xendan ads

نابینایانی کوردستان: گەر دۆخی نابینایان باش ناکرێت، هیچ نەبێت با وەک خۆی بمێنێتەوە

- 7/17/2017 10:10:00 PM 5118 جار خوێندراوەتەوە
مەراسیمی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نابینایانی کوردستان


خەندان- شەیدا رەئوف

یەکێتی نابینایانی کوردستان لە یادی 23 ساڵەی دامەزراندنیاندا پەیامێک ئاراستەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن و رایدەگەیەنن "گەر دۆخی نابینایان باشناکرێ، هیچ نەبێت با وەک خۆی بمێنێتەوە."

ئەمڕۆ یەکێتی نابینایان یادی 23 ساڵەی دامەزراندنی کردەوە و هاوبەش نوعمان ئەورەحمان سەرۆکی مەڵبەندی گشتی سلێمانی یەکێتیەکە بە خەندانی ڕاگەیاند "قەیرانی دارایی کاریگەری قووڵی لەسەر ژیانی نابینایان هەبووەو ئەمڕۆ لەبەردەم سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن داوای ئەوەمان لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد گەر دۆخی نابینایان باشناکرێ با هیچ نەبێ وەک خۆی بمێنێتەوە." 

یەکێتی نابینایانی کوردستان لە17ی تەموزی 1994 دامەزراوەو وەک سەرۆکی مەڵبەندی گشتی سلێمانی یەکێتیەکە دەڵێت "ئەم یەکێتیە بۆ خزمەتکردنە بە توێژی نابینایان و کۆکردنەوەیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکدا بە ئامانجی وشیاری و ڕۆشنبیری دەروونی و کۆمەڵایەتی نابینایان لە هەرێمی کوردستان." 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لە ئێستادا هەر نابینایەک مانگانە تەنها 90 هەزار دینار وەردەگرێت ، 60 هەزار لە مووچەی هەر نابینایەک بڕدراوە. دوای تێپەڕبوونی نیوەی زیاتری ساڵی 2017 تا ئێستا نابینایان هیچ مووچەیەکی ئەمساڵیان وەرنەگرتوەو ئەو چوار مووچەیەی پێاندراوە  پاشەکەوتی ساڵی ٢٠١٦ بووە."
 
تا ئێستا یەکێتی نابینایان بە دوو ئیدارە بەڕێوە دەبرێت و دوو مەڵبەندی گشتی لە هەولێر و سلێمانی هەیە، سەبارەت بە ئەگەری یەکگرتنەوەی هەردوو مەڵبەندەکە، هاوبەش نوعمان ئەورەحمان وتی"داخوازی نابینایان هەریەکەو ئێمە پێکەوە هەماهەنگین بۆ خزمەتی نابینایان، بەڵام لە ئێستادا ناکرێ یەکبگرینەوە چونکە لە ساڵی 2014 وە نەسریەمان بڕاوە و کاروباری یەکگرتنەوەمان کاری زۆری دەوێت." 

لە ئێستادا ژمارەی ئەندامانی یەکێتی نابینایان لە مەڵبەندی گشتی سلێمانی بە خەندانی وت لە سنوریی 1500 ئەندامدایە بەوتەی سەرۆکی مەڵبەندەکە ئەوان تەنها کار بۆ وشیاری و خزمەتی نابینایان دەکەین و "هیچ نابینایەک لای ئێمە مووچە وەرناگرێت." 

دەربارەی ژمارەی نابینایانی مووچەخۆر وتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد 5 هەزار نابینا ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی مووچە لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کردووە.
 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP