هەواڵی ئەمڕۆ

شه‌هید سیروان؛ كچه‌ پێنج مانگيه‌كه‌ی‌ جێهێشت

- 8/8/2017 1:16:00 PM 42702 جار خوێندراوەتەوە
شه‌هید سیروان

خه‌ندان-سیروان حەسەن

دوای‌ دوو ساڵ هاوسه‌رگیری‌ و بوون به‌خاوه‌نی‌ كچێك كه‌ ته‌مه‌نی‌ ته‌نها پێنج مانگه‌، سیروان جەمیل له‌كاتی‌ پاراستنی‌ ئه‌و قه‌ڵایانه‌دا كه‌ بۆ چاودێری‌ و رێگریكردن له‌چه‌كدارانی‌ داعش له‌سنوری‌ داقوق دروستده‌كرێن، شه‌هیدبوو.

بەرەبەیانی 6ی ئابی 2017، سیروان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك بە ئۆتۆمبیلێكی هێزەكەیاندا شەهیدبوو، سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون. 

نەقیب سۆران حەسەن، فەرماندەی سریەی یەكی فەوجی كاكەیی سەر بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێت "شەهید سیروان، كورێكی زۆر ئازاو نەبەردو زیرەك بوو، نموونەی پێشمەرگەو خۆشەویستی نێوان هاوڕێكانی بوو.دڵسۆزانە خاكی كوردستانی خۆشدەویست لە پێناویدا دەجەنگا".

وتیشی‌ "زۆر جار كاتی پشووی بووە، بەڵام دەستی لەسەر چەكەكەی بووەو چاودێری ناوچەكەی دەكرد، هەمیشە دەیوت ده‌بێت زیاتر ئاگاداربین و داعش لەناوچەكە جموجۆڵیان هەیەو پێویستە رێگرییان لێ بكەین و رێگە نەدەین هیچ چالاكییەكی داعشەكان ئەنجامبدرێت".

بەرەبەیانی 6ی ئاب، نەقیب سیروان له‌چه‌می‌ رۆخانه‌، له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌ره‌كانی‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بە ئۆتۆمبیلی سریەكەیان چاودێری‌ ناوچه‌كه‌یان كردو هیچیان به‌دینه‌كرد، جارێكی‌ تر به‌و رێگایه‌دا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، له‌پڕ بۆمبێك به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌یاندا ته‌قیه‌وه‌.

نەقیب سۆران وتی‌ "شەهید سیروان بێ گوێدانە ئەوەی پشوویەتی، لە گەڵ سێ پێشمەرگەی دیكە دیسانەوە بەو رێگایەدا گەڕانەوەو لە رێگادا بۆمبێێك بە ئۆتۆمبیلەكەیاندا تەقییەوە كە دیاربوو پاش پشكنینی رێگاكە چەكدارانی داعش هاتونەتە ناوچەكە بۆمبەكەیان داناوە". 

بۆمبەكە كاتژمێر 8 سەرلەبەیانی تەقییەوە و بەهۆیەوە چوار پێشمەرگە برینداربوون. دواتر لە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك سیروان جەمیل تەمەن 24 ساڵ كە شۆفێری ئۆتۆمبیلەكە بووە بەهۆی خوێنەبەربوونی زۆرەوە شەهیدبوو.

چەمی رۆخانە نزیكەی 30 كم درێژەو لەنزیك داقوقەوە دەستپێدەكات بۆ ناوچەی زەرگەی نزیك دووزخورماتوو، هەروەها چەمەكەش دارێكی زۆری تێدایەو ژمارەیەك گوندی لەسەرە كە رێگا ئاسان دەكات بۆ جموجۆڵی چەكدارانی داعش. 

نەقیب سۆران ده‌ڵێت تەنها بە هێزەكەی ئەوان ئەو ناوچەیە كۆنترۆڵ ناكرێت، بۆیه‌ پێویستیان به‌هێزی‌ دیكه‌ هه‌یه‌.

شەهید سیروان جەمیل، لە خێزانێكی هەژار گەورە بووەو ئێستا لە گەرەكی "ئەسرا مەفقودین"ی كەركوك نیشتەجێن، تاوەكو شەشی بنەڕەتی خوێندووەو هەرزوو دەستیكردووە بە كاركردن بۆ هاوكاریكردنی خێزانەكەی.

ئەریڤان خورشید خاڵی شەهید سیروان بۆ خه‌ندان باسی‌ له‌وه‌كرد، خێزانی‌ شه‌هید لەرووی داراییەوە هەژارن. هەرچەندە هاوسەرگیریشیی كردووە، هەر لەگەڵ ماڵی باوكی بووە.

شەهید سیروان به‌وه‌ناسرابوو كه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌بووه‌ بۆ به‌رگری‌ له‌كوردستان، ساڵی رابردوو كاتێك داعش هێرشی كردە سەر شاری كەركوك، لە ماڵەوە له‌پشوودا بووه‌، بەڵام چەكەكەی هەڵگرتووەو بەشداری ئەو شەڕەشی كردووە كە تێیدا چەكدارانی داعش لە ناوبران.

وەك خاڵی دەڵێت "شەهید سیروان كوڕێكی بەرەوشت و خۆشەویست بوو، هەموان شانازییان پێوە كردووە".

شەهید سیروان نزیكەی دووساڵ لەمەوبەر ژیانی هاوسەرگیری پێكهێنابوو، لەدوای شەهیدبوونی، كچێكی تەمەن پێنج مانگ بە ناوی "هەستی" بەجێهێشتووە. هەستی بێ خەبەرە لەوەی باوكی شەهید بووەو هێشتا چاوەكانی بە ناو كەسەكانی بەشداربوو لە پرسەكەدا دەگەرێت بە دوای باوكیدا.
 
خێزانی شەهید سیروان پێشتر لەسەر كوردایەتی روداوی‌ زۆریان به‌سه‌رهاتووه‌، لەئەمنە سورەكەی سلێمانی مامێكی لە لایەن بەعسەوە لە سێدارە دراوه‌.

سەعید كاكەیی راوێژكاری پێشووی وەزیری پێشمەرگە و مامی شەهید سیروان بۆ خەندان وتی‌ "هەستی كوردایەتی و خەباتی بنەماڵەكەی هۆكاری ئەوەبوو شەهید سیروانیش چەك لە شانی بكات و بچێتە رێزی هێزەكانی پێشمەرگەوە و بەرگری لە خاكی كوردستان بكات". 

وتیشی‌ كه‌ پێویسته‌ حكومەتی هەرێم بە جدی ئاور له‌هێزی‌ كاكه‌ییه‌كان بداته‌وه‌، چونكە سنووری هێزەكە فراوانەو كەموكورتی زۆریشیان هەیە، پێویستە ئەو كەلێنانە پربكرێنەوەو هێزیان بۆ زیاد بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن كۆنتڕۆڵی ناوچەكە بكەن.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP