هەواڵی ئەمڕۆ

قه‌ناس به‌ده‌ستێكی‌ داعش، بێواری‌ له‌ده‌ستگیرانه‌كه‌ی‌ كرد

- 9/7/2017 7:28:00 PM 92151 جار خوێندراوەتەوە
شه‌هید بێوار

خه‌ندان-فه‌ریق حه‌بیب

بێوار كامه‌ران (22 ساڵ) خۆی‌ بۆ ئاهه‌نگی‌ ماره‌بڕینی‌ ده‌ستگیرانه‌كه‌ی‌ ئاماده‌كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوانی‌ رۆژی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بوو له‌به‌ره‌ی‌ شه‌ڕ، به‌ڵام گوله‌ی‌ قه‌ناس به‌ده‌ستێكی‌ داعش نه‌یهێشت ئاهه‌نگه‌كه‌ی‌ سازبكات.

شه‌وی‌ هه‌شتی‌ ئابی‌ 2014، بێوار په‌یوه‌ندی‌ به‌ بناری‌ خوشكییه‌وه‌ كردو پێی راگه‌یاند كه‌ دوو رۆژی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و پێكه‌وه‌ ئاماده‌كاریی ده‌كه‌ن بۆ ئاهه‌نگی‌ ماره‌بڕینی‌ ده‌ستگیرانه‌كه‌ی‌، كه‌ پێشتر دیاری‌ كردبوو، بێ ئاگا له‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ دوایین قسه‌كانی‌ بۆ خانه‌واده‌كه‌ی‌.

به‌ره‌به‌یانی‌ هه‌شتی‌ ئاب، بێوار كه‌ له‌سه‌ربانی‌ خانویه‌ك له‌گه‌ڕه‌كی‌ وه‌حده‌ی‌ جه‌له‌ولا نوستبوو، له‌خه‌وهه‌ستا، به‌ڵام له‌ناكاو فیشه‌كێكی‌ قه‌ناس پێكای‌ و به‌هۆیه‌وه‌ شه‌هیدبوو.

شه‌هید بێوار كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمان (22 ساڵ) له‌سلێمانی‌ له‌دایكبووه‌، تا پۆلی‌ شه‌شه‌می‌ سه‌ره‌تایی‌ خوێندووه‌. له‌ساڵی‌ 2011 بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، دوا شوێنی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ یه‌كه‌ی‌ 121ی‌ هێزه‌كانی‌ پشتیوانی‌ دوو بووه‌. له‌ڕۆژی‌ 8/8/2014 له‌گه‌ڕه‌كی‌ وه‌حده‌ی‌ شاری‌ جه‌له‌ولا به‌گوله‌ی‌ قه‌ناس به‌ده‌سته‌كانی‌ داعش شه‌هیدبوو. شه‌هید دوو خوشك‌و برایه‌كی‌ هه‌یه‌، دایك‌و باوكیشی‌ له‌ژیاندا ماون.

 كامه‌ران له‌دایكبووی‌ (1963) باوكی‌ شه‌هید، هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ی‌ بێوار شه‌هید بێت، بۆ دواجار بینیویه‌تی‌ "دوا رۆژی‌ جه‌ژن بوو بینیم، كاتێك رۆیشته‌وه‌ بۆ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ له‌جه‌له‌ولا، ئیتر نه‌مبینییه‌وه‌".

دایك و باوكی بێوار له‌سه‌ر گۆڕی كوڕه‌كه‌یان

له‌و رۆژه‌وه‌ی‌ گه‌یشته‌وه‌ جه‌له‌ولا تا رۆژی‌ شه‌هیدبوونی‌، كامه‌ران و بێوار هه‌موو رۆژیك به‌مۆبایل پێكه‌وه‌ قسه‌یان ده‌كرد.

كامه‌ران كه‌ به‌ "كامه‌رانی‌ مه‌كته‌ب عه‌سكه‌ری‌" ناسراوه‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرینی‌ یه‌كێتییه‌، سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی‌ زانینی‌ هه‌واڵی‌ شه‌هیدبوونی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ باس له‌وه‌ده‌كات "به‌یانی‌ بوو، هێشتا مناڵه‌كان خه‌وتبوون، دوو هاوڕێم هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانی‌ مامۆستا عوسمان‌و وه‌ستا تۆفیق هاتن بۆ ماڵمان دڵم لێیدا كه‌ شتێك بووه‌، هاوسه‌ره‌كه‌م وتی‌ دیاره‌ شتێك بووه‌ بۆیه‌ ئه‌وان به‌م به‌یانییه‌ هاتوون، منیش وتم نه‌خێر هه‌ر بۆ دانیشتن، هاتوون، ئیتر زۆری‌ پێنه‌چوو وتم چی‌ بووه‌ راستیم پێبڵێن هه‌رچییه‌ك هه‌بێت شوكورم، وتیان بێوار شه‌هیدبووه‌".

"بێوار كوڕێكی‌ زۆر باش‌و گوێڕایه‌ڵ بوو، هه‌رگیز له‌قسه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌رنه‌ئه‌چوو، ئه‌و كه‌سێكی‌ نموونه‌یی بوو"، باوكی‌ شه‌هید كه‌ خۆشی‌ له‌ژیانی‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا سێ‌ جار برینداربووه‌ وایوت.

كاتژمێر 11:30 ی‌ شه‌وی‌ پێش شه‌هیدبوونی‌، بێوار بۆ دواجار له‌گه‌ڵ بناری‌ خوشكی‌ قسه‌یكردو پێكه‌وه‌ باسی‌ ئاماده‌كارییه‌كانیان كرد بۆ ئاهه‌نگی‌ ماره‌بڕینی‌ ده‌ستگیرانه‌كه‌ی‌.

بنار له‌دایكبووی‌ (1991)، بۆ خه‌ندان گێڕایه‌وه‌، "ئه‌و ته‌له‌فۆنی‌ بۆكردم، هه‌واڵی‌ هه‌موو لایه‌كی‌ پرسی‌‌و وتی‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ دێمه‌وه‌، باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ هاته‌وه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌چین بۆ بازاڕ‌و ئاماده‌كاری‌ ده‌كه‌ین بۆ ئاهه‌نگی‌ ماره‌ بڕینی‌ ده‌ستگیرانه‌كه‌ی‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌نسیبی‌ نه‌بوو".

شه‌هید بێوار 

ئه‌و به‌یانییه‌ی‌ هه‌واڵی‌ شه‌هیدبوونی‌ بنار گه‌یه‌نرا به‌خانه‌واده‌كه‌ی‌، بنار هێشتا له‌خه‌و هه‌ڵنه‌سابوو، كاتێك هه‌ڵسا بینی‌ دایكی‌ به‌توندی‌ ده‌گری و هاوار ده‌كات، "ئیتر من تووشی‌ شۆك بووم، نه‌مده‌توانی‌ قسه‌بكه‌م یان ته‌نانه‌ت بشگریم، دوای‌ نیوه‌ڕۆ توانیم بێمه‌ زمان، قه‌ت ئه‌و رۆژه‌ ناخۆشه‌م له‌یاد ناچێت".

بنارو شه‌هد بێوار وه‌كو هاوڕێ‌ وابوون، زۆربه‌ی‌ ده‌رچوونه‌كانیان بۆ بازاڕ پێكه‌وه‌ بوو "شه‌هید ته‌نانه‌ت شته‌ شه‌خسییه‌كانیشی‌ له‌ من نه‌ئه‌شارده‌وه‌، ئه‌و نموونه‌ی‌ برا بوو، هه‌موومانی‌ خۆشه‌ویست، هه‌رگیز جیاوازی‌ نه‌ئه‌كرد له‌نێوان كچ‌و كوڕدا"، بنار به‌خه‌مناكییه‌وه‌ وایوت.

كاتێك بێوار شه‌هید ده‌بێت، بنار تاقیكردنه‌وه‌ی‌ پۆلی‌ شه‌شه‌می‌ ئاماده‌یی‌ بازرگانی‌ هه‌بووه‌، به‌هۆی‌ شه‌هیدبوونی‌ براكه‌یه‌وه‌ نه‌یتوانیووه‌ به‌شداریی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان بكات، بۆیه‌ تائێستاش خوێندنه‌كه‌ی‌ ته‌واو نه‌كردووه‌ "به‌نیازم ئه‌مساڵ ته‌واوی‌ بكه‌م، هاوسه‌ره‌كه‌م هانده‌رو یارمه‌تیده‌رمه‌".

بنار ئێستاش له‌كه‌شی‌ خه‌ماویی‌ له‌ده‌ستدانی‌ براكه‌یدایه‌، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت هه‌میشه‌ خه‌ونی‌ پێوه‌ ده‌بینێت "ئێستاش قسه‌ خۆشه‌كانی‌و سوعبه‌ته‌كانیم له‌بیره‌ یادگاری‌ زۆرمان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌".

 یه‌كێك له‌و یادگارییانه‌، كه‌ بنار گێڕایه‌وه‌، جزدانێكه‌ كه‌ شه‌وی‌ به‌ر له‌جه‌ژن واته‌ نزیكه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌شه‌هیدبوونی‌ له‌بازاڕی‌ سلێمانی‌ به‌دیاری‌ بۆ بێواری‌ كڕیوه‌، له‌دوای‌ شه‌هیدبوونییه‌وه‌ جزدانه‌كه‌ی‌ لای‌ خۆی‌ پاراستووه‌ "هه‌تاهه‌تایه‌ ئه‌یپارێزم، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌شی‌ تێدا ماوه‌ كه‌ له‌كاتی‌ شه‌هیدبوونیدا پێی‌ بوو، ته‌نها شه‌ش هه‌زار‌و 750 دیناره‌".

جزدانه‌كه‌ی شه‌هید بێوار شه‌ش هه‌زارو 750 دیناری تێدابووه‌

شه‌هیدبوونی‌ بێوار، هاوڕێكانی‌ تاساندو هێشتا خه‌می‌ له‌ده‌ستدانی‌ ئه‌و له‌لایه‌ن نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌و تائێستاش باسی‌ ئه‌و ساتانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێكه‌وه‌ به‌سه‌ریان بردووه‌.

زانیار عوسمان له‌دایكبووی‌ (1987)، هاوڕێ‌‌و هاوسه‌نگه‌ر‌و هاوكات خزمی‌ شه‌هیده‌، باسی‌ له‌وه‌كرد، رۆژی‌ 8/8/2014 ، كه‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ بوو، ده‌وروبه‌ری‌ كاتژمێر 7ی‌ سه‌ر له‌به‌یانی‌، له‌سه‌ربانی‌ خانوویه‌ك بوون له‌گه‌ڕه‌كی‌ وه‌حده‌ی‌ جه‌له‌ولا، "چه‌كدارانی‌ داعش نزیكه‌ی‌ 100 مه‌تر لێمانه‌وه‌ دووربوون، تازه‌ له‌خه‌و هه‌ڵسابوو، له‌ناكاو فیشه‌كێكی‌ قه‌ناسی‌ داعش پێكای‌‌و دوای‌ نزیكه‌ی‌ پێنج ده‌قه‌ شه‌هیدبوو، فیشه‌كه‌كه‌ له‌ناوشانی‌ دابوو لای‌ دڵییه‌وه‌ ده‌رچوو".

شه‌هید بێوار

"شه‌هید بێوار پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ زۆر ئازابوو، به‌شێوه‌یه‌كی‌ پێشبینی‌ نه‌كراو چاونه‌ترس بوو، رۆژی‌ پێش شه‌هیدبوونی‌‌و رۆژانی‌ پێشووتریش كاتێك داعشه‌كان ته‌قه‌یان لێده‌كردین، پێم ده‌وت ئاگات له‌خۆت بێت، هه‌ر ئه‌یوت لێیان ناترسم گوێی‌ مه‌ده‌رێ، حیسابی‌ بۆ تیرۆریستان نه‌ئه‌كرد"، زانیار واده‌ڵێت.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ شه‌هید به‌نیاز بووه‌ هاوسه‌رگیریی‌ بكات‌و به‌تاسه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ بووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌و ئاهه‌نگی‌ ماره‌ بڕین بگێڕێت "شه‌وی‌ پێش شه‌هیدبوونی‌ له‌و سه‌ربانه‌ی‌ لێی‌ شه‌هیدبوو، سه‌رمان نابوو به‌دیواری‌ سه‌ربانه‌كه‌وه‌، باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌گه‌ر رۆژی‌ یه‌ك شه‌ممه‌ دابه‌زین ئاهه‌نگی‌ ماره‌بڕین ئه‌گێڕێت، وتی‌ چی‌ ئه‌كه‌ی‌ له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌م‌و چۆن رێكیبخه‌ین، ئیتر زۆر به‌دڵخۆشییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌و رۆژه‌ بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوو رۆژ به‌ر له‌وه‌ی‌ كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بێت شه‌هیدبوو". 

ماڵی‌ شه‌هید له‌گه‌ڕه‌كی‌ راپه‌ڕینی‌ شاری‌ سلێمانییه‌، گۆڕه‌كه‌شی‌ له‌گۆڕستانی‌ شێخ ئه‌حمه‌دی‌ هندی‌ له‌هه‌مان شاره‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP