هەواڵی ئەمڕۆ

ڕزگار دڵی ھەر لای کچەکانی بوو
شەوێک بەر لە شەھیدبوونی ئامانەتی ھاوسەرەکەی کردن

- 8/10/2017 6:43:00 PM 33427 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تا درەنگانێکی شەو، رزگار لە سەنگەرەکانی شەڕەوە لە گوێر بە نامە قسەی لەگەڵ سۆنیای کچی دەکرد، و سۆعبەتیان دەرکرد پێکەوە، کاتژمێر ٠٢:٠٠ رزگار دەڵێت، بابخەوین سبەینێ وەڵامی پرسیارەکە دەدەمەوە، ئیتر بۆ ھەمیشە خێزانەکەی جێدەھێڵێت و ماڵئاواییان لێدەکات، بۆ سبەینێ شەھید دەبێت.

شەھید رزگار عەلی عەبدولقادر، ناسراو بە رزگاری حاجی عەلی، لەساڵی ١٩٧٥لەگەڕەکی مەجید بەگی شاری سلێمانی لەدایکبووە، تا قۆناغی سێی ناوەندی خوێندووە، لەساڵی ١٩٩١بووەتە پێشمەرگە، دوا شوێنی پێشمەرگایەتی فەوجی دووی لیوای ١٤ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە، لە ٢٣-١-٢٠١٥لە گووندی جاروڵا،ی میحوەری گوێڕ-مەخمور لەگەڵ ھاوسەنگەرێکی بەناوی شێرکۆ ئەبوبەکر بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی  داعش-ەوە شەھیدبوون.

رزگار، لەگەڵ بەفراو محەمەد-ی تەمەن ٤١ ساڵ ھاوسەربوون، ئەوان دایک و باوکی دوو کچ بوون، سۆنیا١٦ساڵ،و لەنیا١٢ساڵ، بەفراو دەڵێت، بۆ دواجار پێنج رۆژ بەر لەشەھیدبوونی، ھاوسەرەکەی بینیوە"بەیانی زوو بوو، وادەی چوونەوەی بوو بۆ بەرەکانی شەڕ، ئۆتۆمبێلێکی جۆری گڵاند-مان ھەبوو، نەیدەبرد بۆ بەرەکانی شەڕ، لەماڵەوە گەیاندمە گەراجی بەغدا‌و لەوێ ھاوسەنگەرەکانی چاوەڕێی ئەویان ئەکرد، پێکەوە بەرەو ھەولێر بەڕێکەوتن، ئیتر چیتر نەمبینییەوە".

رزگار، لەبەرەکانی شەڕەوە دڵی ھەر لای منداڵەکانی دەبێت، ‌و بەردەوام بەتەلەفۆن قسەیان لەگەڵ دەکات "لەبەرئەوەی شوێنەکەیان نزیک بوو لەداعشەکانەوە شەبەکەی مۆبایل زۆر لاواز بوو، ھەر ئەو خۆی تەلەفۆنی بۆ ئەکردین، بۆدواجار شەوێک بەر لەشەھیدبوونی گوێم لەدەنگی بوو، لەماڵی دایکم بووین، نزیکەی نیو سەعاتێک قسەمان کرد، ئەوەم ھەرگیز لەبیرناچێتەوە کە وتی تا من دێمەوە ھەر لەماڵی دایکت بن، وتیشی ئاگات لەخۆت‌و مناڵەکان بێت".

بەفراو باسی لەوەکرد، ژیانی لەگەڵ رزگار بەرەو باشتر رۆیشتووە، بەڵام شەھیدبوونی ھەمووشتێکی پێچەوانە کردەوە،"سەرەتای ھاوسەرگیرییمان تا چەند ساڵێکیش وەزعی داراییمان باش نەبوو، بەڵام دواتر ئەو لەڕێی ئەو مووچەیەی وەریئەگرت‌و منیش لەڕێی بەرگدوورینەوە، وەزعمان بەرەو باشتر ئەڕۆیشت، ھەرچۆنێک بوو خانوویەکمان درووست کرد، بەڵام بەداخەوە زۆری نەخایاند ھەموو شتێکمان لێ تێکچوو".

خێزانەکەی رزگار، ژیانیان بە ئاسانی بەڕێناکەن، بۆ ئەوان ساڵی یەکەمی دوای شەھیدبوونی رزگار، زۆر سەخت بووە، بەفراو دەڵێت، ھەردوو کچەکەی  بارودۆخیان  زۆر خراپ بوو، بەڵام ئێستا باشترن.

"جارێکیان لەنیا بەگریان ھاتەوە بۆ ماڵەوە وتی یەکێک لە ھاوڕێکانم تانەی لێداوم‌و پێی وتووم تۆ باوکت نییە، ئەوەم ھەرگیز لەبیر ناچێت، چووم بۆ لای مناڵەکان‌و پێم وتن چیتر وای پێ نەڵێن، ئینجا پێموتن ئێوەی ئەبێ شانازی بەباوکتانەوە بکەن، چونکە لەڕێی شەرەف‌و کەرامەت‌و خاکی کوردستاندا شەھیدبووە".

بەفراو، تائێستا ژمارە موبایلەکەی رزگاری دانەخستووە، ھەر وەڵامی تەلەفۆنەکانی ئەداتەوە، "بەڵام  خۆی جیھازێکی نۆکیای پێبوو، ناچار بووم بیگۆڕم چونکە کە زەنگی بۆ ئەھات وام ئەزانی ئەو کاتانەیە کە ھێشتا شەھید نەبووە، بۆیە جیھازەکەم گۆڕی".

شەھید رزگار عەلی

سۆنیای کچی رزگار، کاتێک باوکی شەھیدبوو لە قۆناغی حەوتەمی بنەڕەتیی بوو، ، ئێستاش لە قۆناغی نۆیەمە، سۆنیا بۆ خەندان، دواین قسەکانی خۆی لەگەڵ باوکی باسکرد کە شەوێک بەر لەشەھید بوونی بە نامە قسەیان کردووە.

"لەماڵی نەنکم بووین من ‌و دوو خزمی ترمان بەردەوام بەمەسج قسەمان لەگەڵی ئەکردو گاڵتەو گەپ‌و پرسیارو وەڵاممان لەیەکتر ئەکرد، نزیکەی سەعات دووی شەو بوو، پرسیارێکمان لێکرد، وتی ئیتر درەنگە ئیشەڵا بەیانی وەڵامی ئەم پرسیارەتان ئەدەمەوە، بەڵام ئێستاش ھەر وەڵامی نەداوەتەوە"سۆنیا وای وت.

بۆ بەیانییەکەی کاتژمێر، ٠١:٠٠ پاشنیوەڕۆ بەفراو تەلەفۆنێکی بۆدێت، سۆنیا دەڵێت،" پیاوێک بوو وتی تۆ ھاوسەری رزگاری ئەویش وتی بەڵێ، پێی وت رزگار برینداربووە، ئیتر من‌و دایکم‌و ئەوانی تریش دەستمانکرد بەگریان، لەگەڵ کەسوکارو خزمان بەرەو ھەولێر بەڕێکەوتین، تەنھا من‌و دایکم نەمانئەزانی شەھیدبووە، ئەوانی تر ھەموویان زانیبوویان".

دوای ئەوەی سۆنیاو خێزانەکەی دەگەنە دەروازەی ھەولێر، لەوێ تێدەگەن کە رزگاریان بۆ ھەمیشە لە دەست داوە، "ماوەیەک چاوەڕێمان کرد، گوێم لێبوو خاڵێکم بەناوی زمناکۆ، وتی تاکەی لێیان بشارینەوە، ھات بۆلامان‌و بەدایکمی وت بەفراو خۆڕاگربە ئەوە رێی ھەموومانە، رزگار شەھیدبووە، ئیتر من‌و دایکم ئاگامان لەخۆمان نەما".

سۆنیا و لەنیا

سۆنیا وتی"لەگەڵی زۆر تێکەڵ بووین، زۆری خۆش ئەویستین ئێمەش ئەومان زۆر خۆشدەویست، ئەو کاتانەم بیرناچێت کەپێکەوە ئەچووین بۆسەیران، ئێستاش کە ئەچین بۆ ئەوشوێنانە یەکسەر باوکمم ئەکەوێتەبیر‌و واھەستەکەم لەگەڵمانە، شەھیدبوونی کاریگەریی زۆری ھەبوو لەسەرمان بەتایبەتی ئێمە لەناوەڕاستی ساڵی خوێندندا بووین، ھەرچۆنێک بێت خۆمان راگرتووەو بەوە دڵی خۆمان ئەدەینەوە کە لەپێناو گەل‌و نیشتماندا شەھیدبووە".

پشتیوان شێخ محەممەد، تەمەن ٤٥ساڵ، وەک خۆی دەڵێت، نزیکەی ١٠ ساڵی تەمەنی ھاوڕێی شەھید رزگار بووە، بۆ خەندان رووداوەکەی باسکرد، کە لەگووندی جاروڵای میحوەری گوێڕ- مەخمور بووە و گووندەکە نزیکەی بیست خولەکێک رێگای ئۆتۆمبێل لە مەخمورەوە دوورە.
 
 بەوتەی ئەو، فەرمانیان بۆ ھاتووە، کە دەبێت رۆژانە پێنج پێشمەرگە بەدۆشکەیەکەوە لەنزیک حەفارەکان بن بۆ ئەوەی لە داعش بیانپارێزن، "دیاربوو تیرۆریستان بۆمبیان نابووەوە، بەڕێکەوت من ئەو رۆژە لەگەڵیان نەچووم بەیانی زووەکەی دەوروبەری سەعات ٨:٠٠ کە رۆیشتبوون بۆلای حەفارەکان بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیان کە جۆری فۆرت بوو تەقییەوە".

پشتیوان دەڵێت، بۆمبەکە ئۆتۆمبێلەکەی سووتاند‌وەو رزگار راستەوخۆ لەو شوێنەدا شەھیدبووە، "شەھید شێرکۆش تا گەیاندیانە نەخۆشخانەی مەخموور شەھیدبوو، دوو پێشمەرگەش بەناوەکانی سیروان، ‌و مام کاوە کە خەڵکی چەمچەماڵ بوون، برینداربوون".

 "کاتێک باسی شەھید دەکرێت من یەکسەر شەھید رزگارو شەھید شێرکۆ دێنەوە بەرچاوم،  ئێمە بەردەوام پێکەوەبووین لەدەوام ‌و لەماڵیش، پەیوەندی خێزانییمان ھەیە، ھەرگیز دڵمان لەیەک نەیەشاوە سوپاس بۆ خوا"پشتیوان وای وت.

وتیشی،"لەڕووی ئازایەتییەوە ھەردووکیان(شەھید رزگار و شەھید شێرکۆ) وەک دەوترێت کون لەجەرگیاندا نەبوو، زۆر ئازابوون، زۆر بەڕێزبوون، لەناو ھاوڕێکانیدا تا بڵێی خۆشەویست بوون، ئێمە وەکو برامان لێھاتبوو".

شەھید باوکی کۆچی دوایی کردووە و ، ٤ برا و ٣خوشکی ھەیە، ماڵی شەھید ئێستا لەگەڕەکی ئاوبارەی شاری سلێمانییە، گۆڕەکەشی لەگۆڕستانی بەکرەجۆیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP