ته‌یب؛ دوای‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ دایكی‌ شه‌هیدبوو

- 7/27/2017 8:20:00 PM 17262 جار خوێندراوەتەوە
لابردنی‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر وێنه‌ی‌ شه‌هید ته‌یب

خه‌ندان-

"دایكه‌ شه‌ڕێكی‌ سه‌خت هه‌یه‌ له‌به‌ره‌ی‌ لای‌ ئێمه‌، دوعای‌ خێرمان بۆ بكه‌"، ئه‌مه‌ دوایین گفتوگۆی‌ نێوان ته‌یب و دایكی‌ بوو، پێش ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبێكه‌وه‌ شه‌هید بێت.

ته‌یب رۆژی‌ 30 ئه‌یلولی‌ 2015، له‌شوێنی‌ جێگیربوونی‌ هێزه‌كه‌یان له‌ناو گوندی سه‌ید خه‌ڵه‌فی خوارووی كه‌ركوك، په‌یوه‌ندی‌ به‌دایكییه‌وه‌ كرد، له‌ناو ده‌نگی‌ ته‌قه‌یه‌كی‌ زۆری‌ شه‌ڕی‌ نێوان پێشمه‌رگه‌و داعشدا.

په‌خشان عه‌بدوڵا دایكی‌ ته‌یب به‌خه‌ندانی‌ وت "ئه‌و رۆژه‌ی‌ كه‌ ته‌یب-ی‌ تێدا شه‌هید بوو، نیوه‌ڕۆكه‌ی‌ به‌مۆبایل قسه‌مان كرد، وتی‌ دایكه‌ شه‌ڕێكی‌ سه‌خت هه‌یه‌ له‌به‌ره‌ی‌ لای‌ ئێمه‌، دوعای‌ خێرمان بۆ بكه‌".

وتیشی‌ "منیش پێموت كوڕم خوا ئاگای‌ لێت بێت، توخوا ئاگات له‌خۆت بێت، ئیتر خواحافیزیمان له‌یه‌ك كرد، ئه‌وه‌ دوا گفتوگۆمان بوو، زۆری‌ نه‌بردبوو دوای‌ ئه‌و قسانه‌ شه‌هیدببوو".

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ دڵی‌ خه‌به‌ری‌ دابێت، دایكی‌ ته‌یب دوای‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ هه‌ستی‌ ناخۆشی‌ له‌لا دروستبوو، زۆری‌ نه‌برد ته‌یب و هاوڕێیه‌كی‌ به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبێكه‌وه‌ شه‌هیدبوون.

"كه‌مێك پاش ئه‌و گفتوگۆیه‌مان هه‌ر له‌خۆمه‌وه‌ دڵم ته‌نگ بوو، زۆری‌ پێنه‌چوو كوڕێكی‌ خزممان ته‌له‌فۆنی‌ كرد‌و هه‌واڵی‌ ته‌یب-ی‌ پرسی‌ وتم گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ، بێ‌ ئاگابووم له‌وه‌ی‌ خزمان هه‌موویان زانیبوویان شه‌هیدبووه‌".

 له‌دوای‌ ئه‌وه‌ ته‌له‌فۆنێكی‌ زۆر بۆ دایكی‌ ته‌یب هات، ئیتر بۆی‌ ده‌ركه‌وت شتێك بووه‌، به‌ڵام هه‌موو كه‌سوكارو خزمه‌كانی‌ ده‌یانوت برینداربووه‌، "دواجار كه‌ له‌گه‌ڵ ته‌های‌ كوڕم قسه‌مكرد ده‌ستیكرد به‌گریان، تێگه‌یشتم كه‌ شه‌هیدبووه‌و بۆ شه‌و ته‌رمه‌كه‌یان هێنایه‌وه‌"، دایكی‌ شه‌هید به‌گریانه‌وه‌ وایوت. 

ته‌یب زۆر ئاگاداری‌ په‌خشانی‌ دایكی‌ بوو، به‌و پێیه‌ی‌ دایكی‌ نه‌خۆشی‌ شه‌كره‌و دڵ‌و فشاری‌ خوێنی‌ هه‌یه‌.
 
دوایین جار كه‌ په‌خشان، ته‌یبی‌ كوڕی‌ بینیوه‌، جه‌ژنی‌ قوربان بوو، رۆژێك به‌ر له‌وه‌ی‌ ته‌یب شه‌هید بێت، واته‌ یه‌ك رۆژ له‌دوای‌ جه‌ژنی‌ قوربانی‌ 2015.

شه‌هید ته‌یب كامل ره‌شید، له‌ساڵی‌ 1976 له‌گه‌ڕه‌كی‌ تووی‌ مه‌لیكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌دایكبووه‌. تا قۆناغی‌ ناوه‌ندی‌ خوێندووه‌. له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌وه‌ بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، دوا شوێنی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ به‌شی‌ ئالیاتی‌ لیوای‌ یه‌كی‌ پاراستنی‌ سلێمانی بوو. 

شه‌هید ته‌یب و هه‌ر سێ كچه‌كه‌ی‌

له‌ڕۆژی‌ 30/9/2015، ته‌یب له‌ناو گوندی سه‌ید خه‌ڵه‌فی خوارووی كه‌ركوك، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی تری به‌ناوی ژیلوان فایه‌ق به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك شه‌هیدبوون.

شه‌هید سێ‌ كچی‌ هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانی‌، شه‌نگه‌ له‌دایكبووی‌ (2005)، هێلین له‌دایكبووی‌ (2008)، هه‌ستی‌ له‌دایكبووی‌ (2012)، هه‌روه‌ها پێنج خوشك‌و دوو برای‌ هه‌یه‌‌و برا گه‌وره‌ی‌ خوشك‌و براكانی‌ بووه‌.

دایكی‌ شه‌هید باس له‌وه‌ده‌كات، تاچه‌ند مانگێك سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ كچه‌كانی‌ شه‌هید تۆزێك ئه‌سته‌م بووه‌ "به‌ڵام ئێستا باشترن‌و خه‌ریكه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ رادێن، ته‌یب هه‌رسێكیانی‌ زۆر خۆشده‌ویست، به‌تایبه‌تی‌ هێلین، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌ ده‌یبرده‌ده‌ره‌وه‌، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر كچه‌ بچووكه‌كه‌ی‌ كه‌ كاتی شه‌هیدبوونی‌ باوكی‌ زۆر منداڵ بوو، باسی‌ باوكی‌ ده‌كرد".

له‌و كاته‌وه‌ی ته‌یب شه‌هید بووه‌، رێبین و هاوڕێكانی به‌یانیان له‌و شوێنه‌ ئاگرناكه‌نه‌وه‌و نان ناخۆن، كه‌ پێش شه‌هیدبوونی پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌یبدا تێیدا نانیان ئاماده‌ ده‌كرد.

شه‌هید ته‌یب و شه‌هید ژیلوان

 

رێبین ئه‌حمه‌د هاوڕێ‌‌و هاوسه‌نگه‌ری شه‌هید ده‌ڵێت، ده‌وروبه‌ری سه‌عات سێی پاشنیوه‌ڕۆ بوو، چووبوو ئۆتۆمبێلێك چاك بكات، هه‌ردوو شه‌هید ژیلوان‌و ته‌یبیش پێكه‌وه‌ چووبوون ئۆتۆمبێلێكی تر چاك بكه‌نه‌وه‌.

له‌ناكاو له‌لایه‌ن هاوسه‌نگه‌رێكییه‌وه‌، رێبین له‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبێك به‌ژیلوان‌و ته‌یبدا ئاگادارده‌كرێته‌وه‌.

هه‌ر خێرا رێبین خۆی گه‌یانده‌ لایان "بینیم هه‌ردووكیان شه‌هیدبوون‌".

رێبین له‌باره‌ی شه‌هید ته‌یب-ه‌وه‌ ده‌ڵێت "شه‌هید ته‌یب كه‌سێكی زۆر باش‌و به‌كه‌ڵك و به‌دیسپلین بوو، كاره‌كه‌ی خۆی زۆر خۆشده‌ویست".

له‌ئێستادا منداڵه‌كانی‌ شه‌هید له‌گه‌ڵ ماڵی‌ باوكی‌ شه‌هید له‌گه‌ڕه‌كی‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د-ی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ژین، گۆڕی‌ شه‌هیدیش له‌گۆڕستانی‌ ده‌باشانی‌ هه‌مان شاره‌.

ته‌ها له‌دایكبووی‌ (1987) برای‌ شه‌هید، بۆ دواجار چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌شه‌هیدبوونی‌ ته‌یبی‌ بینیوه‌ "ئه‌و هه‌میشه‌ پێی‌ ده‌وتم مامه‌، چونكه‌ مناڵه‌كانی‌ وام پێده‌ڵین، ئه‌و كه‌سێكی‌ زۆر باش بوو، ئێمه‌ وه‌كو هاوڕێ‌ وابووین، قه‌ت هیچمان له‌یه‌ك نه‌ده‌شارده‌وه‌".

ته‌ها له‌دوكان بووه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌، سه‌رقاڵی‌ ئیشی‌ رۆژانه‌ی‌ بووه‌، كاتێك هه‌واڵی‌ شه‌هیدبوونی‌ برا گه‌وره‌كه‌یان داوه‌تێ‌ "دراوسێیه‌كی‌ كۆنمان كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌هید ته‌یب پێشمه‌رگه‌ بوو، هات بۆ دوكان بۆلامان كه‌پێشتر ته‌له‌فۆنی‌ بۆكردبووم، چوو بۆلای‌ یوسف-ی‌ برام‌و دیاربوو هه‌واڵه‌كه‌ی‌ پێدابوو".

"به‌ڵام كاتێك پێكه‌وه‌ له‌دوكانه‌وه‌ ده‌رچوون راستییه‌كه‌یان پێ نه‌وتم، پاش ماوه‌یه‌ك پێی وتم وه‌ره‌ ده‌چین بۆ كه‌ركوك ته‌یب برینداره‌، دواتر زانیمان شه‌هیدبووه‌" ته‌ها به‌گریانه‌وه‌ وایوت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP