xendan ads

گۆڕان لەچاوەڕوانی رێکخەری نوێدا

- 7/16/2017 10:20:00 PM 8683 جار خوێندراوەتەوە
مەراسیمی ناشتنی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتیی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان

 

خەندان- پەرچەم قەرەداغی 

بزوتنەوەی گۆڕان لەھەوڵی دیاریکردنی رێکخەری گشتیدایە، دوای نزیکەی دوو مانگ لەکۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێکخەری پێشوو، بەوتەی سەرچاوەیەکی باڵا لە بزوتنەوەکە، هێشتا هەریەک لەعومەری سەید عەلی  و قادری حاجی عەلی "وەکو کاندید ناویان دێت و هێشتا بەفەرمی کاندیدەکان ڕانەگەیندراون".

لەدوای چلەی نەوشیروان مستەفاوە کە لەکۆتایی ئایاری رابردوو لەماڵەکەی خۆی لەسلێمانی کۆچی دواییکرد، پرسی شوێنگرتنەوەی نەوشیروان مستەفا لەناو گۆڕان و دەرەوەی ئەو بزوتنەوەیە بەچڕی تاوتوێدەکرێت.

گۆڕان کەساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە دامەزرێنرا، روبەڕووی یەکەم تاقیکردنەوەی سەخت بووەتەوە بۆ دیاریکردنی رێکخەری گشتی، لەناو ململانێی نەوەی گەنج و پیری بزوتنەوەکەدا کە خاوەنی ٢٤ کورسییە لەپەرلەمانی کوردستان.

شۆرش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆران بە خەندان-ی راگەیاند "یەکلاییکردنەوەی پۆستی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران پرسێکی ناوخۆییە، لەسەر دەستوری بزوتنەوەکە دیاریدەکرێت، ئەو کەسەش کە دەبێتە ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران کەسێک دەبێت کە خەڵک و بزوتنەوەکەش لێی رازیبن و شایستەی ئەو بەرپرسیاریەتیە بێت".

بەپێی دەستوری گۆڕان، لەکاتی چۆڵبونی شوێنی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەدا، لەسۆنگەی وازھێنانی یان ھەر ھۆیەکی ترەوە، بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی، یەکێک لەئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان یەکێک لەئەندامانی جڤاتی گشتی یان کەسایەتیەکی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی ھەردوو جڤات، بە دەنگدانی نھێنی و راستەوخۆ و بە زۆرایەتی رەھا ھەڵدەبژێردرێن.

ھەر بەپێی دەستورەکە، ئەگەر لە خولی یەکەمی ھەڵبژاردندا ھیچ کاندیدێک دەنگی پێویستی نەھێنابوو، بۆ جاری دووەم ھەڵبژاردن بۆ یەکەمین و دوەمین کەس، کە زۆرترین دەنگیان ھێناوە، دوبارە دەکرێتەوە، ئەوسا دەنگی زۆرایەتی سادە بەسە بۆ ھەڵبژاردنی.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لەبزوتنەوەی گۆڕان کە بەمەرجی ناونەھێنانی قسەی بۆ خەندان کرد رایگەیاند، "تا ئێستا هەریەک لە عومەری سەید عەلی و قادری حاجی عەلی دوو بەهێزترین کاندیدن بۆ ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران، هەرچەندە هەتا ئێستا بەفەرمی خۆکاندیدکردن ڕانەگەیەنراوە بەڵام بەلایەنی زۆرەوە یەک لەو دوانە دەبێتە رێکخەری نوێی بزوتنەوەی گۆڕان".

هەرچەندە سەرچاوەیەکی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆران کە داوایکرد وەک سەرچاوە ناوی بھێندرێت، بە خەندان-ی راگەیاند "لەئێستادا تەنھاعومەری سەید عەلی بە شایستەی ئەو شوێنە دەزانین و ئەو دەبێتە ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران". بەڵام هەندێکی ئەوە ڕەت دەکەنەوە ووەک سەرەتای پڕوپاگەندەی کاندیدەکان لەبەرامبەر یەکتری سەیری دەکەن و دەڵێن "هێشتا خۆکاندید کردن بەفەڕمی ڕانەگەیەنراوە هەتا یەکێک لەکاندیدەکان دەست لەخۆ کاندیدکردن بکێشێتەوە".

عەبدوڵای کوێخای موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران، دەڵێت، دروستبوونی خانەی راپەراندن، تا ئێستا یەکلانەکراوەتەوە کە لە" ٧ کەس پێکدێت یان ٩کەس "ئەم بڕیارە لای جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆرانە و بەم نزیکانە کۆبونەوە ئەنجامدەدرێت و بریاری یەکلایکەرەوە دەدرێت"

بەوتەی ئەو، تائێستا کەس بەفەرمی کاندید بوونی خۆی رانەگەیاندووە، " چونکە ھاورێیانی نەوشیروان مستەفا دەڵێن، ئێمە ناتوانین بچینە شوێنی ئەو". 

کوێخا موبارەک وتیشی ئەوان دەڵێن"کەسیان خۆیان بە شایستەی ئەو شوێنە نازانن لە دوای کۆچی دوایی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران بەڵام، لەم مانگەدا ئەو بابەتە یەکلایی دەکەینەوە "

رەزا جەبار ئەندامی ژوری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند "رێکخەری نوێی بزوتنەوەی گۆران لە ناو جڤاتی گشتی ھەڵبژاردنی بۆ دەکرێت، بە پێی دەستورەکە یەکلایی دەکرێتەوە".

وتیشی "تا ئێستا بە ڕوونی دیارینەکراوە چەند کەس خۆیان کاندید دەکەن، بێگومان ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانن، ئاشکرانەکردنی ناوەکانیش تەنھا لەبەرئەوەیە کە خەڵک دەنگ نادات، بەڵکو ئەمە پرۆسەکە ناوخۆییە بۆیە ناو ئاشکرا نەکراوە".

لەگەڵ ھەڵبژاردنی رێکخەری گشتیدا، بزوتنەوەی گۆڕان ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش ھەڵدەبژێردرێت، کە ھاوشێوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکانەو بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی رۆژی 25ی تەموز کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دروستبوونی لیستی گۆڕان ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت.

رەزا جەبار دەڵێت "بەمنزیکانە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی رێکدەخرێت و بە پێی دەستورەکە ھەڵبژاردن بۆ ڕێکخەری بزوتنەوەکە و خانەی ھەڵبژاردن لە یەک رۆژدا دەکرێت و بەم نزیکانەش ئامادەکاری بۆ دەکرێت". 

ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان بەپێی دەستوری بزوتنەوەکە، لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی دا، بە دەنگدانی نھێنی و راستەوخۆ و بە زۆرینەی سادە پەسەند دەکرێن و رێکخەری گشتیش یەکێک دەبێت لەئەندامانی خانەکەو کاروبارەکانی بزوتنەوەکە بەڕێوەدەبەن.

سەبارەت بە ھەڵوێستی گەنجەکانی بزوتنەوەی گۆران، رەزا جەبار ئاماژەی بەوەکرد، کەس ناتوانێ بە یەک وشە لەدەستورەکە لابدات، "ئەم دەستورە نیشانی نەداوە گەنج کێیەو پیر کێیە، چونکە نەوشیروان مستەفا تەمەنی ٧٣ ساڵ بووە بەڵام لەگەنجێک بە ئەزمونترو بیر فراوانتر بووە".

 


نیشانەکردن :

#گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP