xendan ads

رێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی: لە ساڵێكدا 67 دۆسییەی گەندەڵی دراوەتە داواكاری گشتی

- 7/17/2017 3:48:00 PM 2431 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شەوكەت قادر

رێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی، بەهاوكاری دامەزراوەی نیشتیمانی بۆ دیموكراسی ئه‌مه‌ریكی‌ رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێكدا 67 دۆسییەی گەندەڵی-یان پێشكەش بە داواكاری گشتی و دەستەی دەستپاكی هەرێم كردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، رێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی بە هاوكاری دامەزراوەی نیشتیمانی بۆ دیموكراسی ئه‌مه‌ریكی‌، لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر راپۆرتێكی لە بارەی دۆسیەكانی گەندەڵیەوە لە هەرێم بڵاوكردەوەو پەیامنێری خەندان تێیدا ئامادەبوو.

ستۆپ، لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ماوەی ساڵێكدا 67 دۆسییەی گەندەڵی-یان پێشكەش بە داواكاری گشتی و دەستەی دەستپاكی هەرێم كردووە.

رونیشيكردووەتەوە، 23 دۆسیەیان لە بواری نەوت، و 21 دۆسیەی دیكەیان لە سێكتەری گشتی، و 17 دۆسیەی دیكەیان لە سێكتەری كشتوكاڵ و زەوی وزار دابووە، هەروەها شەش دۆسیەشیان لە سێكتەری تەندروستی دا بووە.

بەختیار عەلی حەمەئەمین، ئەندامی داواكاری گشتی هەرێم لە كۆنفرانسەكەدا رایگەیاند، بەشێوەیەكی گشتی سكاڵایان لەسەر گەندەڵی هەموو سێكتەرەكان بۆ هاتووە، لە كەرتەكانی نەوت و تەندروستی و وەبەرهێنان و كەرتەكانی تر، "كارمان لەسەركردوە و سكاڵامان لەسەر زۆربەی دۆسیەكان جوڵاندووە، هەندێك لە دۆسیەكانیش پێویستی بە بەدواداچوونی زیاترە بزانین دەگەین بەچ ئەنجامێك".

هاوكات فرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەی باڵاى چاكسازی حكومه ت،  لە بارەی هەنگاوەكانی چاكسازی لە هەرێم و بەشداربوونی كۆنفرانسەكە رایگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا كارو و ئەنجامی پڕۆسەی چاكسازی لە سێكتەرەكانی سەربازی و نەوت و زەوی و زار و تەندەر، فڕۆكەخانە و وەزرش و دەرمان و تەندروستی و كەمپی بەنابەران بە وردەكاری و داتا بڵاودەكەنەوە.

فرسەت سۆفی، ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆسەی چاكسازی و رووبەرووبونەوەی گەندەڵی باشتر و خێراتر و فراوانتر بێت، بەڵام بەهۆی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم پڕۆسە، چاكسازیەكان لە ئاست چاوەڕوانی خەڵك نیە، هۆكارەكەشی گەڕاندەوە بۆ كاریگەری دۆخی هەرێمی كوردستان و ململانێی نێوان پارتەسیاسیەكان و بەهێزی و یەكگرتويی ئەو كەسانەی بەرپرسن لە گەندەڵی لەنێوان خۆیاندا . 

هاوكات نەجیبە لەتیف، بڕیاردەری لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند، "گەندەڵی زۆر زیادی كردوە بەتایبەت دوای پەكخستنی پەرلەمان و نەبوونی چاودێری پەرلەمان بەسەر دام و دەزگاكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن".

ئاماژەی بەوەشكرد، "لیژنەی زۆر راگەیه ندراوە بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا هیچ دەرەنجامێكی ئەرێنی ئەو لیژنانە نابینین و نازانین ئەو چاكسازیيانە چیە كە ئەوان كردویانە" .



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP