xendan ads

دادگای ئۆرفا پەرلەمانتارێكی هەدەپەی سزادا

- 7/17/2017 4:31:00 PM 2237 جار خوێندراوەتەوە
ئیبراهیم ئایهان

خەندان- خۆشناو حسێن

دادگای ئۆرفای توركیا، بڕیاریدا بە سزادانی ئیبراهیم ئایهان، پەرلەمانتاری هەدەپەی ئەو شارە، بۆ ماوەی یەك ساڵ و نیو.

بەپێی ئاژانسی دیجلە، ئیبراهیم ئایهان پەرلەمانتاری هەدەپە ئەمڕۆ دووشەممە، لە دانیشتنی دادگایكردنیدا لە دادگای ئۆرفا سزادراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پەرلەمانتارەكەی هەدەپە بە تۆمەتی پڕوپاگه‌ندە بۆ یەپەگە لە ساڵی 2015 دا، هەروەها ناردنی سەرەخۆشی بۆ شەڕڤانێكی یەپەگە، بەناوی عەزیز گولەر، بە غیابی دادگایكراوەو بۆ ماوەی یەك ساڵ و نیو سزا دراوە.

دوای‌ كۆتایی هاتنی‌ پڕۆسەی‌ ئاشتی‌، و دەستپێكردنەوەی‌ شەڕ لەنێوان پەكەكە، و توركیا لە هاوینی‌ ساڵی‌ 2015، توركیا دەستیكردەوە بە ئۆپەراسیۆنی‌ دەستگیركردنی‌ ئەو كەسانە لەسەر دۆسیەی‌ كەجەكە.

بەپێی دۆسیەی‌ كەجەكە لە لایەن دادگای ئەنقەرەوە لە نیسانی 2009 ئامادەكراوە "كەجەكە باڵی سیاسی پەكەكەیە لە توركیا و باكوری كوردستان و ئەو كەسانەی‌ كە بڕیار لە پەكەكە وەردەگرن و پروپاگەندە بۆ پەكەكە دەكەن، و بە زۆرەملێ  هاوكاری دارایی لە بازرگانان و سەرمایەدارانی توركیا بو پەكەكە كۆدەكەنەوە دەبێت دەستگیربكرێن".

دوای ئەو بڕیارەی دادگای توركیا، پارتی كومەڵگای دیموكرات (دەتەپە) داخرا و ناوەكەی گۆڕا بۆ پارتی ئاشتی و دیموكراتی، لە 15 تشرینی یەكەمی ساڵی 2012 هەدەپە دامەزرا كە لە پێنج حیزبی سوشیال چەپی پێكهاتووەو بەدەپەش یەكێك بوو لەو حیزبانە.


نیشانەکردن :

#هەدەپە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP