هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

پاسەوان کاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان شەھیدبوو

- 7/31/2017 9:09:00 PM 23796 جار خوێندراوەتەوە
شەھید پاسەوان

خەندان-

بەرەبەیانێکی زووی پایزیی، ٢٠١٥پاسەوان، لەبەرەکانی شەڕەوە، بەپەلە بۆ ماڵەوە گەڕایەوە، ماچی ھەموو منداڵەکانی کردوو، راستەوخۆ گەڕایەوە بۆ سەنگەرەکەی، دوای چەند کاتژمێرێک لەکاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان-دا شەھید دەبێت.

شەھید پاسەوان یاسین عەبدولعەزیز، ناسراو بە پاسەوان زراری، لەساڵی ١٩٨٢لەشاری ھەولێر لەدایکبووە، تا قۆناغی، سێی ناوەندی خوێندووە، لەساڵی ٢٠٠٤بووەتە پێشمەرگە.

دوا شوێنێ پێشمەرگایەتی، پاسەوان فەوجی مغاویری پاسەوانی سنوور بووە، لە ٢٥-١٠-٢٠١٥ لەنێو گووندی (زومارەی سابیر) لەمیحوەری گوێڕ لەکاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستاندا شەھیدبوو.

پاسەوان لەساڵی ٢٠٠٥ھاوسەرگیریی لەگەڵ، بێخاڵ زاھیر، ٣٢ساڵ کردووە، کوڕێک و سێ کچیان ھەیە، بەناوەکانی پەیوەند،١١ساڵ، پەیام، و پەرێز دوانەن، و تەمەنیان ٣ساڵە، پەیوەست-یش پێنج رۆژ لەپاش شەھیدبوونی باوکی ھاتووەتە دونیاوە.

بێخاڵ، بەحەسرەتەوە بۆخەندان باسیلەوەکرد، ئەو رۆژەی پاسەوانی تێدا شەھیدبوو، بەیانییەکەی لەبەرەکانی شەڕەوە ھاتووەتەوە ماڵەوە، "دیاربوو ئیشیان ھەبوو، بۆ تەنھا چەند خولەکێک ھاتەوە بۆ ماڵ ئێمە نووستبووین، ھەڵیساندین پاش ھەواڵپرسین ماچی ھەموومانی کرد و بەپەلە گەڕایەوە بۆ بەرەکانی شەڕ، ئەوە دواجار بوو بیبینین".

پێشنیوەڕۆی ئەو رۆژە بێخاڵ، بەتەلەفۆن قسە لەگەڵ پاسەوان دەکات، "گوێم لەدەنگی تەقە بوو، وتم ئەوە چییە؟ وتی ھیچ نییە شەڕە دوورە لەئێمەوە، مەبەستی بوو دڵم لای نەبێت".

کاتژمێر ٠٥:٠٠ ی ئێوارەی ئەو رۆژە، بێخاڵ دیسان تەلەفۆن دەکاتەوە بۆ پاسەوان، وەڵام نادرێتەوە، تەلەفۆنەکانی رەتکراونەتەوە.

بێخاڵ، نەیزانیوە، لەوکاتەدا پاسەوان شەھیدبووە، "مۆبایلەکەی لای ھاوڕێکانی بوو کە لەگەڵ تەرمەکەی ھاتنەوە، لەبەر ئەوەی من دوو گیان بووم ھەواڵەکەیان پێنەوتم لەپاش ھەموویانەوە زانیم ھاوسەرەکەم شەھیدبووە".

بێخاڵ، دەڵێت، ئەوەی لەدڵی دەرناچێت ئەوەیە ناوی شەھید پاسەوان-یان لەلیستی شەھیدانی شەڕی داعش دەرھێناوە، "زۆر موتەئسیرم بەو کارەی بەرپرسان، من مێردەکەم لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستاندا شەھیدبوو، کەچی بەشەھیدی نازانن، قەت ئەوەم لەدڵ دەرناچێت". 

منداڵەکانی شەھید پاسەوان لەسەر گۆڕی باوکیان

باسیلەوەکرد، ئەو زۆر گلەیی، لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان-ە، "چونکە ھاوسەرەکەی من ئەگەرچی پێشمەرگەی کوردستان بوو، بەڵام لەسەر لیستی یەکێتی پێشمەرگە بوو، تا ئێستا ھیچ بەرپرسێکی یەکێتی لێی نەپرسیونەتەوە، کەسیان یارمەتییان نەداوین، تەنانەت سەردانیشیان نەکردووین، بەتایبەتی لەم بارودۆخە داراییە نالەبارەدا، کە ھەموو خێزانی شەھیدان پێویستیان بەھاوکارییە".

بەوتەی بێخاڵ، زۆرجار پاسەوان، دەوامی خۆیشی نەبوو بەڵام ھەرچووەتەوە دەوام، بۆ بەرەکانی  شەڕ.

"نێوانمان زۆر خۆش بوو من، و منداڵەکانی زۆر خۆشدەویست، بۆیە ئێستا بەردەوام منداڵەکانم باسی بابیان دەکەن ماچی وێنەو کێلی گۆڕەکەی دەکەن، پەیوەستی کچم ئەگەرچی بابی نەبینیووە، بەڵام رۆژانە ماچی وێنەکەی دەکات" بێخاڵ وای وت. 

پاسەوان، دوو براو چوار خوشکی ھەیە، خۆی برا بچوکی خێزانەکەی بووە، دەشتی، ٣٣ساڵ، برای شەھید بۆخەندان، باسیلەوەکرد، تاکاتژمێر ٠٤:١٤ ی پاشنیوەڕۆی ٢٥/١٠ لەلایەن نەقیب محەممەد کە خزمی دایکیەتی تەلەفۆنێکی بۆ ھاتووە، و پێی وتراوە، "پاسەوان بریندارە، و پێویستە بەزووترین کات بگەیتە لای ئێمە لەمیحوەری گوێڕ"

"منیش بەپەلە بەتەنھا بەڕێکەوتم، ئەوەندە شپرزەبووم، زۆری نەمابوو بەھەڵە بچمە ناو تیرۆریستانی داعش-ەوە، ئیتر لەڕێ زانیم شەھیدبووە، و تەلەفۆنم بۆ کەسوکارەکانم کرد".

 شەھید پاسەوان

دوو رۆژ بەر لەشەھیدبوونی، پاسەوان، دەشتی بینیویەتی "لەگەڕەکی تەیراوا بینیم، ئەو نەک ھەر برا بەڵکو ھاوڕێم بوو زۆرم خۆشدەویست، بەردەوام لەماڵی یەکتر بووین، کەسێکی زۆر قسەخۆش بوو".

دەشتی-یش بەھەمان شێوەی بێخاڵ گلەیی لەبەرپرسان ھەیە، و دەڵێت، لەدوای پرسەی براکەیەوە لێیان نەپرسیوەتەوە،" لەپاش پرسەکەی ھەتا ئیستا بەرپرسێکی یەکێتی نەھاتووە بۆ ماڵی شەھید و لەحاڵیان بپرسێت، براکەم کرێچی بوو لەشوقەیەکدا، لەدوای شەھیدبوونی خزم و کەسوکار ماڵیان ئاوابێت ھاوکارییان کردین و خانوویەکیان بۆ خێزانی شەھید درووست کرد لەئۆردوگای بەحرکە".

"ماڵی شەھید لەدۆخێکی خراپدان، کچە بچووکەکەی زۆر پەیوەستە بەمن دەڵێت بابە، ھەموویان بەردەوام باسی باوکیان دەکەن" دەشتی بەگریانێکی قووڵەوە وایوت. 

دیار حامد، پورزای شەھید یەکێکە لەو خزمانەی شەھید کە وەک خۆی دەڵێت،  "زۆر کاریگەر" بووە، بەشەھیدبوونی پاسەوان، " جگە لەوەی خزمی نزیکی یەک بووین، ھاوڕێ بووین، ئەو کەسێکی زۆر ئایندار بوو، شەوێک بەر لەشەھیدبوونی بەتەلەفۆن پێکەوە قسەمان کرد، زۆر سوعبەتمان کرد، لەوە بەولاوە ئیتر گوێم لەدەنگی نەبووەوە".

شەھید پاسەوان لەگەڵ دایکی، و دەشتی برای

دیار لەزاری ھاوسەنگەرانی شەھید پاسەوان کە ژمارەیەکیان شەھیدبوون، و ژمارەیەکی تریشیان بەردەست نەبوون قسەیان لەگەڵ بکرێت، باسی لەرووداوی شەھیدبوونی پاسەوان کرد.

وتی،  شەھید پاسەوان، و ھاوسەنگەرانی لەنێو بەشێک لە گوندی زومارەی سابیر بوون، گووندەکە دوو بەشە، بەشێکی پێشمەرگەی تێدا بوو بەشەکەی تری لەنێوان داعش و پێشمەرگەدا بوو و ئاڵای داعشی لەسەر هەڵکرابوو.
 
چەکدارانی داعش، ناو بەناو بەماتۆڕسکیل ھاتوونەتە نزیک پێشمەرگە، و لەوێوە ھاوەنیان ئاراستەکردووە، "تەنانەت بیست رۆژ بەر لەشەھیدبوونی، پاسەوان پارچەی بەرکەوت و برینداربوو، کە شەھیدیش بوو پارچەکان لەسەریدا مابوونەوە". 

پاشنیوەڕۆی رۆژی ٢٥-١٠-٢٠١٥، شەھید پاسەوان چەند پێشمەرگەیەکی تر دەچنە ئەو بەشەی گووندەکە کە ئاڵای داعش-ی لەسەر بووە، ئامانجیان ئەوەبووە بۆسە بۆ ئەو داعش-انە دابنێن کە لەوێوە بۆردوومانی پێشمەرگەیان دەکرد.

"کاتێک دەگەنە ئەو شوێنە پاسەوان و ھاوڕێیەکی دەچنە سەر ئەو خانووەی ئاڵای داعش-ی لەسەرە، شەھید پاسەوان ئاڵاکەیان دادەگرێت و ئاڵای کوردستان بەرزدەکاتەوە، لەو کاتەدا ئەو شیشەی ئاڵای کوردستانی پێوەیە بەر تەلی ستوونێکی کارەبا دەکەوێت کە نزیک خانووەکە بووە، بۆیە یەکسەر کارەبا دەیگرێت" دیار وای وت.

بەوتەی ئەو، ماوەی چەند خوولەکێکیش لە ژیاندا ماوە، بەڵام بەر لەوەی بگاتە نەخۆشخانە شەھیدبووە.

ئێستا ماڵی شەھید لەناحیەی بەحرەکەی سەر بەپارێزگای ھەولێرە، گۆڕەکەشی لەگۆڕستانی کارگەی قیری سەر رێگای مەخموورە.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP