕوامان وایە چارەسەری ئەم بارە ناھەموارە، ڕووبەڕووبونەوەی ئەم زوڵم وستەمکاریە، بە تاکە کەس و بەتاکە حزب و بە ناوچەیەک ناکرێ. بەڵکو ڕوبەرروبوونەی بێدادی و گەندەڵی و پاوانکاری پیویستی بە ھاوکاری وھاوپەیمانی کەسان و لایەنی خەمخۆری جۆربەجۆرە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری کە بنەمای حوکمڕانی باش و خەمخۆری ھاوڵاتیە".

بەرھەم ساڵح پێی وایە، گۆڕانکاری و چاکسازی ڕاستەقینە بە یەک حیزب و لایەن و بە مەیدانکردنی یەک ناوچە بەدی نایەت.."لە شەستەکانەوە کوردەوەرای گیرۆدەی ئەم ھەوڵە بێ ئاکامانەیە و سەرئەنجام بینیمان، بەم فۆڕمە لە دابەشکاری و ململانێی تەقلیدی، کە زۆر جاریش بە داخەوە خویناوی بووە، ھەوڵی یەکخستنی ماڵی کورد و چاککردنی حوکمڕانی خۆبەخۆی کورد لە بەرداشی ئەم ململانێیانەدا شکستی ھێناوە". 

بەڵکو بەبڕوای ئەو، ھاوپەیمانی تێدەکۆشێت بۆئەوەی دوای مێژوویەک لەتاڵاوی دابەشکاری و پاوانکاری، و ململانێی زبر و زمانی تەشھیر و تەخوین، ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرقەراربکەین، و کێشەکانی حوکمڕانی چارەسەر بکەین لە مووچەبڕین و پاشماوەکانی شەڕی ناوخۆ،  بە حیزبیکردنی کایەکانی ژیان، خزم خزمێنە،  دەستێوەردانی بازاڕ، بەدگومانی ھاوڵاتیان لە دەسەڵات و سیاسەتی نەوت، نەبوونی سیاسەتی ئەمنیی یەکگرتوو و  شپرزەیی وبێسەری بڕیاڕی سیاسی..ئەم ھاوپەیمانییە تێدەکۆشێت بۆ چەسپاندنی الحکم الرشید و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەڕێگەی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەردەوە.

سەبارەت بەکاتی راگەیاندنی، ھاوپەیمانێتی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، دەڵێت، ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانی لەکاتێکدایە، باسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و کاردانەوەکانی، بەگەرمی لەئارادایە. ھیچ گومانی تێدا نیە،گەلی کوردستان خاوەنی مافی چارەنووس و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی.

بەرھەم ساڵح، سەبارەت بەھەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ، باسلەوەدەکات، دراوسێکانمان لەناوچەکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستە ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرن، کە کورد گەلێکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەیە، ئاسایش و ئارامی ڕۆژھەڵات، بەبێ ڕێزگرتن لەمافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دابین نابێت. ڕابردووش سەلماندویەتی بە زمانی ھەڕەشە و سزادانی بە کۆمەڵ ھەرگیز  ئیرادەی گەلێک بۆ ئازادی لەناونابرێت.

ھەروەھا، دەشڵێت، بۆ دەیان ساڵ عێراقییەکان بەگشتی، نەھامەتی و تاڵاوی چەوسانەوە و شەڕو ئاشوبیان چێشت، بێبەشبوون لە ئاشتی و ئازادی و خێر و بێری وڵاتەکەیان. لە ڕاماڵینی ڕژێمی سەدامەیشەوە، لەگەڵ ھەموو ئەو ھیوایانەی لەسەر سیستەمی حوکمڕانی نوێی عیراق ھەڵچنرابوو، کەچی دیسان عیراق دووچاری قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و نەبوونی خزمەتگوزاری بووتەوە.

"بەداخەوە لەعێراقی نوێدا جارێکی تر، ھاوڵاتیان لەبەسرە، سەمماوە، بەغدا، موسڵ و رومادی و بەڵێ لەسلێمانی و  ھەولێریش، نیگەرانن لەخراپی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە، لەشەڕ و گەندەڵی و پێشیلکردنی دەستوور، و یاسا"وەک لەپەیامەکەدا ھاتووە.

‎بەرھەم ساڵح، پێی وایە، دوای۱٤ساڵ لە ڕاماڵینی سەدام، ئیدی کاتی پیاچونەوەی ئەم دۆخە ناجۆرەیە. وادەی چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە بنەڕەتیەکانی سیستەمی سیاسی عێراقە، "ناکرێ ئەم وڵاتە ھەروا بەردەوام گیرۆدەی گێژاوی ململانێی ناوخۆیی و ئیقلیمیەکان بێت. پێویستە زوو بەزوو نوێنەرانی ھەموو پێکھاتەکانی لەبەغدا دایەلۆگی ڕاشکاوانە دەست پێبکەن، لەپێناو دەربازکردنی عێراق لەم گێژاو و ئاشوبە بەردەوامە کەنەھەماتیە نەک تەنھا بۆ کورد بەڵکە بۆ گشت پێکھاتەکانی".

سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی کوردستان، لەپەیامەکەدا، بەرھەم ساڵح دەڵێت، باشترە ئەو ڕاستیە تێبگەین دەسەڵاتی باش و دادپەوەر، حوکمڕانی باش، ئامرازی بەجێگەیاندنی مافەکانی گەلی کوردستانە. ستەمکاری و لەدەستدانی متمانەی ھاوڵاتی بەحوکمرانی، سەرچاوەی ھەڕەشە و مەترسین بۆئێستا و ئایندەی ئەم گەلە.

ھەروەھا  بڕوای وایە، لەم ڕوەوە بڕیاڕی ژیر ومەدروس، دایەلۆگ لەگەڵ بەغدا، لەبەر ڕۆشنایی پەیامەکەی ئایەتوڵا سیستانی و داواکاریە نێودەڵەتیەکان، پێویستە بۆ زامنکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان. چونکە بڕیاڕی ئێستامان، نەک تەنھا بۆ ئەم نەوەیە، بەڵکە بو نەوەکانی داھاتووشمان کاریگەری ھەیە، و ئەوانیش لەئایندەدا لەگەڵ ئاکامی بڕیاڕی ئەمڕۆمان دەژین، بۆیە دەبێت بە بەرپرسیارێتیەوە ھەنگاو بنێین، تیگەیشتنمان لەگەڵ گە دراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە بۆ دورخستنەوەی کوردستانی ئەمڕۆ و ئایندەیە لە ئاشووب و شەڕ.

لەم پێناوەدا، بەرھەم ساڵح بەگرنگی زانیوە، ئیتر لەبەرڕۆشنایی کاردانەوەکان، پێداچونەوەی ورد ھەبێت بۆ شیرازە و شێوازی بڕیاروەرگرتن لەم کوردستانە، و ناکرێ بێباک بین لە دۆخی ئاڵۆزکاوی ناوخۆ و  دەرەوە.

سەبارەت بە پێکھاتەی ھاوپەیمانی بۆدیموکراسی دادپەروەری و ئامانجەکانی، لەپەیامەکەدا ھاتووە، بۆ ھاوپەیمانی، سیاسەت ئامڕازی خزمەتکردنی گەلە. "لێرەدا کۆمەڵیک  ھاودید کۆبوینەوە، بەشێکمان بێ پاشخانی حیزبی یا سیاسی،  بەشەکەی تریشمان لە حیزب و قەوارەی جیاوازەوە ھاتووین، و ھەریەکە ئەزموونیکی تایبەتی خۆی ھەیە، و دڵنیام ھەریەکە بە ھیوای دابینکردی ئانیدەیەکی گەش بۆ گەلەکەی لە بواری خۆیدا کاری بێ وچانی کردووە، بەڵام وا ئەمڕۆ  ھەموومان بەئامانجی خزمەتکردن و حوکمڕانی دیموکرات و دادپەروەر لەم ھاوپەیمانیە کۆبوینەتەوە".

سەبارەت بەھیواو خەونی خۆی، بەرھەم ساڵح ئەوەی خستووەتەڕوو، منیش ھەر وەک  یەکێک لەو ھاودید و ھاوکارانەم، بە ھیوای ڕزگاری و دادپەروەری بۆ گەلەکەم لەساڵی ۱۹۷٦بوومە ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ ٤۱ ساڵ لەریزەکانی خەباتی بێ دابڕانم کردووە .

"ڕاستگۆبوم لەگەڵ ھاوڕێیان و لەگەڵ گەلەکەم. چونکە بەدڵنیاییەوە لەو ٤۱ساڵەدا، ھەر بەئامانجی خزمەتکردن لەناو یەکێتی کارم کردووە، لێرەشەوە روودەکەمە تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی یەکێتی، ڕوودەکەمە، کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، ڕوودەکەمە تێکۆشەرە دێرینەکان و پێشمەرگە دلێرەکان، کە بە گیانیان ئاسایشمان ئەپارێزن، دەڵێم: یەکێتی خاوەن سەروەری و داھێنانی گەورە بووە لە مێژوودا، بەداخەوە لەگەڵ ئاڕاستەی سیاسی و حوکمڕانی ئێستای سەرکردایەتی یەکێتی ناکۆکین، بەڵام ھەرگیز لەقەدر و بایەخی خەباتی تیکۆشەرە سەرڕاست و شەھیدە نەمرەکان، لە پێگەی پێشمەرگە کەم ناکەینەوە، بەڵکە لەم ھاوپەیمانییە ھاوکار و ھاوخەباتین بۆ بەدیھێنانی ئامانجی ڕەوای ئەم گەلە لە ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی" بەرھەم ساڵح وادەڵێت.

لەپەیامەکەیدا، ھەروەھا باسی لەدۆخی گەنجان کردووە، و پێی وایە"گەنجانی ئەم وڵاتە سەرمایەی کاریگەری بەڕێوەبردنی وڵاتن، شیاوی سەرھەڵگرتن و کۆچی ڕێی ھاتونەھات نین. بەداخەوە؛ لەبری ئەوەی، دەرفەتی تواناسازی و ھەلی کار،کەچی زۆرینەیان بێ کار و گیرفان خاڵی کراون لە نییشتمانێکی پڕ خێر و بێردا".

ھەربۆیە ھاوپەیمانی مەبەستیەتی گەنجان بکاتە داینەمۆی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی وڵات. ئەوان بکاتەوە سەرمەشقی ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دەرفەتی پێگەیاندن و گەشەپێدانی مرۆیی بۆ فەراھەم بکات، وەک لە پەیامەکەدا ھاتووە.

سەبارەت بەرۆڵی ژنان، لەڕوانگەی ھاوپەیمانیەوە، بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەکردووە، ژنان ھەر نیوەی کۆمەڵ نین، بەڵکو دایکی نیوەکەی تریشن. پەروەردەکار و ھێزی سەرەکی کۆمەڵگان. لەم تێگەیشتنەوە ھاوپەیمانی، ھێزی ھاوسەنگی ژن و پیاوە.  دەشڵێت"لەدیدی ئێمەوە، ستەمی سەر ژن ستەمی سەر گۆمەڵگایە. بەپێی پەیڕەوی ھاوپەیمانی، ڕێژەی ھاوسەنگ، ڕێژەی شایستەیە بۆژن، نەک ڕێژەی کۆتا. ھەربۆیە ڕەچاوکردنی چونیەکی لە ئەرک و ماف و بەرپرسیارێتیەکانی نێوان ژن  و پیاو، بەکردەوە دەکەینە یەکێک لەجیاوازیە جوان و بەرجەستەکانی پێکھاتەی ھاوپەیمانی".  

لەکۆتایی پەیامەکەدا، ئەوە ھاتووە، لێرەوە، ڕوو دەکەینە ھاوڵاتیان، بۆ موسڵمان و ئیزیدی و کریستیان و کاکەییەکان و پیکھاتە ئاینی و مەزھەبیەکانی ئەم نیشتمانە، لە دھۆکی دەلال و کەرکوکی بەرخۆدان و ھەولێری قەلاومنارە و سلیمانی ھەلمەت و قوربانی، بۆ ھەڵەبجەی شەھید، لە شەنگال و لە سۆران و بادینان و گەرمیان و ڕاپەڕین و باڵەکایەتی و شارەزوور و ھەورامان و گشت ناوچەکانی کوردستان، بۆ پێشمەرگە و کەسوکاری وسەربەرزی شەھیدان وئەنفالکراوەکان، بۆ گەنج و ژنانی ئەم وڵاتە بۆ ڕەوەندی کوردی لەتاراوگە، پێیان دەڵێین:

ھاوپەیمانی بۆ ئێوەیە. پێیان دەڵێین:

لەپێناو ژیانی سەربەرزانەی ئێستای خۆتان و سبەینێی مناڵەکانتان، با ھاوپەیمان بین بۆ دیموکراسی و دادپەروەری.

ھاوپەیمانی ھێزی ئێوەیە، دەنگی ئێوەیە، ئیرادەی ئێوەیە، چەتری بێ جیاوازی کۆکردنەوە ھەمووتانە بۆ گۆڕینی واقعی بێدادی ئێستا و دەستەبەرکردنی سبەینێیەکی ڕونتر و باشتر.
ئیتر بەسە، بێدادی و گەندەڵی و پاوانکاری، ئیتر بەسە، حیزب حیزبێنە و خزم خزمێنە

دەزانین ھەندێک لەپەرۆشیەوە، پێمان دەڵێن: سەختە.
بەڵێ سەختە، بەڵام  دەتوانین پێکەوە چاکی بکەین.
سەختە، بەڵام بەڵێ پێکەوە دەتوانین؛ دادپەروەری بەرپابکەین
سەختە، بەڵام بەڵێ دەتوانین؛ نوێبوونەوە و ئاوەدانی ئەم کوردستاننە بەرجەستە بکەینەوە.
سەختە، بەڵام ھەرگیز مەحاڵ نیە. چونکە ئیرادەی گەلە.
سەختە، بەڵام دڵنیابن دەتوانین پشت بە خوای گەورە و بە ھیمەتی دڵسۆزانی نیشتمان لەگەڵ ھاودیدھاوکارەکانمان خۆشگوزەرانی بۆ ئەم گەلە دەستەبەر بکەین... 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان، ١٧ی ئەیلولی ئەمساڵ، قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی، و دادپەروەری وەک یەکەم قەوارە بۆ ھەڵبژاردنەکان پەسەندکرد.

قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە ١٦ی ئەیلول، لەلایەن رێپێدراوی یاسایی بەرھەم ساڵح-ەوە تۆمارکرا و بۆ رۆژێک دواتر وەک یەکەم قەوارە، لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەندکرا.

بڕیارە ١ی مانگی (تشرینی دوووەم/١١) ھەڵبژاردن لەھەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکاندا بەڕێوەبچێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP