xendan ads

سلێمانی؛ 900 گەنجینە دروستدەكرێت

- 7/17/2017 2:51:00 PM 10110 جار خوێندراوەتەوە
كۆبوونەوەی عومەر قەڵادزێی لەگەڵ لیژنەی خێراكردنی پرۆسەی گەشەپێدانی پیشەسازی و لابردنی ئاستەنگەكانی سلێمانی

خەندان-

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لیژنەی خێراكردنی گەشەپێدانی پیشەسازی لە سلێمانی، بڕیاریداوە بە دروستكردنی 900 گەنجینە، بۆ ئەو مەبەستەش رووبەری پێنج سەد و 22 دۆنم زەوی بۆ تەرخاندەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، عومەر قەڵادزێی لەبری پارێزگاری سلێمانی، لەگەڵ لیژنەی خێراكردنی پرۆسەی گەشەپێدانی پیشەسازی و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی پرۆژەی پیشەسازی لە سلێمانی كۆبووەوە.

لە راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە، عومەر قەڵادزێی لەبری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییەوە، پێشنیاركراوە، دوای كاری بڕین و دانانی ئاوو ئاوەڕۆ، زەوی دابەشبكرێت بەسەر بازرگانەكاندا، بۆ دروستكردنی گەنجینەكانیان. 

ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی راسپێردراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی تەندەرین بەپێی رێنمایی گرێبەستە گشتییەكان، بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی پڕۆژەكە. 

لەبارەی پڕۆژەكەوە، ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی رایگەیاند، هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان راسپێردراون په لەبكەن، كاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە خێرای بەرێوەبچێت.

گەنجینەكان دەكەونە ناو ماستەر پلانی شاری پیشەسازی 2020 لە باشوری شاری سلێمانی، لە نزیك گوندی ژاڵە و بەسێ‌ قۆناغ جێبەجێدەكرێت، رووبەری گەنجینەكانیش بەشێكیان 800 مەتر دووجایەو بەشەكانی تریش لە نێوان 600-400-200 مەتر دوجادان.

قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شاری گەنجینەكان لە ئایندەیەكی نزیكدا تەواودەكرێن، لە رێگەی ژووری بازرگانییەوە زەوی بدرێت بە بازرگان و كۆمپانیاكان بۆ دروستكردنی گەنجینەكان. 

وتیشی، "سلێمانی پێویستی بە گەنجینە هەیەو ژمارەیەكی زۆر لە بازرگان و كۆمپانیاكان داواكاريیان بۆ ئەو مەبەستە پێشكەشكردووە".

هاوكات سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی  سلێمانی، رایگەیاند، فۆڕمی تایبەت دراوە بە بازرگانەكان و بەدواداچوونیش دەكەن، بۆ ئەوەی بزانن "ئەو كەسانە فيعلەن بازرگانن و پێویستیان بە گەنجینە هەیە"، لیژنەی تایبەتیان هەیە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكەن.

ماوەی چەندین ساڵە زەوی نەدراوە بە بارزگانان بۆ دروستكردنی گەنجینە، بەوهۆیەشەوە  چەندین گەنجینە بەشێوەی نا رەسمی دروستكراون"، ئەوەش كێشەی بۆ شارەوانییەكان دروست كردووە.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی  سلێمانی رونیشیكردەوە، هەوڵدەدەن خزمەتگوزارییەكانی ناو پڕۆژەكە جێبەجێبكەن، دوای دابەشكردنی زەوییەكانیش دەبێت بەپێی دیزاینی دیاریكراو گەنجینەكان دروست بكەن، لە هەفتەی داهاتووەوە پڕۆژەكە دەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.

وتیشی، ژوری بازرگانی سلێمانی دەیەوێت، لە رێگەی ئەو گەنجینانەوە جگەلە زیادكردنی توانای ئاڵوگۆڕی شمەك، و بارزگانی لە شاری سلێمانی، هاوكات دەتوانرێت گەنجینەكان باشتر چاودێریی بكرێن و سەرپێچیيەكان كەمبكرێنەوە.


نیشانەکردن :

#سلێمانی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP