هەواڵی ئەمڕۆ

ژیلوانی‌ تاقانه‌ چۆن شه‌هیدبوو؟ كچه‌كه‌ی‌ به‌مامی‌ سپارد

- 9/20/2017 9:00:00 PM 51906 جار خوێندراوەتەوە
شه‌هید ژیلوان

خه‌ندان-فه‌ریق حه‌بیب

ژیلوان شیروان (25 ساڵ) به‌ره‌به‌یانێكی‌ زووی‌ ئه‌یلولی‌ 2015، له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌هاوسه‌نگه‌ره‌كانی‌ په‌یتا په‌یتا هه‌نگاویان ده‌نا به‌ره‌و ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش له‌خوارووی‌ داقوق و ده‌یانویست هه‌رچی‌ زووتره‌ چه‌كدارانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ تێكبشێنن، پێش ئه‌وه‌ی‌ پێیان بكه‌وێته‌ سه‌ر بۆمبێك كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.

ژیلوان و هاوسه‌نگه‌ره‌كه‌ی‌ له‌پێش ئه‌و هێزانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ بوون كه‌ ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ به‌خێرایی له‌چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ پێشڕه‌ویان كرد به‌ره‌و گوندی‌ ئه‌لبو نه‌جم له‌سنوری‌ داقوق، ده‌یانویست پێش سه‌رجه‌م هاوسه‌نگه‌ره‌كانی‌ دیكه‌یان چه‌كدارانی‌ داعش تێكبكشێنن.

هێزه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌ر چوارلاوه‌و له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا گه‌یشتنه‌ ده‌روازه‌ی‌ گونده‌كه‌، چه‌كدارانی‌ داعش-یش به‌چه‌كی‌ جۆراوجۆره‌وه‌ هه‌وڵیانده‌دا رێگری‌ بكه‌ن له‌پێشمه‌رگه‌.

شه‌هید ژیلوان شیروان ئه‌حمه‌د له‌ساڵی‌ 1992 له‌سلێمانی‌ له‌دایكبووه‌، تا پۆلی‌ 10ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ خوێندووه‌. له‌ساڵی‌ 2013 بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، دوا شوێنی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ لیوای‌ 3ی‌ تایبه‌تی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ بووه‌. له‌ 11/9/2015 له‌گوندی‌ ئه‌لبو نه‌جمی‌ خوارووی‌ قه‌زای‌ داقوق له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رێكی‌ تری‌ به‌ناوی‌ زیره‌ك شه‌هیدبوو.

كاروان حه‌مه‌ تاته‌ له‌دایكبووی‌ (1986) یه‌كێكه‌ له‌پێشمه‌رگه‌ خۆبه‌خشه‌كان، كه‌ به‌شداری‌ زۆربه‌ی‌ شه‌ڕه‌كانی‌ دژ به‌داعشی‌ كردووه‌، یه‌كێك بوو له‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ به‌شداری‌ هێرشه‌كه‌ی‌ كردووه‌، بۆ خه‌ندان گێڕایه‌وه‌، "له‌ ناوه‌ڕاستی ساتر و ده‌روازه‌ی  گونده‌كه‌دا بووین گوێم لێ بوو كاك شاڵاوی‌ كوڕی‌ كاك كۆسره‌ت كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ به‌ره‌ی‌ لای‌ ئێمه‌ی‌ ده‌كرد، به‌جیهاز وتی سه‌رۆ و دێرین (دوو فه‌رمانده‌ی‌ پێشمه‌رگه‌) زۆر په‌له‌ مه‌كه‌ن ئێوه‌ نزیك بوونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش مقاوه‌مه‌ ده‌كه‌ن، هه‌وڵبده‌ن بڵاوبنه‌وه‌".

ژیلوان و هاوسه‌نگه‌كه‌ی‌ سوربوون له‌سه‌ر ڕۆشتن و ده‌یانویست ساتره‌كه‌ بشكێنن، له‌كاتێكدا ته‌واو له‌ساتری‌ داعش نزیكببونه‌وه‌، له‌پڕ ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ جوڵه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ وه‌ستان. 

‎كاروان كه‌ هه‌موو رووداوه‌كانی‌ نێو شه‌ڕه‌كانی‌ به‌كامێرا‌و گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی‌ دۆكیۆمێنت كردووه‌ وتی‌ "داعش به‌ هاوه‌ن و چه‌كی بیكه‌یسی هه‌ڕه‌مه‌كی دیفاعی ده‌كرد، ئه‌مانیش به‌ ته‌قه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ نزیكی ساتره‌كه‌ و ته‌نها پێنج مه‌تر لێی دووربوون".

وتیشی‌ "له‌و كاته‌دا ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ هات و كه‌س دیارنه‌ما، خۆڵ و پارچه‌ داباری به‌سه‌ر ئه‌وانداو  ئێمه‌ش له‌ جێی خۆمان وه‌ستاین".

دوای‌ ره‌وینه‌وه‌ی‌ دووكه‌ڵی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ تر روویدا‌و پاش چه‌ند چركه‌یه‌ك كاروان ده‌گاته‌ لای‌ ژیلوان "من ده‌ستم برد بۆ ژێر شانی و ته‌ماشام كرد جگه‌ له‌قاچی ڕاستی، قاچی چه‌پی و سنگی و ده‌موچاوی هه‌مووی پارچه‌یه‌، هێشتا ژیلوان مابوو".

هه‌ر خێرا ژیلوان ده‌كه‌نه‌ سه‌ر نه‌قاله‌و ده‌یبه‌ن به‌ره‌و ئۆتۆمبیلی‌ فریاكه‌وتن، كاروان ده‌ڵێت "ژیلوانی ڕه‌حمه‌تی چاوی كرابووه‌و ئێمه‌ی ده‌بینی، من پێم وت خوا گه‌وره‌یه‌، ئه‌و وه‌ڵامی نه‌بوو، وتم ژیلوان گیان تۆ قاره‌مانی، مردن و مان به‌ده‌ست خوایه‌ ئه‌و به‌س چاوی بڕیبووه‌ چاوی‌ من‌و نه‌یده‌توانی‌ قسه‌بكات، سه‌ره‌نجام زۆری‌ نه‌برد چاوه‌كانی‌ له‌یه‌كناو شه‌هیدبوو".

به‌هۆی هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ ژیلوان‌و زیره‌ك شه‌هیدبوون، ئاكام‌و دێرین‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ تر به‌سه‌ختی‌ برینداربوون.

كاروان باس له‌وه‌ده‌كات له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ شه‌هید ژیلواندا چه‌ندینجار نامه‌و ته‌له‌فۆن بۆ مۆبایله‌كه‌ی‌ شه‌هید هاتووه‌.

ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ چه‌ند خوله‌كێك دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كان

كاروان ته‌نها مانگێك بوو شه‌هید ژیلوانی‌ ناسی بوو، له‌یه‌كێك له‌شه‌ڕه‌كانی‌ سنووری‌ جه‌له‌ولا "ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئازاو كه‌سێكی‌ به‌ڕێز‌و به‌ وره‌ بوو، هیچ زیانێكی‌ بۆ كه‌س نه‌بوو، هه‌مووان خۆشیان ده‌ویست، زۆر به‌داخه‌وه‌م بۆی‌".

شه‌هید ژیلوان تاقانه‌ بوو، باوكیشی‌ پێشمه‌رگه‌بووه‌و له‌ساڵی‌ 1994 شه‌هیدبووه‌، بۆیه‌ ژیلوان هه‌ر لای‌ مامی‌ بووه‌، ژیلوان له‌دوای‌ خۆی‌ كچێكی‌ به‌ناوی‌ خه‌یاڵ جێهێشتووه‌، كه‌ ته‌مه‌نی‌ 3 ساڵ‌و نیوێك ئه‌بێت.

دێرین ئه‌حمه‌د له‌دایكبووی‌ (1976) مامی‌ شه‌هید، رۆژی‌ شه‌هیدبوونی‌ برازاكه‌ی‌ به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ بوون، كاتێك هێرش به‌ره‌و گوندی‌ ئه‌لبو نه‌جم ده‌ستیپێكرد.

دێرین كه‌ فه‌رمانده‌ هێزه‌ له‌لیوای‌ سێ بۆ خه‌ندان وتی‌ "گه‌یشتینه‌ گوونده‌كه‌، له‌ناكاو ژیلوان پێی‌ كه‌وته‌سه‌ر بۆمبێك‌و ئیتر هه‌موومانی‌ هه‌ڵدا، من خۆشم برینداربووم، به‌ڵام له‌به‌ر ژیلوان ئاگام له‌ برینی‌ خۆم نه‌مابوو".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت هه‌وڵیداوه‌ خۆم رابگرم بۆ ئه‌وه‌ی‌ وره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌كان لاواز نه‌بێت، "هه‌ندێ‌ قسه‌شم له‌گه‌ڵ ژیلوان كرد، به‌ڵام دوای‌ نیو سه‌عاتێك  شه‌هیدبوو، جگه‌ له‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ تری‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر به‌ناوی‌ زیره‌ك شه‌هید بوو و ئاكامیش كه‌ زاوامه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی‌ تر برینداربوون".

به‌وته‌ی‌ دێرین، ژیلوان دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ دركی‌ به‌وه‌كردبوو كه‌ شه‌هید ده‌بێت، "به‌برینداری‌ سه‌ری‌ له‌سه‌ر رانم بوو، داوای‌ لێكردم چاوم له‌ خه‌یاڵی‌ كچی‌ بێت، وتی‌ مامه‌گیان تخوا وه‌كو من به‌ناز به‌خێوی‌ بكه‌".

"به‌نیازم به‌وپه‌ڕی‌ توانامه‌وه‌ گرنگی‌ به‌خیاڵ بده‌م‌و كه‌ گه‌وره‌ش بوو هه‌وڵده‌ده‌م له‌باشترین زانكۆكانی‌ كوردستان خوێندن ته‌واو بكات، پشت به‌خوا درێغی‌ ناكه‌م له‌باش په‌روه‌رده‌كردنی‌"، دێرین وایوت.

شه‌هیدبوونی‌ ژیلوان خه‌مێكی‌ قوڵی‌ خستووه‌ته‌ دڵی‌ دێرینی‌ مامییه‌وه‌ "جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ قاره‌مان بوو، مرۆڤێكی‌ زۆر به‌ڕێز بوو، هه‌میشه‌ به‌ مامه‌ گیان بانگی‌ ئه‌كردم، ئه‌و خۆشه‌ویستی‌ هاوڕێكانی‌ بوو، به‌ڵام شانازی‌ پێوه‌ده‌كه‌ین كه‌ خۆی‌ باوكی‌ له‌پێناو پاراستنی‌ خاكی‌ كوردستان شه‌هیدبوون".

گۆڕی‌ شه‌هید له‌گۆرستانی‌ گه‌وره‌ی‌ سمایل عوزێری‌ دایه‌، له‌نزیك كارگه‌ی‌ چیمه‌نتۆی‌ تاسلوجه‌. گۆڕی‌ باوكیشی‌ له‌گۆڕستانی‌ شێخ محێدینی‌ سلێمانییه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP