بەپەلە

بۆچی نەوشیروان مستەفا پێی خۆش نەبووە برێت مەکگۆرک لەپۆستەکەی لاببرێت؟

- 7/31/2017 4:00:00 PM 28457 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

ھۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەفراکسیۆنی گۆڕان، گفتوگۆیەکی نێوان سلێمان عەبدوڵا یونس، و نەوشیروان مستەفای باسکردووە، کاتێک نەوشیروان مستەفا پێی وتووە، ئەو لەگەڵ ئەوەیە برێت مەکگۆرک، لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، چونکە ئەوە سودی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەبێت.

ھۆشیار عەبدوڵا، لە نوسینێکدا دەڵێت"ھاوڕێم کاک سلێمان عەبدوڵا یونس، بۆی گێڕامەوە ، ئەو ماوەیەی کە ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا کرا، و دۆناڵد ترەمپ، و کۆمارییەکان بردیانەوە کاک نەوشیروان لە لەندەن بوو، لەیەکێک لە سەردانەکانما بۆ لای پرسیارێکی کرد لام سەیربوو".

بەپێی نوسینەکە، سلێمان عەبدوڵا، وتوویەتی"کاک نەوشیروان، زۆر بە پەرۆشەوە لێی پرسیم و داوایکرد کە لە ڕێگەی دکتۆر بەرھەم-ەوە پرسیاری بۆبکەم ئایا برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆک ئۆباما، بۆ شەڕی داعش لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە یان دەگۆڕدرێ، لە کاک نەوشیروانم پرسی، ئەو پرسیارەت بۆ چیە؟ جارێ حەز ئەکەی بمێنێتەوە یان حەز ئەکەی بگۆڕدرێ؟".

نەوشیروان مستەفا، وتوویەتی،"بێگومان حەز ئەکەم نەگۆڕێ و بمێنێتەوە" سلێمان عەبدوڵا، لە وەڵامدا پرسیویەتی،"بۆچی کاک نەوشیروان؟ خۆ ئەو پیاوە زۆر دژی تۆ و گۆڕان-ە، لەکێشەی پەرلەمان، و سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵوێستی دژی ئێوەبوو".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا، نەوشیروان مستەفا، وتوویەتی،"گرنگ نیە ھەڵوێستی لە سەر خودی من یا گۆڕان چیە و چۆنە، بەڵام مەکگۆرک پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان زۆر باشە، و مانەوەی ئەو بۆ ئەزموونی کانتۆنەکان، و ڕۆژئاوا سودی زۆر ئەبێ، بۆیە خۆزگە نە ئەگۆڕدرا".

ھۆشیار عەبدوڵا دەڵێت"ئەو گێڕانەوەیەی کاک سلێمان کە کوڕەکەی خۆی و کوڕەکانی کاک نەوشیروانیش لە مەجلیسەکە بوون، عەقڵانیەت، و دووربینی و نیشتیمانپەروەری و خۆشەویستی کاک نەوشیروان بۆ نەتەوەکەی دەرئەخا".

ھەروەھا نوسیویەتی"من خۆشم تا کۆچیی دوایی کاک نەوشیروان پێم وابو پەیوەندی نێوان کاک نەوشیروان و مەکگۆرک خراپە، کەچی لە پرسەنامەکەیدا مەکگۆرک نەوشیروان مستەفای بە سەرکردەیەکی ئەفسانەیی ناوبردبوو".

برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتى باراک ئۆباما،  سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بوو، بۆ شەڕی داعش، دوای دەست بەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، مەکگۆرک لە پۆستەکەی مایەوە، و وەک نوێنەری ترەمپ بەردەوام بوو.

نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان، بەیانی ١٩ی ئایاری رابردوو، لە سلێمانی بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP