مه‌رگ نه‌یهێشت شێركۆ قسه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ بكات؛ نزیكه‌ی‌ سێ ساڵه‌ كچه‌كه‌ی‌ داوای‌ ده‌كات

- 8/17/2017 1:00:00 PM 37155 جار خوێندراوەتەوە
شه‌هید شێركۆ

خه‌ندان-فه‌ریق حه‌بیب

"دایكه‌ باوكم له‌كوێیه‌، كچم له‌به‌هه‌شته‌... به‌هه‌شت دوره‌ یان نزیك.. كه‌ی‌ ده‌گه‌ینه‌ لای‌ باوكم"، نزیكه‌ی‌ سێ ساڵه‌ ڤارین به‌به‌رده‌وامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌دایكی‌ ده‌كات، بێ ئاگا له‌وه‌ی‌ باوكی‌ بۆ هه‌میشه‌یی به‌جێی هێشتوون.

ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ شێركۆی‌ باوكی‌ شه‌هیدبوو، ڤارین ته‌مه‌نی‌ ته‌نها دووساڵ بوو، ئێستاش ته‌مه‌نی‌ ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ كه‌ تێبگات له‌وه‌ی‌ باوكی‌ شه‌هیدبووه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام پرسیاری‌ باوكی‌ ده‌كات. 

شه‌هید شێركۆ ئه‌بوبه‌كر فه‌قێ‌ عه‌زیز له‌ساڵی‌ 1973 له‌گوندی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ر به‌ناحیه‌ی‌ بازیان له‌دایكبووه‌، تا قۆناغی‌ ئاماده‌یی‌ بازرگانی‌ خوێندووه‌.

 له‌ساڵی‌ 1991 شه‌هید شێركۆ بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، دوا شوێنی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ فه‌وجی‌ دووی‌ لیوای‌ 14ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان بووه‌. له‌ 23/1/2015 له‌ گوندی‌ جاروڵا له‌ میحوه‌ری‌ گوێڕ- مه‌خمور له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رێكی‌ تری‌ به‌ناوی‌ رزگار حاجی‌ عه‌لی‌ به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبێكه‌وه‌ شه‌هیدبوون.

شه‌هید سێ خوشك‌و یه‌ك برای‌ هه‌یه‌، دایك‌و باوكی‌ له‌ژیاندا ماون.

ژیان فاتیح له‌دایكبووی‌ (1984) له‌ساڵی‌ 2010 ژیانی‌ هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ شه‌هید شێركۆ كردووه‌، دوو كچیان هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانی‌ ڤانیا له‌دایكبووی‌ (2011)، ڤارین له‌دایكبووی‌ (2013).

 ژیان رۆژی‌ 23/1/2015 دره‌نگانێك زانیویه‌تی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ شه‌هیدبووه‌ "پێش نیوه‌ڕۆ بوو، چه‌ند جارێك ته‌له‌فۆنم بۆی‌ ده‌كرد داخرابوو، ئه‌و پێشتر پێی‌ وتبووم ئه‌گه‌ر ته‌له‌فۆنت كرد داخرابوو نیگه‌ران مه‌به‌، چونكه‌ له‌به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ له‌ناو كابینه‌داین‌و شه‌به‌كه‌ی‌ مۆبایل تێیدا لاوازه‌". 

ژیان وایزانی‌ شێركۆ خه‌وتووه‌، كاتێك وه‌ڵامی‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی‌ نه‌دایه‌وه‌، بێ ئاگا له‌وه‌ی‌ كه‌ شێركۆ شه‌هیدبووه‌و ته‌رمه‌كه‌ی‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ هه‌ولێر "خوشك‌و براكانم هاتن بۆلام‌و ته‌له‌فۆنم بۆده‌كرا‌و كه‌سوكارو خزمان هه‌واڵی‌ ته‌ندروستی‌ شێركۆیان ده‌پرسی‌، منیش لام سه‌یربوو، پرسیارم لێكردن بۆچی‌ بووه‌، وتیان شێركۆ برینداره‌".

 تا ژیان گه‌یشته‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ رزگاری‌ شاری‌ هه‌ولێر هه‌ر پێیان ده‌وت برینداره‌، به‌ڵام كه‌ چووه‌ ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌وه‌ بۆی‌ ده‌ركه‌وت كه‌ شه‌هیدبووه‌.

ئه‌و رۆژه‌ی بۆ دواجار شه‌هید رۆیشتوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌وام جیاواز له‌ جاره‌كانی تر هه‌ردوو كچه‌كه‌ی زۆر به‌دوایدا گریاون. به‌جۆریك تا چه‌ند سه‌عاتیك به‌رده‌وام بوون له‌ گریان.

به‌ر له‌شه‌ڕی‌ داعش، ژیان‌و شێركۆ و منداڵه‌كانی‌ ژیانێكی‌ ئاساییان هه‌بووه‌، به‌ڵام هاتنی‌ داعش سه‌رتاپای‌ ژیانیانی‌ گۆڕی‌ "راسته‌ ئێمه‌ وه‌زعی‌ داراییمان باش نه‌بوو، له‌خانووی‌ كرێدابووین، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ژیانی‌ خۆمان رێكخستبوو، زۆر زۆر له‌ئێستا باشتربووین، هاوسه‌ره‌كه‌م له‌نێوماندا بوو، زۆر خۆش بوو، ئێستا به‌رده‌وام كچه‌كانم داوای‌ باوكیان ده‌كه‌ن، رۆژانه‌ سه‌یری‌ وێنه‌كانی‌ باوكیان ده‌كه‌ن". 

ڤانیا كچه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ زۆر كاریگه‌ره‌ به‌شه‌هیدبوونی‌ باوكی‌، كچه‌ بچووكه‌كه‌ی‌ كه‌متر تێده‌گات، ڤانیا به‌رده‌وام ده‌ڵێت سه‌یری‌ وێنه‌كانی‌ باوكم ده‌كات، ڤارینیش هه‌میشه‌ ده‌پرسێت باوكی‌ له‌كوێیه‌ "منیش ده‌ڵێم له‌به‌هه‌شته‌ ده‌ڵێت به‌هه‌شت دووره‌ یان نزیك؟ كه‌ی‌ ده‌گه‌ینه‌ لای‌ باوكم؟".

ڤانیا ئه‌مساڵ یه‌كه‌م ساڵی‌ خوێندنی‌ بوو، چه‌ند جارێك مامۆستاكان تێبینی‌ ئه‌وه‌یان بۆ دایكی‌ ناردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كچه‌كه‌ی‌ به‌رده‌وام كزو ماته‌‌و كه‌م قسه‌ ده‌كات‌و تێكه‌ڵی‌ كه‌س نابێت.

"كچه‌كه‌م له‌وه‌ته‌ی‌ باوكی‌ شه‌هیدبووه‌، وای‌ به‌سه‌رهاتووه‌، زۆر كاریگه‌ره‌ به‌ شه‌هیدبوونی‌ باوكی‌ و تائێستاش هه‌روایه‌، به‌ڵام هاوكات مامۆستاكانی‌ ده‌ڵێن زیره‌ك‌و ئاقڵه‌"، ژیان به‌دڵته‌نگییه‌كی‌ ئاوێته‌بوو به‌خه‌می‌ قوڵی‌ له‌ده‌ستدانی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ وایوت.

دواجار كه‌ ژیان شێركۆی‌ بینی‌ پێنج رۆژ پێش شه‌هیدبوونی‌ بوو، "پێی وتم ئه‌مجاره‌ زووتر دێمه‌وه‌و مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرم، رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆكردم وتی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌وجه‌كه‌مان ئێستا مۆڵه‌تم ناداتێ‌، واجبێكی‌ تر مۆڵه‌تم ده‌داتێ‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ هاته‌وه‌".

له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ شێركۆ شه‌هیدبووه‌، ژیان رۆژانه‌ بۆی‌ ده‌گری‌ و هه‌ر له‌پرسه‌دایه‌، تائێستا كاتژمێرو ته‌سبیحه‌كه‌ی‌‌و جل‌و به‌رگ‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ ته‌راشه‌كه‌ی‌‌و بۆنه‌كه‌ی‌ هه‌مووی له‌ناو تاكه‌كه‌ی‌ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، رۆژانه‌ش سه‌یریان ده‌كات.

له‌دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ شێركۆ، خێزانه‌كه‌ی‌ خانوویه‌كیان له‌نزیك ماڵی‌ باوكی‌ ژیان به‌كرێ‌ گرتووه‌"ماڵی‌ باوكم زۆر باشن بۆمان‌و به‌رده‌وام چاویان لێمانه‌، یان ئه‌وان لای‌ ئێمه‌ن یان ئێمه‌ له‌ماڵی‌ ئه‌وانین".

شێركۆ له‌گوندی‌ جاروڵای‌ میحوه‌ری‌ گوێڕ- مه‌خمور شه‌هیدبوو، كه‌ نزیكه‌ی‌ بیست خوله‌ك له‌ مه‌خموروه‌ دووره‌. ئه‌وان ماوه‌یه‌ك له‌و گوندانه‌ بوون، كاتێك سه‌نگه‌ر لێده‌درا له‌نێوان ئه‌وان و داعش، فه‌رمانیان بۆ هات كه‌ده‌بێت رۆژانه‌ پێنج پێشمه‌رگه‌ به‌دۆشكه‌یه‌كه‌وه‌ له‌نزیك حه‌فاره‌كان بن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌چه‌كدارانی‌ داعش بپارێزرێن.

پشتیوان شێخ محه‌ممه‌د له‌دایكبووی‌ (1972)  چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ شه‌هید شێركۆ پێشمه‌رگه‌ بووه‌، وتی‌ "دیاربوو تیرۆریستان بۆمبیان نابووه‌وه‌، به‌ڕێكه‌وت من ئه‌و رۆژه‌ له‌گه‌ڵیان نه‌چووم به‌یانی‌ زووه‌كه‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ سه‌عات 8:00 كه‌ رۆیشتبوون بۆلای‌ حه‌فاره‌كان بۆمبێك به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان كه‌ جۆری‌ فۆرت بوو ته‌قیه‌وه‌و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ سوتاند‌و شه‌هید رزگار یه‌كسه‌ر له‌و شوێنه‌دا شه‌هیدبوو".

شه‌هید شێركۆ هێشتا گیانی‌ تێدا مابوو، تا گه‌یاندیانه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ مه‌خموور شه‌هیدبوو، دوو پێشمه‌رگه‌ش به‌ناوه‌كانی‌ سیروان‌و مام كاوه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ چه‌مچه‌ماڵ بوون، برینداربوون.

پشتیوان ئێستاش خه‌مباری‌ شه‌هیدبوونی‌ هاوڕێكانیه‌تی‌ "كاتێك باسی‌ شه‌هید ده‌كرێت من یه‌كسه‌ر شه‌هید رزگارو شه‌هید شێركۆ دێنه‌وه‌ به‌رچاوم،  ئێمه‌ به‌رده‌وام پێكه‌وه‌بووین".

ماڵی‌ شه‌هید له‌خانوویه‌كی‌ كرێدان له‌گه‌ڕه‌كی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ شاری‌ هه‌ولێر، گۆڕه‌كه‌شی‌ له‌ گۆڕستانی‌ گوندی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ بازیانه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP