xendan ads

ئه‌مڕۆ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ ده‌ستپێده‌كات

- 7/17/2017 8:18:00 AM 63461 جار خوێندراوەتەوە
ئه‌مڕۆ دەست بە دابەشکردنی‌ مووچەی‌ مانگی‌ (پێنج) ی‌ دیوان و لیواکانی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە دەکرێت

خه‌ندان- 

وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، له‌ئه‌مڕۆوه‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ پێنج ده‌ستپێده‌كات.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌، ئه‌مڕۆ دەست بە دابەشکردنی‌ مووچەی‌ مانگی‌ (پێنج) ی‌ دیوان و لیواکانی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە دەکرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم كه‌ به‌مه‌رجی‌ ناونه‌هێنانی‌ قسه‌ی‌ بۆ خه‌ندان كرد رایگه‌یاند، تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌، موچه‌ی‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌شده‌كرێت.

دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ پێنج له‌كاتێكدایه‌، فه‌رمانبه‌ران چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد پێشتر ئه‌و موچه‌یه‌یان به‌سه‌ردا دابه‌شبكرایه‌. به‌ڵام به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت هیچ هۆكارێكیان بۆ دواكه‌وتنی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ نه‌خستووه‌ته‌ڕوو.

له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2016 ه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كار به‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌ئامانجی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجی‌ و زیادكردنی‌ داهات.

به‌پێی سیسته‌مه‌كه‌ جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی‌ ئاسایش و به‌رگری‌ و فریاكه‌وتن، موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی‌ دیكه‌ به‌پێی رێژه‌ی‌ موچه‌كانیان به‌ڕێژه‌ی‌ جیاواز كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی فه‌رمانبه‌رانی‌ لێكه‌وته‌وه‌.

به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی هه‌رێم هۆكاری‌ په‌نابردنیان بۆ ئه‌و سیسته‌مه‌ بۆ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت گێڕایه‌وه‌ كه‌ ئه‌وكات گه‌یشتبووه‌ 25 دۆلار، به‌ڵام له‌ ئێستادا نرخی‌ نه‌وت بۆ نزیكه‌ی‌ دوو هێنده‌ی‌ ئه‌و نرخه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیسته‌می‌ موچه‌ هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی‌.

له‌چه‌ند مانگی‌ رابردووشدا چه‌ندین جار به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت باسیان له‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌دا كردووه‌، به‌ڵام تائێستا پێداچونه‌وه‌ی‌ پێدا نه‌كراوه‌.

هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر له‌ سێ ساڵه‌ له‌قه‌یرانی‌ داراییدایه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت و خه‌رجی‌ شه‌ڕی‌ داعش و هاتنی‌ ئاواره‌یه‌كی‌ زۆر ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.


نیشانەکردن :

#موچە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP