محەمەدی کوڕی بەگریانەوە ماڵئاوایی لێکرد
ئیسماعیل منداڵەکانی بەھاوسەرەکەی سپارد

- 9/14/2017 1:16:00 PM 36965 جار خوێندراوەتەوە
شەھید ئیسماعیل

خەندان-

بەرەبەیانێکی زوو، ئیسماعیل، خواحافیزی لە خێزانەکەی کردوو، و بەرەو سەنگەرەکانی شەڕ، بەڕێکەوتەوە، محەمەدی کوڕی زۆر گریا، وەک بڵێی دەیزانی کە نایبینێتەوە، ئیسماعیل، لەشەڕێکی سەختدا، بۆ پێشگرتن لە ھێرشی داعش بەرەو کەرکوک شەھید دەبێت، و ھەرگیز محەمەدی نەبینییەوە.

شەھید ئیسماعیل عەلا حەسەن، لەساڵی ١٩٧٥لەناحیەی سەنگاو لەدایکبووە، تاقۆناغی شەشی بنەڕەتی خوێندووە، لەساڵی ١٩٩١بووەتە پێشمەرگە، دوا شوێنی پێشمەرگایەتی لیوای یەکی سکرتاریەتی جەلال تاڵەبانی بوو، بەرەبەیانی رۆژی ٣٠-١-٢٠١٥ لەنزیک گووندی مەلا عەبدوڵا لەخوارووی کەرکوک شەھیدبوو.

سوھەیلە رەحیم، تەمەن، ٣٥ ساڵ، لەساڵی ١٩٩٩ ھاوسەرگریی لەگەڵ شەھید ئیسماعیل کردووە، ئەوان، دایک و باوکی، ٣کچ، ء کوڕێک بوون، لیلۆ (١٦ساڵ)، ھێلین(١٤ساڵ)، محەممەد(١١ساڵ)، سۆلین(٥ساڵ).

شەھید ئیسماعیل و محەمەدی کوڕی

سوھەیلە، دەڵێت، ھەرگیز ئەو رۆژەی لەبیرناچێت کە بۆدواجار شەھید ئیسماعیل، ماڵ ئاوایی لێکردووە، بەرەبەیانی، کاتژمێر ٧:٠٠ی رۆژی دووشەممە بووە"خواحافیزی لێکردین، محەممەدی کوڕم، دەستیکرد بەگریانێکی زۆر".

ئیسماعیل، زۆر ھەوڵیداوە محەمەد ھێور بکاتەوە، بەڵام سوودی نەبووە، و "چەند رۆژێک بوو کوڕەکەمان بەوجۆرە دەگریا، وەکو ئەوەی بزانێت باوکی ئیتر نایەتەوە، کە رۆیشت وتی ئاگات لەھەموو مناڵەکان بێت، بەتایبەتی سۆلین، ئەو زۆر بچووکە".

تا کاتی شەھیدبوونی بەردەوام تەلەفۆنی بۆ منداڵەکانی کردووە، ئەو شەوەی کە تێیدا شەھیدبوو، سێ جار تەلەفۆنی بۆ سوھیەلە کردووە، "پێم وت چییە بۆ ئەوەندە تەلەفۆن ئەکەیت، ئەڵێی وەحدەت لێ زیادەیە، نەمئەزانی کە ئیتر قەت تەلەفۆنم بۆ ناکاتەوە".

سوھەیلە، بەحەسرەتەوە بۆ خەندان، باسی خۆشەویستی خۆی و ھاوسەرەکەی کرد،"یەکمان زۆر خۆشدەویست، ھەرگیز نەبووە، بەجۆرێک لەیەک عاجز بین، کە دوو رۆژ قسە بەیەکەوە نەکەین".

خێزانی شەھید ئیسماعیل

دوای ئیسماعیل، ژیانی ھاوسەرو منداڵەکانی قورستر بووە، سوھەیلە دەڵێت،"مووچەکەی شەھید وەرئەگرین، ھەرچۆنێک بێت ھەوڵ ئەدەین بەشمان بکات، بەڵام سیان لەمنداڵەکانم خوێندکارن، ء خەرجی زۆریان دەوێت، قەیرانی دارایش کاریگەریی لەسەر ھەمومان ھەیە، بەڵام ناچارین کاروباری خۆمان رێکبخەین".

لیلۆ، کچەگەورەی شەھید، بۆدواجار نزیکەی پێنج کاتژمێر بەر لەشەھیدبوونی قسەی لەگەڵ باوکی کردووە، لیلۆ بۆ خەندان وتی،"سەعات ١١ی شەو، بۆدواجار گوێم لەدەنگی باوکم بوو، کاتی تاقیکردنەوەکانم بوو، پرسیاری ئەوی لێکردم، چۆن وەڵامم داوەتەوە، باوکم منی زۆر خۆشدەویست".

سۆلینیش، بەدەم گریانێکی قوڵەوە، باسی لەھەستی خۆی کرد"من لەدوای شەھیدبوونی باوکمەوە تەواو بێتاقەت بووم، بەجۆرێک کە کاری کردووەتەسەر خوێندنەکەم، دوو ساڵە لەپۆلی ٩ی بنەڕەتی دەمێنمەوە، لەکاتێکدا پێشتر خوێندکارێکی زۆر زیرەک بووم، زۆر ھەوڵ ئەدەم خۆڕاگربم، بەڵام ئەوە ھەروا ئاسان نییە".

ئیسماعیل، لەشەوی ٢٩ی ١ی ٢٠١٥ەوە لەگەڵ ھێزەکە بۆ خوارووی کەرکوک بەڕێدەکەوێت، بۆ پێشگرتن بە ھێرشێکی داعش، دەکەونە شەڕێکی سەخت و دەستەویەخەوە.

عەقید فوئاد جەوھەر، فەرماندەی فەوجی کەرکوک-ی لیوای یەکی سکرتاریەت، دەڵێت، ماوەی ٢٠ساڵ ھاوڕێ، و ھاوسەنگەری شەھید ئیسماعیل بووە، بۆ خەندان، رووداوەکانی ئەو شەوەی باسکرد، کە ئیسماعیلی تێدا شەھید بوو.

فوئاد وتی، دەورووبەری کاتژمێر ٠١:٠٠ ی شەو ئاگاداریان کردینەوە کەدەبێت بەپەلە بگەینە بەرەکانی شەڕ، و بەدیاریکراویی گوندی عەسەلییە-ی نزیک مەلا عەبدوڵا، "ئێمە نزیکەی ٠٢:٣٠ بۆ ٠٣:٠٠ گەیشتینە ناو شەڕەکە، ئەو کاتە تیرۆرستان ھێڵی بەرگریی پێشمەرگەیان تێپەڕاندبوو، شەڕێکی قورس بوو".
ئیسماعیل و  فوئاد پێکەوە دەبن، بەھانای ئەو پێشمەرگانەی ترەوە دەچن کە لەپێشەوەی بەرەی شەڕن، ء چەکدارانی داعش تەواو لێیان نزیکبوونەتەوە.

"کە گەیشتینە ئەوێ شەڕ گەرم بوو، تیرۆریستانی داعش زۆر لێمان نزیکبوونەوە، بەئاسانی گوێمان لەدەنگی داعشەکان بوو، تەمومژێکی زۆر بوو، کە لێمان نزیکبوونەوە دەستمان لێ کردنەوە، رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت دەستیپێکرد"فوئاد وای وت.

زیاتر لەکاتژمێرێک شەڕی سەخت بەردەوام دەبێت، فوئاد وتی، کاتژمێر چواری بەیانی بوو"کاتێک ھەوڵمان دەدا، رێگریی لەپێشڕەوییەکانی داعش بکەین، شەھید ئیسماعیل زۆر چاونەترسانە رەفتاری ئەکرد، ء سەری بەرزئەکردەوەو تەقەی لە تیرۆریستان ئەکرد، منیش  پێموت نابێت بەوجۆرە بێ دەربەست بیت، پێویستە ئاگات لەخۆت".

شەھید ئیسماعیل

وتیشی، ئیسماعیل، تەقەیەکی زۆری کرد،"بەداخەوە لەناکاو فیشەکێک لەسەری داو یەکسەر شەھیدی کرد، سەریم خستە باوەشی خۆمەوە، دواتر بەئۆتۆمبێلێک، بەپەلە رەوانەی کەرکوکم کرد".

فوئاد، بە خەمێکی قوڵەوە، بۆ خەندان، باسی لە ھاوڕێیەتی خۆی، و ئیسماعیل کرد،"ئەو کەسێکی تا بڵێی ئازاو چاونەترس بوو، مرۆڤ دۆست بوو، ھەموو سیفەتێکی باشی تێدابوو، ئەو ماوە زۆرە ھاوڕێ ء ھاوسەنگەربووین، ھەرگیز رۆژێک دڵمان لەیەک نەئێشاوە".

ماڵی شەھید لەگەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانییە، گۆڕەکەشی لەگۆڕستانی کانی سپیکە-ی ھەمان شارە.

شەھید ٦ خوشک و ٢برای ھەیەو باوکی کۆچی دوایی کردووە، دایکی لەژیاندا ماوە.


نیشانەکردن :

#پێشمەرگە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP