عومەری سەید عەلی کێیە؟

- 7/25/2017 2:20:00 PM 27254 جار خوێندراوەتەوە
عومەری سەید عەلی


خەندان-

عومەری سەید عەلی (٧٢ ساڵ)، بەرێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ھەڵبژێردرا، دوای نزیکەی دوو مانگ لەکۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێکخەری پێشووی بزوتنەوەکە.

عومەری سەید عەلی، لە ساڵی ١٩٤٥ لە گەڕەکی شێخان لەسلێمانی لەدایکبووەو خانەی مامۆستایانی تەواو کردووە.

ساڵی ١٩٧٤ عومەری سەید عەلی بووەتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول تا نسکۆی شۆڕش بەردەوام بووە، ساڵی ١٩٧٥ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵە.

ساڵی ١٩٧٦ پاش ئاشکرابوونی رێکخستنەکەیان، عومەری سەید عەلی لەگەڵ شەش سەرکردەی کۆمەڵە دەچێتە ئێران و پاشان دەستگیر دەکرێن و رادەستی عێراق دەکرێنەوە.

دواتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە ١١/٧/١٩٧٦ شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ساڵی ١٩٧٩ بەر لێبوردنی گشتی کەوت و ئازاد کرا. 

دوای ئازادبوونی لەزیندان، عومەری سەید عەلی بە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەو سەرکردایەتی یەکێتی ھەڵبژێردرا.

عومەری سەید عەلی ساڵی ١٩٨٠ بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە لە بناری کێوەڕەش بریندار بووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی سوید کراوەو لەوێ سەرپەرشتی رێکخستنەکانی یەکێتی کردووە لە ئەوروپا.

لە ھەموو کۆنگرەکانی یەکێتیدا، عومەری سەید عەلی بەئەندامی سەرکردایەتی و پاشان مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردراوە. ھەروەھا ماوەیەک سەرۆکی شاندی یەکێتی بووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی بۆ پرۆسەی ئاشتی.

جگە لەکاری حزبی، عومەری سەید عەلی، ساڵی ١٩٩٢ بووەتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان. ماوەکیش بەرپرسی مەکتەبی دارایی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، ئەو حزبە بووە.

ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ نەوشیروان مستەفا،و قادری حاجی عەلی، و عوسمانی حاجی مەحمود،و محەمەد تۆفیق رەحیم، دەستی لە ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کێشایەوە،و بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ لەسەر لیستی گۆڕان خۆی کاندید کرد و دواتر کشایەوە.

عومەری سەید عەلی، پێش ئەوەی بەرێکخەری گشتی گۆڕان ھەڵبژێردرێت، سەرپەرشتیاری فراکسیۆنەکانی گۆڕان بووە.

ساڵی ٢٠١٦ و پێش کۆچی دوایی، نەوشیروان مستەفا کاتێک بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لەبەریتانیا بوو، لەرێگەی باڵیۆزخانەی عێراقەوە لەلەندەن بریکارنامەیەکی گشتی بۆ عومەری سەید عەلی کرد، بۆ ئەوەی کارە یاساییەکانی گۆڕان رابپەڕێنێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP