xendan ads

محه‌مه‌د هاودیانی‌: ئه‌و پرسیاره‌ی‌ له‌ بارزانی‌ كرا، له‌من بكرایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ وه‌ڵامم ده‌دایه‌وه‌

- 7/16/2017 1:15:00 PM 62566 جار خوێندراوەتەوە
محه‌مه‌د هاودیانی‌

خه‌ندان-

محه‌مه‌د هاودیانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌و شانده‌ی‌ هه‌رێم كه‌ بۆ باسكردنی‌ ریفراندۆم سه‌ردانی‌ ئه‌وروپایان كرد رایگه‌یاند، ئه‌و پرسیاره‌ی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا له‌باره‌ی‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ له‌بارزانی‌ كرا، له‌ ئه‌و بكرایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ وه‌ڵامی‌ ده‌دایه‌وه‌.

هاودیانی‌ كه‌ نوێنه‌ری‌ یه‌كگرتوو بوو له‌شانده‌كه‌ له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ خه‌ندان، باسی‌ سه‌ردانی‌ وه‌فده‌كه‌و دیداره‌كانیان ده‌كات له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، په‌له‌مانتارانی‌ په‌رله‌مانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا هاوسۆزی‌ زۆریان هه‌بوو له‌گه‌ڵ گه‌لی‌ كورد، "پێیان وتین كه‌ ئه‌وان پاڵپشتی‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانیان قسه‌ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی‌ دیكه‌شیان وه‌كو نوێنه‌ری‌ سكۆتله‌ندو پۆڵه‌ندا وتیان حكومه‌ته‌كانی‌ ئێمه‌ پاڵشتی‌ كورد ده‌كات".

لەچەند رۆژی‌ رابردوودا شاندی‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ریفراندۆم بەسەرۆكایەتی‌ مەسعود بارزانی‌ گەیشتنە برۆكسلی‌ پایتەختی‌ بەلجیكاو چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا.

ئەندامانی‌ شاندەكە پێكهاتبوون لەمەسعود بارزانی‌، فوئاد حسێن، هۆشیار زێباری‌، نەجمەدین كەریم، محەمەد هاودیانی‌، لەگەڵ نوێنەری‌ پێكهاتەكان.

خه‌ندان: شانده‌كه‌ به‌چ ئه‌نجامێكه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌؟
محه‌مه‌د هاودیانی‌: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ موئه‌سه‌سانی‌ ته‌نفیزی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ به‌لجیكا كۆبووینه‌وه‌، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ فلانده‌رز، ئاماده‌یی ته‌واویان هه‌بوو بۆ كێشه‌ی‌ ره‌وای‌ گه‌لی‌ كوردو پشتیوانیكردنی‌، ئه‌وان له‌روانگه‌ی‌ هاوسۆزیان بۆ گه‌لی‌ كورده‌وه‌ سه‌یری‌ كێشه‌كان ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ گه‌لی‌ كورد مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ببێته‌ به‌ده‌وڵه‌ت و به‌شێك بێت له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، ئه‌وان به‌راشكاوی‌ پێیان وتین كه‌ له‌هه‌موو بارێكدا پاڵپشتی‌ ئێوه‌ ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ ده‌بین.

به‌نسیبه‌ت موئاسه‌ساتی‌ تر، وه‌كو په‌رله‌مانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا هاوسۆزی‌ زۆریان هه‌بوو له‌گه‌ڵ گه‌لی‌ كوردو كوردستان زۆر خۆشده‌ویست، پێیان وتین كه‌ ئه‌وان پاڵپشتی‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانیان قسه‌ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی‌ دیكه‌شیان وه‌كو نوێنه‌ری‌ سكۆتله‌ندو پۆڵه‌نداو پرتوگال وتیان حكومه‌تی‌ ئێمه‌ پاڵشتی‌ كورد ده‌كات، ئه‌وان هاوسۆزن له‌گه‌ڵمان و پشتیوانی‌ داخوازییه‌كانمان ده‌كه‌ن، مادام به‌ پڕۆسه‌یه‌كی‌ یاسایی و نێوده‌وڵه‌تیدا تێده‌په‌ڕێت و پڕۆسه‌یه‌كه‌ گه‌لی‌ كورد بڕیاری‌ له‌سه‌رده‌دات، ئه‌وان وتیان مادام پڕۆسه‌كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ یاساو پره‌نسپه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بێت ناتوانن دژی‌ بوه‌ستنه‌وه‌.

خه‌ندان: ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ گۆڕینی‌ بۆچوونی‌ ئه‌وروپا بوو له‌باره‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌؟
محه‌مه‌د هاودیانی‌: ئامانجه‌كه‌ی‌ بۆ پاڵپشتیكردنی‌ گه‌لی‌ كوردو ریفراندۆم بوو، ئێمه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردن.

خه‌ندان: جگه‌ له‌و سه‌ردانه‌ ئاشكرایانه‌ی‌ وه‌فده‌كه‌، هیچ سه‌ردانێكی‌ ترتان ئه‌نجامدا؟
محه‌مه‌د هاودیانی‌: ئه‌وه‌نده‌ی‌ من له‌گه‌ڵیانم بووم هه‌ر ئه‌و سه‌ردانانه‌ بوو، ئێمه‌ له‌وێ كۆتاییمان پێهێناو هه‌ركه‌سێ بۆ شوێنی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ رۆیشت و منیش گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

خه‌ندان: به‌و سه‌ردانانه‌تان ده‌توانن بۆچونی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌باره‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ بگۆڕن، كه‌ به‌شێكی‌ زۆریان رایانگه‌یاندووه‌ له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ نین؟
محه‌مه‌د هاودیانی‌: دۆخی‌ هه‌ر وڵاتێك جیاوازه‌، به‌ڵام له‌كۆی‌ گشتی‌ و له‌نه‌تیجه‌دا ئه‌وان سه‌یری‌ ئیراده‌ی‌ گه‌لان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ وڵاتانی‌ وا هه‌ن كه‌ رازی‌ نه‌بن، وه‌كو وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌رمان، له‌وانه‌یه‌ هیتر پێی وابێت كه‌ زوو بێت وه‌كو ئه‌مه‌ریكا، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌یه‌ له‌عێراق، به‌ڵام وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كان باسیان له‌ته‌وقیت و شتی‌ وا نه‌بووه‌و ته‌نها وتویانه‌ كه‌ پڕۆسه‌یه‌ك به‌پره‌نسیپه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بڕوات، ئێمه‌ ناتوانین دژی‌ بوه‌ستینه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ چه‌ندین پڕۆتۆكۆڵ و رێككه‌وتنی‌ نێوده‌وڵه‌تیمان له‌باره‌ی‌ مافی‌ گه‌لان و مافه‌كانی‌ مرۆڤه‌وه‌ واژۆكردووه‌، به‌و رێككارانه‌ش بڕوات ئێمه‌ پشتگیری ده‌كه‌ین.

خه‌ندان: پرسیار له‌سه‌ر شه‌رعی‌ بوونی‌ شانده‌كه‌ دروستبووه‌، به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان تێیدا به‌شدارنه‌بوون، ئایا شانده‌كه‌ی‌ ئێوه‌ شه‌رعیه‌تی‌ هه‌بوو؟
محه‌مه‌د هاودیانی‌: ئێمه‌ سه‌ردانه‌كه‌مان ئه‌نجامداو پێشوازیشمان لێكرا، هه‌ر كه‌س له‌روانگه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ سه‌یری‌ شته‌كان ده‌كات، من زۆرم پێخۆش بوو سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌شداربن، ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ تر كه‌سیان له‌دژی‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كورد نین، به‌ڵام كێشه‌ ناوخۆییه‌كان وایكردووه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردن.

خه‌ندان: له‌سه‌ردانه‌كه‌تاندا بۆ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، پرسی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ هه‌رێم وروژێنراو بارزانیش وه‌ڵامیدایه‌وه‌، ئه‌مه‌ چۆن روویدا؟
محه‌مه‌د هاودیانی‌: ته‌نها یه‌ك كه‌س ئه‌و پرسیاره‌ی‌ كرد، ئه‌وانه‌ی‌ دیكه‌ مه‌وقیفیان زۆر ئیجابی‌ بوو، هه‌رچه‌نده‌ پرسیاره‌كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ كاك مه‌سعود كرا، پرسیاره‌كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ من بكرایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ وه‌ڵامم ده‌دایه‌وه‌، چونكه‌ ناكرێت ئێمه‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان ببه‌ینه‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵكو ده‌بێت به‌پێی یاساو پره‌نیسپه‌ دیموكراسییه‌كان و گفتوگۆو لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێن.

خه‌ندان: تۆ نوێنه‌رایه‌تی‌ یه‌كگرتووت ده‌كرد له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، تێبینیت هه‌بوو له‌سه‌ر قسه‌كانی‌ بارزانی‌؟
محه‌مه‌د هاودیانی‌: من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌ له‌من بكرایه‌ به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ڵامم نه‌ده‌دایه‌وه‌. ئه‌و مافی‌ خۆیه‌تی‌ به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌.

خه‌ندان: ئه‌ی‌ چۆن وه‌ڵامت ده‌دایه‌وه‌؟
محه‌مه‌د هاودیانی‌: من به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ڵامم ده‌دایه‌وه‌ كه‌ به‌ڵێ كێشه‌ی‌ ناوخۆییمان هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ یاساو پره‌نسیپه‌ دیموكراسییه‌كان ئه‌م كێشانه‌ له‌داهاتوودا چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، ئێستاش هاتوین باسی‌ داخوازییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد بكه‌ین.


نیشانەکردن :

#ریفراندۆم

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP