xendan ads

نرخی‌ نه‌وت به‌رزبووه‌وه‌

- 7/17/2017 10:25:00 AM 6300 جار خوێندراوەتەوە
نرخی گرێبه‌سته‌ ئاینده‌ییه‌كانی نه‌وتی خاوی برنت 18 سه‌نت به‌رزبوویه‌وه‌

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی 

ئه‌مڕۆ نرخی نه‌وت به‌رزبووه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی خاوبوونه‌وه‌ی لێدانی بیره‌ نه‌وتییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو زیاتربوونی خواست له‌چینه‌وه‌. 

به‌پێی ئاژانسی رۆیته‌رز، هه‌تا كاتژمێر 7:54 خوله‌كی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، نرخی گرێبه‌سته‌ ئاینده‌ییه‌كانی نه‌وتی خاوی برنت 18 سه‌نت به‌رزبوویه‌وه‌و هه‌ر به‌رمیلێكی له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا به‌ 49.10 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی فرۆشرا.

هه‌روه‌ها نرخی گرێبه‌سته‌ ئاینده‌ییه‌كانی نه‌وتی خاوی رۆژئاوای ته‌كساس، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و 16 سه‌نت به‌رزبوویه‌وه‌و نرخی هه‌ر به‌رمیلێكی گه‌یشته‌ 46.70 دۆلار.

شرۆڤه‌كاران ده‌ڵێن هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خواستێكی به‌هێز له‌ چینه‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك به‌وه‌ی لێدانی بیری نوێ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا خاوبووه‌ته‌وه‌ له‌چاو گه‌شه‌كردنی پێشوویدا. 

ماوەی هەفتەیە نرخی نەوت بەردەوام بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات و یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە چین له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 212 ملیۆن ته‌ن نه‌وتی خاو، یان 8.55 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی‌ له‌ رۆژێكدا، هاورده‌كردووه‌.

ئه‌وه‌ش به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌مان ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا، هاورده‌ی چین به‌ ئاستی له‌سه‌دا 13.8 به‌رزبووه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ش چین بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین وڵاتی هاورده‌كاری نه‌وتی خاو له‌جیهاندا.

 


نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP