xendan ads

میسر پابه‌نده‌ به‌و لیستی‌ داواكارییانه‌ی‌ دراوه‌ به‌قه‌ته‌ڕ

- 7/17/2017 8:59:00 PM 2285 جار خوێندراوەتەوە
سامح شوكری‌


خه‌ندان- ئاسۆ شه‌یدا

به‌رپرسانی‌ میسر رایانگه‌یاند، پابه‌ندن به‌و لیستی‌ داواكارییانه‌ی‌ كه‌له‌گه‌ڵ سعودیه‌، ئیمارات و به‌حره‌ین، داویانه‌ به‌قه‌ته‌ر وه‌ك مه‌رجی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوانیان و هه‌ڵگرتنی‌ سزاكانی‌ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ی‌ كه‌نداو.

 ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ میسر له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی‌ و سامح شوكری‌ سه‌رۆك و وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ هات له‌گه‌ڵ شێخ سوباح خالد حه‌مه‌د ئه‌لسوباح، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كوه‌یت، كه‌ ئه‌مڕۆ سه‌ردانی‌ قاهیره‌-ی‌ كرد.

له‌مانگی‌ رابردوه‌وه‌ سعودیه‌، ئیمارات، میسرو به‌حره‌ین،  په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ڕ پچڕاندووه‌و تۆمه‌تباریانكردووه‌ به‌ كۆمه‌ككردنی‌ گروپه‌" تیرۆرستییه‌كان" و هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ ئێران، ته‌واوی‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش له‌لایه‌ن قه‌ته‌ڕ-ه‌وه‌ ره‌تكراونه‌ته‌وه‌.

هاوكات ئه‌و چوار وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌، لیستێكی‌ 13 داواكاریان راده‌ستی‌ قه‌ته‌ڕ كرد وه‌ك مه‌رجی‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوانیان، به‌ڵام ته‌واوی‌ ئەو داوایانه‌ له‌لایه‌ن  ده‌وحه‌-وه‌ ره‌تكرانه‌وه‌.

كوه‌ییت-یش كه‌ یه‌كێكی‌ تره‌ له‌وڵاتانی‌ كه‌نداو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌و قه‌یرانه‌وه‌ هه‌وڵی‌ نێوه‌ندگیری‌ ده‌دات، به‌ڵام تائێستا نه‌یتوانیوه‌ به‌ره‌وه‌ چاره‌سه‌ری‌ ببات.

وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ میسر له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌، شوكری‌ له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سوباح "پابه‌ندی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌لیستی‌ داواكاریه‌كانه‌وه‌ نیشانداوه‌، له‌به‌ر رۆشنایی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ قه‌ته‌ڕ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر په‌یڕه‌وه‌كانی‌ خۆیی‌ بێ گوێدانه‌ ئه‌ركه‌ راسته‌قینه‌كان كه‌ بریتین له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆرو توندڕه‌وی‌".

هاوكات سه‌رۆكایه‌تی‌ میسر له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌" سیسی‌ له‌كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ شێخ سوباح پێزانینی‌ خۆی‌ نیشانداوه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی‌ كوه‌یت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP