xendan ads

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا: بڕیاری ریفراندۆمی هەرێم بە یاسایی و بە کرداری جێبەجێ ناكرێت

- 7/17/2017 9:09:00 PM 7621 جار خوێندراوەتەوە
بڕیارە لە 25ی ئەیلولی ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت


خەندان- خۆشناو حسێن

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەی توركیا راگەیاند بریاری ریفراندۆمی ئیدارەی هەرێمی باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) بە "یاسایی و بە کرداری جێبەجێ ناكرێت".

ئەمڕۆ دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا بە ئامادەبونی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا کە ماوەی شەش کاتژمێری خایاند، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە بەشێکی تایبەت بوو بە پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان.

لە راگەیەندراوە نووسراوەکەدا لە بارەی بڕیاری ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنن "بڕیاری ریفراندۆمی ئیدارەی هەرێمی باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) بە یاسایی و بە کرداری جێبەجێ ناكرێت،" ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی حوریەتی تورکی.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە "ئەو بڕیارە هەڵەیەکی گەورەیە و ئەنجامەكانی خوازراو نابن و پاراستنی ئاشتی هەرێمیی و یەكگرتنەوەی سیاسی عێراق دەبێتە مایەی سەقامگیری و ئاشتی و ئاسایش و گەشەپێدان لە ناوچەكە".

رۆژی‌ حه‌وتی‌ حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵ، له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوان مه‌سعود بارزانی‌ و 15 لایه‌ندا له‌پیرمام بڕیاردرا رۆژی‌ 25 ی‌ ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ‌هه‌رێمی‌ كوردستان لە شارەکانی هەرێم و ناوچە جێ ناکۆکەکان ئه‌نجام بدرێت.

بڕیارەکە كاردانه‌وه‌ی‌ خێرای له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆو عێراق و وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ لێكه‌وته‌وه‌و زۆرینەی وڵاتە زلهێزەکان و وڵاتانی دراوسێی هەرێم ئەنجامدانی ریفراندۆمیان لەو کاتەدا رەت کردەوە. 

تورکیاش پێشتر لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەو سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمارەوە دژایەتی خۆیان بۆ بڕیاری ریفراندۆم و سەروەری خاکی عێڕاق دووپات کردوەتەوە.


نیشانەکردن :

#ریفراندۆم

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP