هەواڵی ئەمڕۆ

مارف له‌پێناو جه‌له‌ولادا شه‌هیدبوو؛ فریانه‌كه‌وت له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی‌ قسه‌بكات

- 8/2/2017 8:10:00 PM 18273 جار خوێندراوەتەوە
شه‌هید مارف

خه‌ندان-

به‌یانییه‌كی‌ زوو مارف عوسمان له‌ناو ده‌نگی‌ ته‌قه‌و شه‌ڕێكی‌ سه‌ختدا، ته‌له‌فۆنی‌ بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ كردو هه‌واڵی‌ ماڵ و منداڵی‌ لێ پرسی، بێ ئاگا له‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ دوایین په‌یوه‌ندی‌ نێوانیان.

مارف مانگی‌ 11 ی‌ 2015 هه‌رچه‌نده‌ كاتی‌ ده‌وامی‌ خۆی‌ نه‌بوو، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی‌ خۆی‌ گه‌یانده‌ سه‌نگه‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ، به‌ئامانجی‌ رزگاركردنی‌ جه‌له‌ولا له‌ده‌ست چه‌كدارانی‌ داعش.

شنۆ كه‌مال له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ (1980)، له‌ساڵی‌ 2007 هاوسه‌رگیریی‌ له‌گه‌ڵ شه‌هید مارف كردووه‌، ئێستاش ئه‌و هه‌ینییه‌ی‌ له‌به‌رچاوه‌ كه‌ تێیدا هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ بۆ دواجار بینی‌ "زۆر په‌له‌ی‌ بوو بچێته‌وه‌، تا بڵێی‌ دڵی‌ خۆش بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ هێرشه‌كه‌ بكات، هه‌ر ئه‌یوت هاوڕێكانم نازانم بۆ دواكه‌وتن، منیش وتم په‌له‌ت چییه‌ كه‌ی‌ هاتن ئینجا بڕۆ ئه‌گه‌ریش نه‌هاتن مه‌ڕۆره‌وه‌، ئیتر ئه‌وه‌بوو رۆیشتن، له‌وه‌به‌ولاوه‌ نه‌مبینییه‌وه‌".

كاتژمێر 8:30 ی‌ به‌یانی‌ ئه‌و رۆژه‌ی‌ مارف-ی‌ تێیدا شه‌هیدبوو، زه‌نگی‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی‌ شنۆ لێیدا، كه‌ سه‌یری‌ كرد بینی‌ مارفی‌ هاوسه‌ریه‌تی‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆ ده‌كات "هه‌واڵی‌ خۆم‌و مناڵه‌كانی‌ پرسی‌، قه‌ت به‌و به‌یانییه‌ زووه‌ ته‌له‌فۆنی‌ نه‌كردبوو، وتی‌ شه‌ڕێكی‌ سه‌خته‌، سێ‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبووه‌، زۆرم پێناخۆشه‌".

شنۆ داوای‌ له‌ مارف كرد كه‌ ئاگاداری‌ خۆی‌ بێت "وتی‌ خوا گه‌وره‌یه‌، ئینجا وتی‌ ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ حه‌زم له‌ خواردنی‌ سه‌روپێیه‌، وتم ماڵی‌ باوكم سه‌روپێیه‌كی‌ زۆریان كردووه‌، وتی‌ ئیشه‌ڵا دێمه‌وه‌و لێی‌ ئه‌خۆم، به‌بێ‌ من نه‌یخۆن، به‌داخه‌وه‌ نه‌یخوارد".

شه‌هید مارف عوسمان ئه‌حمه‌د ساڵی‌ 1971 له‌گونده‌ی‌ هه‌ناره‌ی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌نگاو له‌دایكبووه‌. له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌دی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، دوا شوێنی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ لیوای‌ 136ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان بووه‌. رۆژی‌ 23/11/2015 له‌جه‌له‌ولا به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبێكه‌وه‌ شه‌هید بووه‌.

شه‌هید سێ خوشك‌و دوو برای‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ك پێنج منداڵیشی‌ هه‌یه‌، باوه‌ڕ له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ (1997)، بڕوا له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ (1999)، شێنێ‌ له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ (2003)، لاوه‌ند له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ (2009)، كلارا له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ (2014).

شنۆ نیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ 23/11/2015 له‌لایه‌ن خوشكه‌كه‌یه‌وه‌ ئاگاداركرایه‌وه‌ كه‌ مارف برینداربووه‌، له‌كاتێكدا ته‌رمه‌كه‌ی‌ مارف گه‌یه‌نرابووه‌وه‌ مزگه‌وتی‌ بێخود لەگەڕەكی خەباتی شاری سلێمانی " ته‌نها من‌و ماڵی‌ باوكم نه‌مانزانیبوو، رۆیشتین بۆلای‌ ماڵی‌ خه‌زوورم كه‌ له‌هه‌مان گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ن، كاتێك گه‌یشتینه‌ ئه‌وێ‌ بینیمان هه‌موو خزم‌و كه‌سوكارو دراوسێكان له‌وێ‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌".

"من‌و مارف یه‌كترمان خۆش ئه‌ویست، ئه‌و كه‌سێكی‌ زۆر باش‌و پاك بوو، به‌ر له‌به‌رپابوونی‌ شه‌ڕی‌ داعش ژیانێكی‌ مامناوه‌ندو ئاساییمان هه‌بوو"، هاوسه‌ری‌ شه‌هید وایوت.

بڕوا له‌دایكبووی‌ (1999) كوڕی‌ شه‌هید مارف، ئێستاش ئه‌وه‌ی‌ له‌دڵ ده‌رناچێت كه‌ باوكی‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م به‌ر له‌شه‌هیدبوونی‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆكردووه‌‌و ويستوویه‌تی‌ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكات، به‌ڵام قه‌ده‌ر نه‌یهێشتووه‌ بۆ دواجار گوێی‌ له‌ده‌نگی‌ باوكی‌ بێت "من له‌مه‌كته‌ب بووم كه‌ چوومه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ وتیان باوكت شه‌هیدبووه‌، دواتر سه‌یری‌ مۆبایله‌كه‌م كرد، ته‌له‌فۆنی‌ بۆ كردبووم، ئێستاش بووه‌ته‌ گرێ‌ له‌دڵما نازانم ویستبووی‌ چیم پێبڵێت، خۆزگه‌ یه‌ك جاری‌ تر بمبینایه‌ته‌وه‌"، بڕوا به‌گریانه‌وه‌ وایوت.

دواجار كه‌ بڕوا باوكی‌ بینی‌ دوو رۆژ بوو به‌ر له‌وه‌ی‌ بچێته‌وه‌ بۆ ده‌وام، "له‌ماڵی‌ باپیرم بووین، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی‌ خزممان له‌وێ‌ بوون ئامۆژگاری‌ ده‌كردن‌و پێی‌ وتن له‌كاتی‌ هێرشكردندا ئاگات له‌خۆتان بێت ئه‌گه‌ر چوونه‌ هه‌ر ماڵێكه‌وه‌ ده‌ست له‌هیچ شتێك مه‌ده‌ن، چه‌كتان بینی‌ هه‌ڵیمه‌گرن، تیرۆریستانی‌ داعش هه‌موو شتێك بۆمبڕێژ ئه‌كه‌ن‌و ئه‌گه‌ر وریا نه‌بن پێتاندا ئه‌ته‌قێته‌وه‌".

مارف و هاوسه‌نگه‌ره‌كانی‌ له‌هه‌وڵی‌ رزگاركردنه‌وه‌ی‌ جه‌له‌ولادا بوون له‌ده‌ست داعش، كاتێك گه‌یشتنه‌ ده‌روازه‌ی‌ شاره‌كه‌، له‌ناكاو بۆمبێك له‌ژێر پێیدا مارفدا ته‌قییه‌وه‌و شه‌هیدبوو.

محه‌مه‌د نه‌زمی‌ له‌دایكبووی‌ (1989) هاوسه‌نگه‌ر‌و خزمی‌ شه‌هید مارف-ه‌، یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ چووه‌ته‌ سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی‌ مارف ده‌ڵێت "له‌دوای‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبه‌كه‌ یه‌كسه‌ر شه‌هیدبوو، من یه‌كه‌م كه‌س گه‌یشتمه‌سه‌ری‌".

محه‌مه‌د كه‌ماوه‌ی‌ 10 ساڵ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مارف پێشمه‌رگه‌بوون ده‌ڵێت "پیاوێكی‌ ئازاو به‌جه‌رگ بوو، هه‌موو هاوڕێكانی‌ شایه‌دی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌ده‌ن، زۆرجار ده‌وامی‌ خۆیشی‌ نه‌بوو، كه‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆ ده‌كرا به‌زووترین كات ده‌گه‌یشته‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ، به‌شداری‌ زۆربه‌ی‌ شه‌ڕه‌كانی‌ كردبوو، شه‌هیدبوونی‌ ئه‌و زۆر كاریگه‌ریی‌ هه‌بوو له‌سه‌رم".

ماڵی‌ شه‌هید له‌گه‌ڕه‌كی‌ خه‌بات-ی‌ شاری‌ سلێمانییه‌، گۆڕه‌كه‌شی‌ له‌گۆڕستانی‌ گوندی‌ كچان-ی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌نگاوه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP