xendan ads

دیوی شاراوەی هاوسەرگیریی چەکدارانی داعش لە زاری ژنەکانیانەوە

- 7/18/2017 12:51:00 AM 20463 جار خوێندراوەتەوە
یەکێک لەو ژنانەی لە دەستی داعش هەڵهاتووە

خەندان- زانا عوسمان

لە گەرمای سوتێنەری بیابانی سوریادا، لە ناو بەندینخانەیەکی تایبەت بە هاوسەرەکانی چەکدارانی داعش؛ ئەو ژنانەی پاش "فریودانیان"، بەخواستی خۆیان و بە مەبەستی بونیادنانی ژیانێکی خۆش و جیاواز، هەر یەکەو بە خەونێک و بەڕێگایەک گەیشتونەتە شاری ڕەققەی ناوەندی دەسەڵاتی داعش لە سوریا. 

هەر یەکە لەو ژنانە ژیانێکی سەخت و ترسانکی پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕێیکردوە بەسەربردووە. ئێستە و لەم بیابانەدا ئەم ژنانە کە هەر یەکەیان سەر بە شوێنێکی جیاوازی ئەم دونیایەن، چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە. چیرۆکی ئەو ژیانانەی لە ژێر سایەی دەسەڵات و "ڕێسا توند و چێژپەرستەکانی داعشدا بەڕێوەچون". 

زۆربەی ژنەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە پارەیان داوە بە قاچاخچی بەمەبەستی دەربازبونیان لە دەستی چەکداری داعش تا گەیشتنیان بە دەرەوەی شاری ڕەققە، کە دواتر لەوێ چەکدارە کوردەکان گواستونیانەتەوە بۆ ئەم شوێنە. 

بێوەژنێکی فەڕەنسی بەجێماوی دوای چەکدارێکی داعش کە بە خەونی مەلەکردن لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستدا دێت و لە کۆتایدا توشی دەبێت بە توشی چەکدارانی داعشەوە، ژنێکی سوریی مامۆستای زمانی ئینگلیزییە کە لەڕێگەیدا بەرەو تورکیا دەکەوێتە داوی خۆشەویستی چەکدارێکی مەغریبیەوە و لەگەڵی دەچیتە ڕەققە. سێ خوشکی ئیندۆنیزی کە بە بەڵێنی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندنی بێ بەرامبەر بەرەو ڕەققە "هەڵدەخەڵەتێنرێن".

سەیدا، ژنێکی بەڕەچەڵەک خەڵکی مۆنپیلیەی باشوری فەڕەنسایە و یەکێکە لەو ژنانەی کە پاش نزیکبونەوەی هێزە هاوپەیمانەکانی دژی داعش لەڕەققە هەڵهاتووە. لەکاتی هەڵهاتنیشدا یاسین-ی هاوسەری گیان لەدەستدەدات و لەگەڵ منداڵەکەیدا تەنیا جێیاندەهێڵێت. سەیدا، بە لەچکێکی گوڵدارەوە و لە نزیک منداڵە 14 مانگەکەیەوە دانیشتبوو و بەم شێوەیە چیرۆکی خۆی گێڕایەوە " لەگەڵ گەیشتنمان بۆ شاری ڕەققە هەمومان لە شوێنێکی گەورەدا کۆکراینەوە و زانیاریمان لێوەردەگیرا وەک ناو، تەمەن، جۆری کەسایەتی و ئەو جۆرە پیاوەی حەزی پێدەکەن".

هەروەها دەڵێت "ئەوێ وەک بەرنامەکانی چات و دۆزینەوەی هاوڕێ وابوو، چونکە پیاوانیش هەمان زانیاریان لێوەردەگرا. بەم شێوەیە ژن و پیاوەکان یەکیان دەبینی و بۆ ماوەی 15 بۆ 20 خولەک لەگەڵ یەکدی دەدوان. پاشان ئەوەی دەمایەوە "بەڵێ" و "نەخێر"ێک بوو. ئەگەر وەڵامی هەردوو لا "بەڵێ" بوایە ئەوا زۆر بەخێرایی هاوسەرگیریەکەیان ئەنجامدەدرا."

پاش ڕزگاربوون لەو ژیانە سەیدا دەڵێت "من ژیانم خۆشدەوێت، کارکردنم خۆشدەوێت. پانتۆڵ و میکیاژەکەمم خۆشدەوێن. دایک و باوکم خۆشدەوێن. تاکە شتێک کە دەمەوێت گەڕانەوەیە. سواری ئوتومبێلێک ببم و بگەڕێمەوە." 

مەی، ژنێکی سوری مامۆستای زمانی ئینگلیزیەو دەڵێت کە ئەو بە شوێن خۆشەویستیەوە نەبووە کاتێک گەیشتۆتە ڕەققە و باسی ئەوە دەکات پاش کوژرانی هاوسەری یەکەمی لەسوریا لەلایەن قەناسەکانەوەم بڕیاردەدات بەرەو تورکیا بڕوات. لەوێ لە ماڵی هاوڕێیەکی لەگەڵ منداڵەکانیدا دەمێنێتەوە تا بیلال دەبینێت کە لە ماڵەکەی تەنیشتیاندا دەژی و وابیردەکاتەوە کە "خودا بیلالی بۆ ئەم ناردووە."

وەک زۆرێک لە ژنەکانی تر، مەی، وەک پیاوێکی باش و دژە شەڕ باسی هاوسەرەکەی دەکات بەڵام چیرۆکی زۆر ژنی تریشی بیستوە کە وەک ئەم بەختیان باش نەبووە.
"ژنە ئەوروپیەکان سەیری پیاوە ئەوروپیەکانی ناو داعشیان دەکرد و پێیانوابوو کە ئەوان بەهێزن و بە چەکەکانیان دەیانپارێزن، وەک فیلمەکان وابوو. زۆرێک لە ژنەکان زۆر دەترسان چونکە پاش سێ یان چوار ڕۆژ لە هاوسەرگیری لە هاوسەرەکانیان جیادەبونەوە. یەکێک لە ژنەکان بە لایەنی کەمەوە شەش جار هاوسەرگیریکرد و جیابوەوە تاوەک و دادوەری خەلافەتەکە بە سزای زیندانی یان قامچی لێدان ترساندی."

مەی تا ئێستەش بە شوێن شوێنەواری مێردەکەیدا دەگەڕێت کە پێدەچێت لە شوێنێکی نزیک شارۆچکەی کۆبانێ زیندانیکرابێ و دەڵێت کە نازانێت چی بکات ئەگەر نەیتوانی مێردەکەی بدۆزێتەوە. ئەو بە هەستێکی تاوانبارانەوە دەڵێت "من دەمەوێت کەسێک بمکوژێت. ناتوانم خۆم خۆم بکوژم، چونکە ئەوە خۆکوژیە و تاوانە."

لە خێمەیەکی زیندانەکەدا سێ خوشکی ئیندۆنیزی لێیە؛ ڕەحمە و فینا و نوور کە دەڵێن ئەوان بە هیچ شێوەیەک هاوسەرگیریان لەگەڵ چەکدارانی داعشدا نەکردوە. ئەم خوشکانە، کە پارەیەکی زۆریان داوە تا لەگەڵ خێزانەکەیاندا لە جاکارتاوە هاتوون بۆ ڕەققە، دەڵێن ئەوان زۆر بێهیوابوون کاتێک بۆیان دەرکەوتووە کە چەکدارانی داعش "موسوڵمانی ڕاستەقینە" نین وەک ئەوەی ئەمان ئاواتیان بۆ خواستووە.

ڕەحمە دەڵێت "ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە جیهاد لە پێناوی خودادا دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ئەوان دەیانەوێت تەنها ژن و سێکسە. کارێکی زۆر قێزەونە. من وام بیست کە هەر پیاوێک هاوسەرگیری لەگەڵ بێوەژنێکدا بکات 1000 دۆلاری پێدەدرێت. ئەوان بەیانیەکیان داوایان لە من کرد کە هاوسەرگیری بکەم، دەشیانویست بۆ شەو وەڵامیان بدەمەوە." 

نوور دەڵێت تەواو شۆک بووە کاتێک ژنەکانی بینیوە لە ژوری کۆبونەوەی ژنەکاندا لەگەڵ یەکدا بەشەڕهاتوون، "هەڵوسوکەوتی ژنەکان لە ناو ژورەکاندا زۆر جیاواز بوو، زۆر لە ئیسلامەوە دوور بوو. زۆر بەڕەقی دەجوڵانەوە، لە پاشملەی یەکدی قسەیان دەکرد، بەسەر یەکدا هاواریاندەکرد و لەگەڵ یەک بەشەردەهاتن. من ئەوانەم زۆر پێ سەیر بوو."

ئەو خوشکانە کە بانگەشەی ئەوەیاندەکرد بە مەبەستی بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەرامبەر بۆ چارەسەری شێرپەنجەکەی ڕەحمە هاتبوون بۆ ڕەققە، ئێستە بەپەرۆش بوون کە پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی ئیندۆنیزیاوە بکەن بەمەستی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.

تا ئێستا ئاسۆی داهاتوو و چارەنوسی ئەم ژنانە ڕوون نیە. لەگەڵ بەرەوپێشچونی بەردەوامی ‌هێزە هاوپەیمانەکانی دژی داعشیشدا لە ڕەققە، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری ژنان دەهێنرێنە شوێنەکە و لەگەڵ خۆیاندا چەندان چیرۆک دەهێنن کە زۆر شتی شاراوە لەسەر داعش ئاشکرا دەکەن.

 


نیشانەکردن :

#داعش

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP